رۆژنامەی ھەولێر

کوردبوون؛ ناسنامەیەک لە خوێن و شکۆیەک لە مێژوو!

میدیا سەڵاح عوسمان جاف
کوردبوون تەنیا وشەیەک نییە، بەڵکوو میدالیایەکی پڕ شانازییە بۆ سەرجەم ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە؛ چونکە نەتەوەی کورد میراتگری مێژوویەکی پڕ سەروەری و خاوەنی خاک و زمان و کولتوورێکی دێرینە.
ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە، دەبینین ئەم میللەتە هەمیشە قوربانیی پیلان و ستەم بووە. مێژوو شاهیدە کە چۆن زلهێزەکان کورد‌یان کردووەتە سووتەمەنیی بەرژەوەندییەکانیان؛ نموونەی زیندوو ئەوەیە کاتێک یەکێتیی سۆڤیەت لەژێر دروشمی یارمەتیدانی گەلاندا، بەپێی پەیماننامەی (برێست لیتۆڤسک – ١٩١٨) پشتی لە کورد کرد و بەشێکی خاکی کوردستانی کردە قوربانیی بەرژەوەندیی خۆی.
کوردستان هەرچەندە وەک جوگرافیا و کولتوور یەک پارچەی دانەبڕاو بووە، بەڵام لە زۆرینەی قۆناغە مێژووییەکاندا سنوورە دەستکردەکان جەستەی ئەم نیشتمانەیان دابەش کردووە. ئەم دابەشکارییە کاریگەریی قووڵی لەسەر دواکەوتنی پرۆسەی سەربەخۆیی و یەکخستنی ماڵی کورد هەبووە. بەڵام جێگای ئومێدە کە لە هەر تەنگانە و دۆخێکی نەخوازراودا، ڕۆحی نەتەوەیی زاڵ دەبێت و کوردان بۆ یەکتر دەبنە پشتوپەنا، چونکە نەیاران هەرگیز چاویان بە یەکگرتوویی و یەکپارچەییی خاکی کوردستان هەڵنایەت.

تاکی کورد تاکە مرۆڤە کە هەمیشە پاساوی شانازیكردنی بە نەتەوەکەیەوە هەیە و بەردەوام داکۆکیکارە لە مافە ڕەواکانی. شانازی بە ڕەچەڵەک و ئاڵا و زمانی دایکییەوە دەکات و هیچ هێزێک ناتوانێت ئینکاری لە بوونی بکات؛ چونکە ئەوەی لە ناخی هەمووماندا ڕیشەی داکوتاوە، خۆشەویستییەکی بێ مەرجە بۆ کوردایەتی.

لاپەڕەکانی مێژووی کوردستان بە خوێن نووسراونەتەوە؛ لە (ئەنفال و کیمیابارانەوە تا زیندەبەچاڵکردن)، کورد ڕووبەڕووی دڕندەترین تاوان بووەتەوە، بەڵام هیچ کام لەم کارەساتانە نەیانتوانی ئیرادەی ئەم گەلە بشکێنن یان لەناوی ببەن. کورد زۆرجار باجی سەربەرزی و ناسنامەکەی داوە، بێ ئەوەی تاوانێکی هەبێت جگە لەوەی داوای مافی خۆی دەکات.
هەربۆیە، ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزییە. پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ناکۆکییەکان وەلا بنێن و بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە. تەنیا بەم ڕێگەیە دەتوانین ڕێگری لەوە بکەین کە عەرەب، تورک، یان فارس یاری بە چارەنووسی گەلەکەمانەوە بکەن. با مێژوو پێمان بڵێت: هێزی کورد تەنیا لە یەکێتییەکەیدایە، و پەرشوبڵاوی تەنیا لە خزمەتی دوژمنانی کورددایە.