رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
سەروەت و حیکمەت
ئیفلاتوون دەڵێت: (خەڵک هیچ لەبارەی خۆشەویستیی ڕاستەقینەوە نازانن، ئەگەر بیانزانیبا گەلێک پەرستگەیان بۆ ڕۆ دەنا و زۆر پەیکەریان بۆ چێ دەکرد و بەردەوام قوربانییان پێشکەش دەکرد.) ئینسان چونکە لە ئەنجامی خۆشەویستییەوە، وەچە دەخاتەوە، بۆیە نەمری، زادەی خۆشەویستییە و هەر لەو سۆنگەیەشەوە ئیفلاتوون پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە هیچ خوداوەندێک هێندەی ئێرۆسی خوداوەندی خۆشەویستیی، ئینسانی خۆش نەویستووە.

وەک چۆن مێ، بە زەبری خۆشەویستی، وەک جەستە دووگیان دەبێت، هەر بە زەبری خۆشەویستی دەشێت ئینسان وەک ڕۆحیش دووگیان ببێت، دووگیانبوونی ڕۆحی، چاکەکردن و داهێنانی لێ دەکەوێتەوە. ئینسانێکی ئاسایی لە ڕێی خستنەوەی وەچەوە، نەمریی مسۆگەر دەکات، بەڵام کەسێکی وەک هۆمیرۆس، بە هۆی داهێنانەوە، کە زادەی دووگیانبوونی ڕۆحییە، بە لوتکەی شکۆ و نەمریی گەییشتووە و هەمیشە لە یادماندا زیندووە.

با لە بواری نووسین یان گوتندا بلیمەتیش بین، هێشتا هەر ناتوانین لە ڕێی وشەوە، خۆشەویستی بەرجەستە بکەین، ئاخر خۆشەویستی لە ڕێی کردەوەوە خۆی نمایش دەکات، تەنانەت خۆشویستنی خودایش، هیچ نییە، غەیری ئەوەی بە کردەوە یەکتریمان خۆش بوێت. ئەوە خۆشەویستی نییە کە ئینسان شێت دەکات، ئاخر بە درێژایی مێژوو، هیچ مەزنێک، هیچ کەسێکی خاوەن ئاوەزی گەورە، بە زەبری خۆشەویستی شێت و هار نەبووە، ئەوانەی بە زەبری ئەڤین، عەقڵ لە دەست دەدەن و ڕوو لە هەرد و کێو دەکەن، کەسانی گچکەن، نەك مەزن.

ئینسان ئەگەر زۆر بە خۆیشی سەرسام بێت، زۆر شانازیش بە خۆیەوە بکات، هێشتا خۆی لە جێگەیەکی هێجگار هێندە بەرزدا نابینێت کە جێی باوەڕ نەبێت، بەڵام عاشقان هەمیشە خۆشەویستەکانیان لە شوێنێکی هێندە بڵنددا دەبینن کە لەسەروو خەیاڵیشەوە بێت. ئەمە ئەو لایەنە لاوازەی عاشقە، کە زۆر جار بێجگە لە خۆی، هەموو کەس هەستی پێ دەکات. ئەوی زیاد لە پێویست، گیرۆدەی هەستی خۆشەویستی ببێت و زێدەڕۆیی لە بەرز نرخاندنی خۆشەویستەکەیدا بکات، ڕەنگە نەک هەر، چی(سەروەت)ی هەیە، بە فیڕۆ بڕوات، بەڵکوو دەشێت، چی (حیکمەت)یش شک دەبات لە دەستی بدات.

خۆشەویستی چونکە هەر دەڵێیت لە دایکێک کەوتووەتەوە کە ناوی نامەعقوولە، ئەوە بۆیە ئەگەر لێ بگەڕێین بە تەواوی ژیانمان داگیر بکات، ڕەنگە ئیدی لە تواناماندا نەبێت، بەرانبەر هیچ ئامانجێکی باڵای دیکە، بەوەفا بین. فرانسیس بیکۆن دەڵێت: (ئەڤینی نێوان ژن و مێرد، درێژە بە مانەوەی توخمی ئینسان دەدات، ئەڤینێک کە لە هاوڕێیەتییەوە هەڵبقوڵێت، ژیان دەوڵەمەند دەکات، بەڵام ئەڤینی نێوان بەدئاکاران، ئینسانگەل دەشێوێنێت و ڕیسوایان دەکات.)

زۆر جار ئەوانەی وەدووی ئارەزوو دەکەون، ئەگەر عەقڵیش شک ببەن، ڕەنگە لە دەستی بدەن، بەڵام هەندێک جار، دەشێت ئەو وەدووی ئارەزوو کەوتنە، ئینسان لە گێلەوە بکات بە عاقڵ. زۆر دەستکەوتی گەورەی مێژوویی کە وەک بەرهەمی فیکری ڕۆشنی کەسانی مەزن لێکیان دەدەینەوە، ڕەنگە زادەی ئەو گەمانە بن کە تێرکردنی ئارەزوو هەوێنیان بووە. ئارەزووەکانی ئینسان بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا دێت، کە پشکۆی ئارەزوویەک لە دڵماندا خامۆش دەبێت، پشکۆی ئارەزوویەکی دیکە، لە دڵماندا دەگەشێتەوە. ئینسان ئەگەر هیچ ئارەزوویەک شک نەبات، ئەگەر چالاکییەک نەنوێنێت، ئەگەر ژیانی سست و خاو بەڕێوە بچێت، ئیدی لە سنووری مەرگ نزیک بووەتەوە.