عومەر چنگیانی
لەبەشی یەكەمی ئەم نووسینەدا دوو ئایتەکەی ١٦ و ١٧مان كەمێك لێك دایەوە و گوتمان: (سلێمان بووە میراتگری داود و بە خەڵكەكەی گوت: مەردمەکە! ئاگادار بن من فێری دەنگ و زمان و جۆری بیركردنەوەی پەلەوەر كراوم لە هەرشتەی گەردووندا بەشم دراوە، كە بە راستی ئەوە میهرەبانی و فەزڵێكی بەرچاوە * ئەوجا هەموو سەربازەكانی سلێمان كۆ كرانەوە بۆی، چ جنۆكە و چ مرۆڤەكان و پەلەوەریش كە هەرهەمویان ڕیكوپێك دەكرێن و پاش و پێشیان نەدەكرد و یاسایان پیادە دەكرد.)
وەك دەبینین باسكردنی قورئان لەم دەسەڵاتە سنووربەرینەی كەسایەتیەك كە مرۆڤە و تا ئەو ئەندازەیە بەتوانایە تەنانەت پەلەوەر و ئاژەڵ نا، بگرە لە جیهانە نادیارەكەی لە ئێمە شاراوەی (جن)یش بۆی ملكەچن!، كە هەر خودی ئەم دەسەڵاتبەخشینە بە مرۆڤێك بگاتە ئەوەی كە تەنانەت جیهانێكی ئاورینی نادیاری وەك جنۆكەیشی بۆ ملكەچ بێت، دەرگای بابەتێكمان لەسەر واڵا دەكات، كە هەزاران پرسیار بەشوێن خۆیدا دەهێنێت و ڕابردووی مرۆڤ دەخاتە ژێر پرسیارەوە، نەخاسمە كە ئێمە سەدان شوێنەواری وەك ئەهرامەكانی جیزەی پاڵ قاهیرەی پایتەختی میسر دەبینین، كە لەو بەردە زەبەلاحانە دروست كراون هەریەكەیان هەزاران كیلۆیە چ جای ئەو نهێنیە یەك لە دوای یەكانەی ڕۆژانە شتی نوێ دەبیسین كە دركی پێ دەكرێت، ئیدی سلێمان سوپای بەڕێ خست و ڕێیان لێ گرتە بەر تا گەیشتنە ناوچەی مێروستان یان شار و دۆڵی مێرۆلە و لە دوو ئایەتەکەی 18 و 19دا دەفەرمێت:
(تا هاتنە سەر شیوەڵی مێروو، لەوێدا وەزیری ڕاگەیاندنی ئەو جیهانە كە مێروویەكی توخم مێ بووو، جاڕی لێ هەڵدا و گوتی: مێروویەلینە بڕۆنە نێو خانوەكانتان، تا سلێمان و سەربازەكانیان تێكتان نەشكێنن بەبێ ئاگایی * لەكاردانەوەی ئەم بێ ڕێزییەی مێروخانی وەزیری ڕاگەیاندا، سلێمان كەسێكی هەڵچووی بێ بەرنامە نییە، بەڵكو زەردەخەنە گرتی و كەوتە نزا لەبەردەم پەروەرێنی دا و گوتی: ئەی پەروەرێن: هیز و هزرو توانای سوپاس گوزاری خۆتم پێ ببەخشە، تا سوپاسگوزاری لەسەر ئەو هەمو ناز و نیعمەتە بكەم كە لەئێستادا بە من و پێشتریش بە دایكوباوكمت بەخشیبوو، هیزی وام پی ببەخشە كە كاری چاكی وا ئەنجام بدەم تۆ پێی ڕازی بیت، بمخەرە نێومیهرەبانی خۆت و لە بەندە و چاكەكانت بمژمێرە.)
چەند هەڵوەستەیەك بەدیار ئەو چوار ئایەتەوە:
یەكەم: وردەكاریی مێرووە دەم بەهاوارەكەی من ناوم لێنا وەزیری ڕاگەیاندن .
كە بینیمان چۆن بە وردەكارییەوە، ڕێنمایی هاوەڵەكانی دەكا و نایشڵێت بڕۆنە نێو كونەكەتانەوە! بەڵكو دەڵێ بڕۆنە ماڵەكانتان! كە زانایانی شارەزا لەو بارەوە، بەوردی باسی ئەوەیان ڕوون كردۆتەوە كە بۆچی پێی دەگوترێت خانوو نەك كون، چونكە یاسای بیناسازیی تیایدا جێبەجێ دەبێت نەك تەنها خۆشاردنەوە.
دووەم: لەلایەكی دیكەوە ناڵێ وریا بن پێشێلتان نەكەن، بەڵكو دەڵێ: نەتانشكێنن و وردوخاشتان نەكەن، كە ئەوەی لەو بابەتە دەكۆڵێتەوە، دەزانێ پێكهاتەی جەستەی مێروو وەك شوشە و فەخفورییە، نەك بتلیقێتەوە یان پان ببێتەوە، بەڵكو ورد و خاش دەبێت.
سێیەم: هەست بە بەرپرسیارەتیكردنە بێسنوورەكەی سلێمان و لەخۆبایینەبوون لەكاتێكدا كە گوێبیستی ئەو پێناسەیەی مێرووەكە دەبێت لەبارەی خۆی و سوپاكەیەوە و لەكەداركردنیان بەوەی كە هەست ناكەن، بە دوو مانا واتە بێهەستن و بە ئازاری ئێوە نازانن، یاخود ئەو شتە لەژێر پێیاندا ئەگەر ڕوو بدات لەبەر ئەوە چاویان لێتان نییە و ئێوە وردترن لەوەی ئەوان بتان بینن كە ئەم وردەكاریی پێناسەیەی مێرووەكە دەمانباتە ئەوجیهانەی كە هەموو دروستكراوەكان وەك ئێمە جیهانی سەربەخۆی خۆیان هەیە…
ماویەتی…

