خدر ئیبراهیم خدر
یەکێک لەو میکانیزمە گرنگانەی کە لەتوانایدایە ڕۆڵێکی کارا بگێرێت لە ڕەنگڕیژکردنی ڕایەڵەی نێوان سیانەی ( دەستەی کارگێری قوتابخانە و ستافی مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان ) دا و لە پیادەکردنیشیدا جۆرێک لە لێکحاڵیبوونی چلۆنایەتی لەنێوانیاندا دەهێنێتەکایەوە، بریتییە لە سازکردن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی دایی و بابان لەناو کایەی پەروەردە و فێرکردندا لەهەر ساڵێکی نوێی خوێندندا، بەچاوپۆشین لەوەی ئایا جارێک بەڕێوەدەچیت، یاخود زیاتر جارێک لە بەڕێوەدەچێت لەماوەی هەردوو وەرزی خوێندندا.
هەرچەندە تاکو ئەمڕۆ ئەو کۆبوونەوەیە زۆرتر بەشێوازێکی سووننەتی بەڕێوەدەچێت و تیایدا ئامانج و مەهامەکانی لەوەدا کورتدەکرێتەوە کە کەسوکاری قوتابیان لە تواستی زانستی ڕۆڵەکانیان لەنێوان ئاستە جیاوازەکاندا و چلۆنایەتی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیان ئاگاداربکرێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێوێنیان پێبدرێت تاکو لەو دوو بوارەدا هاوکاربن لەگەڵ دەستەی کارگێری قوتابخانە و ستافی مامۆستایاندا لەپێناو فۆرمەلەکردنی کەسێتییەکی باشتر بۆ قوتابی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ئەودا، بەڵام من پێموایە ئەوەندە بەس نییە و نابێت ئامانج و مەهامەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دەستە جەمعییە تەنها لەوەدا کورتبکریتەوە کە کەسوکاری قوتابیان لەنزیکەوە دەستەی کارگێری قوتابخانە و ستافی مامۆستایان ببینن و سەبارەت بە ئاستی زاستی ڕۆڵەکانیان و نمرەکانیان لە تاقیکردنەوەکانی ڕۆژانە و نیوەی وەرز و کۆتایی وەرزدا، هەروەها سەبارەت بە چلۆنایەتی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتییان لەچوارچێوەی ناوەندی قوتابخانەدا گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن و زانیاری وەربگرن، بەڵکو دەبێت لەوە واوەتر بڕوات و پانتایەکی گەورەتری بۆ لەبەرچاو بگیرێت و تیایدا ئاماژە بەو خاڵە گرنگ و هەنووکەییانە بکریت کە لەڕێگەی درکپێکردن و بەکاربردنیانەوە، دەتوانرێت ببنە هاوکارێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی و فێرکاری قوتابیان بەشێوازێکی فراوانتر لەوەی چاوەڕێکراوە. لەهەمانکاتیشدا ببنە سەرچاوەیەکی مەعریفی بنیاتنەر بۆ قوتابیان و لێیەوە سەقامگیرییەکی باشتر بە کەسێتی وی ببەخشن و لەڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونی و مەعنەویشەوە دڵنیاییەکی جیاوازتری لەچاو پێشوودا بۆ دەستەبەر ببێت. لەوەشەوە بتوانێت رۆژ لەدوای ڕۆژ شکۆداری و ورە بەرزییەکی باڵاتر لە قووڵایی ناخیدا فۆرمەلە بکات.
هەڵبەتە بەر لەدرکپێکردن و بەکاربردنی ئەو خاڵە گرنگ و هەنووکەییانە، پێوستە کەسوکاری قوتابیان بەتەواوی لەوەدا دڵنیایی وەربگرن کە هەموو کاراکتەرەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، هاوشێوەی خۆیان خەمخۆری ڕۆڵەکانیانن و ئەگەر لە ئەوان دڵسۆزتر نەبن، ئەوا کەمتر نین. چونکە لەدەرەوەی نەبوونی ئەو دڵنیاییەدا مومکین نییە هاوکاری و پشتگیری دایی و بابان بگاتە ئەو ئاستە کە دەستەی کارگێڕی قوتابخانە و ستافی مامۆستایان لە ئەوانی چاوەڕێ دەکەن، هەروەها بەدەنگەوەهاتن و ئامادەبوونی ئەوانیش لە قوتابخانەدا کەم و سنووردار دەبێت.
هەبوونی دڵنیایی کەسوکاری قوتابیان و درککردنیان بەو ڕاستییەی کە سەرکەوتنی ڕۆڵەکانیان بەهەردوو دیوی پەروەردەیی و فێرکاریدا، جگە لەوەی دەبێتە جێگەی شانازی بۆ ئەوان، هاوکات شانازیشە بۆ سەرجەم کاراکتەرەکانی ناوەندکانی خوێندن، لەلایەکەوە وادەکات ڕایەڵە و پەیوەندییان لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندندا پتەوتر لێبکەن، لەلایەکی تریشەوە وادەکات ڕینوێنی و پێدراوە هەنووکەییەکانی دەستەی کارگێری قوتابخانە باشتر و چوست و چالاکتر جێبەجێ بکەن.
لەگەڵ ئەوەی کردەی پەروەردەکردنی منداڵ لە تەمەنی بەراییەوە تاکو دەگاتە قۆناغەکانی تری تەمەنی فیزیکی وی لەلایەن خێزانەوە، چ لەڕووی پێددراوی ئایینی و چ لەڕووی پێدراوی کۆمەڵایەتی و چ لەڕووی پێدراوی ئاکارییەوە، ئەرکێکە لەسەر خێزان و نابێت خۆی لێببوێرێت. هەروەکو دووایین نێردراوی خودا ( محەمەد – دروودی خوای لێ بێت ) فەرموویەتی: ( هەمووتان چاودێر و بەرپرسن، هەمووشتان بەرپرسیارن لەبەرامبەر ئەوانەدا کە لەژێردەستی ئێوەدان یاخود بەخێویان دەکەن ). بەڵام هێشتا هاندانیان و ئاگاداکردنەوەیان لە پێویستی ئەو پەروەردەکردنە لەلایەن دەستەی کارگێڕی قوتابخانەوە، لەسوود و قازانج بەدەر نابێت و کارکردن لەسەری زۆر لەوە باشترە پشگوێ بخرێت و بەهەندنەگیرێت. بەتایبەتی کە لە ئەمڕۆدا گۆڕانکرییەکان بەخێرایی ڕوودەدەن و داهێنانە زانستی و تەکنۆلۆژییەکانیش هەژموونێکی گەورەیان بەسەر مرۆڤەوە کردووە و بەسەر تەواوی لایەنەکانیانەوە ڕەنگیداوەتەوە. لەو میانەشدا منداڵان و هەرزەکاران بێبەری نین و ئەوانیش بەنۆبەی خۆیان پشکی ئەو گۆرانکارییانە دەیانگرێتەوە. ئەمەش وا پێویست دەکات ڕێنوێنی و ئامۆژگارییە هەنووکەییەکان زۆرتر رۆڵی خویان بگێڕن لە کردەی پەروەردە و فێرکرددا.
*
بەوپێیە، بەپێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە گرنگە دەستەی کارگێری قوتابخانە و ستافی مامۆستایان لەپەنای ئاشنایەتییان لەگەڵ کەسوکاری قوتابیاندا، بەتایبەتیش لەمیانی کۆبوونەوەی دایی و باباندا، ئەو خاڵانەی خوارەوە یەک بەیەک ئاماژە پێبکەن و جەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە کەلەلایەن کەسوکاری قوتابیانەوە بەهەندبگیرێن و بەکارببرێن. چونکە بەدڵنیاییەوە لە دوواجاردا لە سوودی قوتابیان خۆیان و هەردوو ( دامەزراوەی خێزان ) و ( پەروەردە و فێرکردن ) تەواو دەبێت.
هەڵبەت ڕیزبەندکردنی خاڵەکان بەو جۆرەی خوارەوە، بەواتای ئەوە نایەت کە خاڵێکیان لە ئەوانی تر بەگرنگتر و لەپێشتر دادەنرێت، بەڵکو سەرجەمیان لە یەکەمەوە تاکو کۆتایی بەشداریدەکەن لە بەرزکردنەوەی ئاستی کەسێتی قوتابی و بەرەوپێشبردنی توانستی زانستی و فێرکاری ویدا:
١. بەهۆی ئەوەی لە ئەمڕۆدا بەشێکی زۆر لە قوتابیان وەک هەر مرۆڤیكی تری کۆمەڵگە بە ئامێرە تەکنۆلۆجییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبوک و تویتەر و ئەوانی ترەوە سەرگەرم دەبن. بۆیە جگە لەوەی زۆر بەکارهێنانی ئەو ئامێر و تۆڕە کۆمەلایەتییانە کاریگەری خراپ لەسەر توانای پێڕاگەیشتن بە وانەکانیان دادەنێت، بەوپێیەی چەندین کاتژمێری شەو بە بێداری دەمێنەوە و ئەو کات و ساتەش بۆ پشووپێدانی مێشک و جەستەیان بەکارناهێنن، بۆیە لەلایک دەبێتە هۆی ئەوەی بەرنامەی خەویان تێکبچێت و بەیانی ڕۆژی دوواتر نەتوانن وەک پێویست ئاگایان لە ناوەڕۆکی وانەکانی قوتابخانە بێت و تێیان تێبگەن. لەلایەکی تریشەوە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر سەلامەتی جەستە و بیر و زەینیان دادەنیت. بۆیە پێویستە دایک و باوکان ئەو خاڵە لەبەرچاو بگرن و ڕێگە نەدەن ڕۆڵەکانیان لەسنووری نۆرماڵی خەوتن و پشووەرگرتن دەربچن و بەشێوازێکی نەرێنی بە ئامێرە تەلنۆلۆجییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاڵوودەببن.
٢. پێویستە دایکان و باوکان بەردەوامبن لەسەر پێدانی ئومێد و گەشبینی بە ڕۆڵەکانیان بۆ داهاتوو بەتایبەتی لەپرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا. لەهەمانکاتیشدا هەوڵی کاڵکردنەوەی ئەو ڕەشبینی و گومان و دوودڵی و دڕدۆنگییە بدەن کە
جار بەجارێک لەناخ و دەروونی ڕۆڵەکانیاندا درووست دەبێت، یاخود ئەوانی دی گفتار و هەلوێستەکانیان دووچاری ڕەشبینی و گومان و دوودڵی و دڕدۆنگییا دەکەن.
٣. رێنوێنی ڕۆڵەکانیان بکەن بۆ پابەندبوونی تەواوەتی بە ڕێسا پەروەردەیی و ئاکاری و فیرکارییەکانەوە لەناوەندەکانی خوێندندا، بەتایبەتی لەڕووی پۆشاک و جلوبەرگەوە. لەهەمانکاتدا ڕێگریان لێبکەن لەوەی ئەو ئامێر و کەرەستانە لەگەڵ خۆیاندا ببەن کە پێچەوانەن لەگەڵ ڕێساکانی پەروەردە و فێرکردندا و لەڕووی دابی کۆمەڵایەتیشەوە ڕێپیدراونین. هەروەها دەبنە سەرچاوەی کێشە بۆ ئەوان و ڕۆڵەکانیان.
٤. بەیادهێنانەوەی ئەو پرەنسیپ و ڕێسا ئیمانیانەی کە ڕۆڵەکانیان لەتەمەنێکی بچووکەوە پێی ئاشنابوون و سەرچاوەیەکی بەهادارن بۆ پاراستنی سەقامگیری دەروونی و هاوسەنگی کەسێتی لەلای مرۆڤ لە هەر تەمەنێکدا بێت. بێگومان لەوەشدا دەبێت ڕەچاوی ئاستی تەمەنیان بکرێت. هەروەها بەگوێرەی توانستی جەستەیی و ئەقڵی و دەروونییان ئەو پرەنسیپ و ڕێسایانەیان لێ داوابکریت.
٥. پێویستە لەوە ئاگاداربرێنەوە کە لە قسە و گفتار و کردار و ڕەفتاریەکانیاندا تەنها پشت بە هەست و سۆزە کاتییەکانیان نەبەستن، بەڵکو زۆرتر ئەقڵ و هۆش و لۆژێک بکەنە پێوانە بۆیان. چونکە گەڕانەوە بۆ ئەقڵ و هۆش و لۆژیک وادەکات کەمترین سەرچیغچوون و بەهەڵەچوونیان دووچار ببێت لە بڕیار و هەڵوێستەکانیاندا. هەروەها لە مامەڵەکردنیشیان لەگەڵ ئەوانی دیدا لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و فێرکاری و زانستیدا، کەمتر ڕووبەڕووی هەڵوێستی ناجۆر و نائاسایی ببنەوە.
٦.بەهۆی ئەوەی ڕۆڵەکانیان هێشتا لەتەمەنی بەرایی ژیانیاندان و کەمترین ئەزموونیان هەیە لەڕووی دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ ساردی و گەرمییەکانی ژیانی واقیعییدا، بۆیە ئەمە وادەکات نیازیان بەوە بێت بەشێوەیەکی نەخشەبۆکێشراو لە چییەتی ژیان و بەرز و نزمییەکانی تێبگەیەنرێن. لەهەمانکاتدا توانستی ئیرادە و بوێری و خۆراگری و پشوودرێژییان لەلا بەهێزبکرێت.
٧. سەردانیانیکردنی خۆیان بۆ ناوەندەکانی خوێندن تەنها لەوەدا قەتیس نەکەن کە لەلایەن دەستەی کارگێری قوتابخانە یاخود ئەنجومەنی دایی و بابانەوە بانگهێشت بکرێن. ئینجا بەدەنگەوە بێن و ئامادەببن. بەڵکو پێویستە ماوە ماوە ئەو سەردانە دووپاتبکەنەوە، تاکو بەشێوەیەکی نەپچڕاو ئاگاداری بەرەوپێشچوونی ڕۆڵەکانیان ببن لەڕووی پەروەردەیی و فێرکارییەوە، یاخود لەو گرفت و بەربەستانە ئاگادارببن کە ڕێ لەبەرەوپێشچوونی ڕۆڵەکانیان دەگرێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی قوتابخانە و ئەنجومەنی دایی و بابان و ستافی مامۆستایاندا چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزنەوە.
٨. کات و ساتێک لەبەرچاو بگرن و تیایدا سەبارەت بە ئەرک و وانەکان و ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و چلۆنایەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیان و مامۆستاکاندا پرسیار لە ڕۆڵەکانیان بکەن. لەو چوارچێوەیەشدا هەم هاندەریان بن بۆ زیاتر پابەندبوونیان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنەوە، هەم دنەیان بدەن بۆ زیاتر جوانکردنی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیان لەگەڵ ئەوانی دیدا لە ژینگەی خوێندنگە و ژیانی کۆمەڵایەتیدا.
٩. ڕۆڵەکانیان لەسەر ئەوە ڕابهێنن کە خاوەنی ویژدانێکی زیندووی پر لە هەستی ئیمانی و مرۆڤی بن و لەڕووی کەسێتییشەوە زمان و دەست و داوێنیان پاک بێت، چونکە لەلایەک جێبەجیکردنی فەرمان و دەستووری خودایە بۆ بەندەکانی، لەلایەکی تریشەوە گرەنتی سەرکەوتنی مرۆڤە لە هەردوو دونیادا. جگە لەوە، دەشبێتە هۆی ئەوەی خودا هەمیشە هاوکاریان بێت لە ویست و خواستە جوانەکانیدا. چونکە ئەگەر ئێمەش زاتی ئەو نەبینین، ئەو دەمانبینێت.
١٠. بەشداریان پێبکەن لە دانانی پلان و بەرنامەیەکی گونجاودا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە ئیمانی و کۆمەڵایەتییەکان و پێداچوونەوە بە وانەکانی قوتابخانە و پشوودان و دانیشتن و ڕاگەیشتن بە خوولیاکانیان و خەوتن و میوانداری و سەردانیکردنی خزم و ناسیاوان. ئەمەش بۆ ئەوەیە لەسەر جۆرێک لە دیسپلین ڕابهێنرێن تیایدا بتوانن هاوسەنگی لەنێوان تەندرووستی دەروونی و جەستەیی خۆیان و بەردەوابوون لەسەر خوولیاکانیان و پابەندبوون بە ئەرکە ئیمانی و فێرکاری و کۆمەڵایەتییەکانیاندا بهێننەکایەوە. هەروەها بۆ ئەوەشە درک بەوە بکەن کە لەلایەن باوانیانەوە سەنگ و قوورساییان بۆ لەبەرچاوگیراوە، چونکە لەدانان و پەیڕەوکردنی زۆرینەی نەخشەڕێگاکانی ژیاندا بەشداریان پێدەکەن.
١١. بەدوواداچوون بۆ ئەوە بکەن کە ڕۆڵەکانیان هاوڕێیەتی کێ دەکەن و لەگەڵ کێدا دێن و دەڕۆن و هەڵسان و دانیشتنیان هەیە. ئەمەش تەنها ئەو هاوڕێیانە ناگرێتەوە کە بەشێوەیەکی باو و نۆرماڵ لەناو بازنەی ژینگەی گەڕەک و کۆڵان و قوتابخانە بوونیان هەیە و ڕۆژانە بەچاو دەبیرێن، بەڵکو ئەو ڕایەڵە و ئاشنایەتیەش دەگرێتەوە کە لە ناوەندە ڕۆشنبیری و وەرزشی و هونەرییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتی و زانستی و تەکنۆلۆژییەکاندا درووست دەبێت. چونکە شتێکی بەڵگەنەویستە هاوڕێیەتی کاریگەرییەکی گەورە و بەرچاوی هەیە لەسەر چلۆنایەتی گفتار و ڕەفتار و ئاکار و ئاراستەکردنی خواست و ئامانجەکان و لایەنی دەروونی و مەعنەوی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤ بەهەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنیدا. لەم ڕووەشەوە، هەموومان دەتوانین شایەدی لەسەر ئەو کاریگەرییە بدەین.
١2. بەخەمخۆری و دڵسۆزییەوە گوێ لە دەردەدڵ و گرفتەکانیان بگرن و دڵیان بدەنەوە و بەزوویی بۆیان چارەسەربکەن. ئەگەر دەردڵ و گرفتەکانیان پەیوەندی بە قوتابخانەوە هەبوو، بەزوویی بیگەیەننە دەستە کارگێڕی قوتابخانە و ئەنجومەنی دایی و بابان، تاکو ڕێگە لەوە بگرن هەندێک کێشە و گرفتی بچووک کە لەو تەمەنەدا دووچاریان دێت، گەورەببێت و ژیانیان بشێوێنێت. ئەگەر دەردەدڵ و گرفتەکانیشیان پەیوەندی بە مامەڵەی ناو خێزانەوە هەبوو، یاخود پەیوەندی بە نیاز و پێداویستییە خودییەکانیانەوە هەبوو، یاخود پەیوەندی بە چلۆنایەتی ڕایەڵەی هاوڕێیەتییانەوە هەبوو، ئەوە دیسان بەزوویی بەدەنگیانەوە بێن و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن.
١3. ڕۆڵەکانیان هانبدەن کە پابەندبن بە کاتژمێرەکانی خەوتن و بێداربوونەوە. لەو میانەشدا لەسەر ئەوە ڕایانبهێنن لەشەواندا زوو بخەون و لە بەیانیاندا زوو هەڵبستن و بێدارببنەوە. چونکە پیادەکردنی ڕێوشوێنێکی ئاوا، لەسوود و قازانجی ئەواندا دەبێت و کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندرووستی مێشک و جەستەیان دادەنێت. ئەمەش بە نۆبەی خۆی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و زانستی و فێرکاریاندا ڕەنگدەداتەوە.
١4. کار بۆ ئەوە بکەن کە ڕۆڵەکانیان لەڕووی خۆراکەوە، لەهیچ کام لە ژەمە سەرەکییەکان دانەبڕێن، بەتایبەتی ژەمی بەیانیان کە لەڕووی زانستییەوە سەلماوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر توانستی جەستەیی و زەینی مرۆڤ هەیە بۆ درێژایی ئەو چەند کاتژمێرەی لە ڕۆژدا کاری تیایدا دەکات، یاخود چالاکی تیادا دەنوێنێت، ئایا چالاکی زەینی بێت، یاخود جەستەیی بێت.
١5. ڕێگەیان پێبدەن لەهەندێک هەڵوێست و بڕیار و کاردا بەتەنهایی بچنە مەیدانەوە، بەو مەرجەی لەنزیکەوە سەرپەرشت و چاودێربن بەسەریانەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە تاکو فێری ئەزموونی پشتبەخۆبەستن ببن و وا بیرنەکەنەوە کە دەبێت هەرچی نیازێکی هەیانە لە ژیاندا بە گەورە و بچووکەوە لەلایەن کەسوکاریانەوە بۆیان بەدیبهێنرێت و ” هیچکاتێک خۆیان پەنجە نەخەنە ناو ئاو! ” و حازر و ئامادە هەموو شتێکیان بخرێتە بەردەم.
١6. ئەو کات و ساتە لەبەرچاو بگرن کە لە قوتابخانەدا وانەی یەکەمی تیادا دەستپیدەکات و دووایین وانەشی تیادا کۆتایی دیت. ئەمەش بۆ ئەوەیە تاکو ڕێگە لەوە بگرن ڕۆڵەکانیان زۆر زووتر لە کات و ساتی دیاریکراو لەماڵ دەربچن و زۆر درەنگتریش لە کات و ساتی دیاریکراو بگەڕێنەوە ماڵ. چونکە دەشێت ئەو زوو چوونە دەرەوە لە ماڵ و درەنگ گەڕانەوەیە بۆ مال، بە دیوێکی ناپەروەردەیی و نەخوازراودا کاریگەری لەسەر کەسێتی ڕۆڵەکانیان درووست بکات و لە ژینگەی کۆمەڵایەتیدا گرفت و کێشە بەدوای خۆیدا بهێنیت.
هەڵبەت زۆر خاڵی تریش هەن لێرەدا ئاماژەیان پێبکەم کە لە پیادەکردنیاندا دەتوانن سوود و قازانج بە قوتابیان بگەیەنن، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەوانەی لێرەدا ئاماژەم بۆ کردن، بە خاڵە لەپێش و هەنووکەییەکان دادەنرێن و لەجێبەجێکردن و بەردەوامی پێدانیاندا، بەرەنجامێکی ئەرێنی گەورەیان لێدەکەوێتەوە. ئەو بەرەنجامە ئەرێنییە گەورەیەش جگە لەوەی لەسوود و قازانجی قوتابی و کەسوکارەکەیدا دەبێت، هاوکاتیش لە سوودی و قازانجی دەستەی کارگێری قوتابخانە و ستافی مامۆستایانیشدا دەبێت. چونکە لەلایەک ئەرکی پەروەردەیی و فێرکاری ئەوان ئاسانتر دەکات لە ناوەندەکانی خوێندندا، لەلایەکی تریشەوە هەر بەرەوپێشچوونێکی قوتابی لەڕووی پەروەردەیی و فێرکاریەوە، دەبێتە جێگەی شانازی و سەروەرییەکی مەعنەوی و زانستی گەورە بۆ ئەوان لەپڕۆسەی خوێندندا.

