رۆژنامەی ھەولێر

پێشمەرگە؛ کارەکتەری بونیادنەر لە ئەزموونی هاوچەرخی کوردیدا

د. خالیدە خەلیل
لە ڕووی مێژووییەوە، پەیدابوونی سوپا هاوتەریب بووە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەت، تاوەکو ببێتە ئامرازێک بۆ سەپاندنی سیستەم و پاراستنی قەوارەی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی، بەڵام ئەزموونی کوردی دۆخێکی جیاواز و پێچەوانە دەخاتە ڕوو؛ چونکە هێزی پێشمەرگە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی پێکهاتووە، تا هێزی سەربازی ببێتە گوزارشتێک لە پێویستیی مانەوە و بەرگری لە ناسنامە لە سایەی نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتیدا.
ڕەگوڕیشەی ئەو خەباتە ڕێکخراوەی پێشمەرگە ئەنجامی داوە، دەگەڕێتەوە بۆ چەندان دەیە، کە تێیدا پێکهاتەی خێڵ و جوگرافیای شاخاوی بەشدار بوون لە سەرهەڵدانی هێزی چەکداریی خۆجێیی بۆ پاراستنی خاک و کۆمەڵگە. بەڵام شێوەگرتنی مۆدێرنی پێشمەرگە پەیوەست بوو بەو گۆڕانکارییانەی بەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیدا هاتن، لەگەڵ دابەشکردنی کوردستان و شکستھێنانی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی. بەمەش، پێشمەرگە بە هێزێکی بەرگری دادەنرێت کە زەروورەتی مێژوویی سەپاندوویەتی و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە کۆمەڵگەی ناوخۆیی و پشتیوانیی جەماوەرییەوە هەیە.
وشەی “پێشمەرگە”، کە بە واتای “ئەو کەسەی ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە” دێت، ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی ژیانی جەنگاوەری کورد و دڵسۆزییەتی بۆ داکۆکیکردن لە دۆزەکەی. ئەمە تەنیا ناوێک نییە بۆ پیشەیەکی سەربازی، بەڵکو بەرجەستەکردنی ڕۆحی قوربانیدانە؛ کە تێیدا تاک ڕۆحی خۆی دەکاتە قوربانی لەپێناو پاراستنی کوردستان، کۆمەڵگەی کوردی و ناسنامەی نەتەوەیی. ئەم مانایە جەوهەری پێشمەرگەی پێکهێناوە، بەجۆرێک هەر جەنگاوەرێک دەبێتە هێمای ئازایەتی و خۆڕاگری، و دەبێتە هەڵگری پەیامی نەتەوەیەک بەتەواوەتی. لەم سۆنگەیەوە، دەکرێت بڵێین پێشمەرگە شتێکە لە سەرووی جەنگاوەرەوە؛ ئەو پاسەوانی ناسنامەیە، شایەتێکی زیندووە لەسەر ئیرادەی گەلی کورد بۆ مانەوە، هەروەها پردێکە لە نێوان ڕابردووی شۆڕشگێڕی نەتەوە و ئێستا و داهاتووی، کە تێیدا قوربانیدان، خۆڕاگری و شکۆ لە کەسایەتی و ئەرکە نیشتمانییەکەیدا یەکدەگرنەوە.
کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦دا یەکەم ئەزموونی سیاسیی هاوچەرخ بوو بۆ بنیاتنانی سوپایەکی کوردیی ڕێکخراو، کاتێک جەنابی مستەفا بارزانیی نەمر فەرماندەیی هێزە سەربازییەکانی گرتە ئەستۆ؛ بەمەش بووە هەوێنێکی ڕەمزی و ڕێکخراوەیی بۆ پێشمەرگەی هاوچەرخ. سەرەڕای ئەوەی کۆمار زوو ڕووخا، بەڵام ئەم ئەزموونە، لەسەر دەستی بارزانیی نەمر، بنەمای بۆ بیرۆکەی وەرچەرخانی پێشمەرگە دانا لە گرووپە شەڕکەرە خۆجێییەکانەوە بۆ ناوکی دامەزراوەیەکی سەربازیی ڕێکخراو.
لە دەیەکانی دواتردا، بەتایبەتی لە عێراق، پێشمەرگە بووە هێزی سەربازیی سەرەکیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ململانێکانیدا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی. هەردوو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان بوونە شایەتحاڵی ئازایەتی و خۆڕاگری و کۆڵەکەکانی خەباتی ڕێکخراویان دژی سەرکوت و چەوساندنەوە داکوتا. هەرچەندە چەندین وێستگەی دانوستان هەبوون، وەک ڕێککەوتننامەی ئۆتۆنۆمی (مافی خۆبەڕێوەبەری) لە ساڵی ١٩٧٠، بەڵام زوو ئەم هەوڵانە هەرەسیان هێنا و ململانێی چەکداری سەرلەنوێ هەڵگیرسایەوە؛ ئەمەش پێگەی پێشمەرگەی وەک هێزێکی بەرگریکار لە دۆزی کورد و مافەکانی گەلی کورد چەسپاند. بەو جۆرەش، هێزی پێشمەرگە، بە ڕابەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هێڵی یەکەمی بەرگری لە ناوچە کوردستانییەکان مایەوە.
ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ خاڵێکی وەرچەرخانی یەکلاکەرەوە بوو لە ڕێڕەوی مێژووی پێشمەرگەدا؛ چونکە کشانەوەی هێزەکانی عێراق لە کوردستان بووە هۆی سەرھەڵدانی ئیدارەیەکی خۆجێیی کوردی، ئەمەش ڕۆڵی پێشمەرگەی بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕی؛ لە هێزێکی بەرگری و مقاوەمەتەوە بۆ هێزێک کە بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناوخۆ و بەرگریی هەرێمیی لە ئەستۆ گرت. بەڵام ئەو دابەشبوونانەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا ڕوویان دا، لەگەڵ ئەو شەڕە ناوخۆییەی یاوەری بوو، بە ڕوونی مەترسییەکانی نەبوونی دامەزراوەیەکی سەربازیی یەکگرتوویان لە کوردستان دەرخست. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قۆناغە سەختەدا، هەڵوێستی سەرۆک و مەرجەعی کورد، جەنابی مەسعود بارزانی، وەرچەرخانێکی ئەخلاقی و سیاسیی گرنگی تۆمار کرد، کاتێک حەرامبوونی شەڕی “کورد لە دژی کورد”ی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو چەکەی بۆ بەرگریکردن لە دۆزی ڕەوای کورد شان کراوە، ڕەوا نییە ئاراستەی سنگ و سینەی ڕۆڵەکانی یەک گەل بکرێتەوە.
ئەم قۆناغە، سەرەڕای سەختییەکەی، وانەیەکی بنەڕەتی بوو لە ڕەوتی حوکمڕانیی خۆجێیی کوردستانیدا؛ چونکە بە ڕوونی دەریخست کە سەربەخۆیی ئیداری و سیاسی بەبێ بوونی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیی پیشەیی و یەکگرتوو تەواو نابێت، ئەمەش ئەو ئاڵنگارییە بوو کە حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەیەکانی دواتردا بەردەوام کاریان لەسەر کرد بۆ چارەسەرکردنی، وەک بەشێک لە ڕێڕەوێکی درێژخایەن بۆ بنیاتنانی سەقامگیری و چەسپاندنی بنەماکانی حوکمڕانیی دروست.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣یشەوە، هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵیی عێراق و بەپێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق، دانپێدانانی فەرمی بەدەست هێنا، کە تێیدا دانی نا بە مافی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی کاروباری ئەمنیی خۆیدا. بەمەش بووە هێزێکی فەرمی کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها لە هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ بەغدا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٧، وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە بوو لە مێژووی هێزی پێشمەرگەدا؛ چونکە بۆ هێڵی یەکەمی بەرگری لە هەرێمی کوردستان گۆڕدرا، سەرەڕای ڕۆڵە زیندووەکەی لە پاراستنی پێکهاتەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچە دابڕێنراوەکان). لە هەمان کاتدا، ئەم جەنگە پێویستیی هەنووکەیی بۆ یەکخستنی دامەزراوەیی ئاشکرا کرد، ئەمەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هاندا بۆ پشتیوانیکردن لە بەرنامەی چاکسازی. وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەم ئاڵنگارییانە، وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەرپەرشتیی بەرنامەیەکی چاکسازی و یەکخستنەوەی کرد، بە ئامانجی یەکخستنی یەکە سەربازییەکان، دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری فەرماندەیی، بنیاتنانی لیوای یەکگرتوو و برەودان بە پیشەییبوون. لەم ڕێڕەوەشدا وەک دەستکەوتێکی کۆتایی نەڕوانراوە، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغ تەماشا دەکرێت بۆ گواستنەوەی پێشمەرگە لە فەرهەنگێکی شۆڕشگێڕییەوە بۆ هێزێکی سەربازیی یەکگرتوو و ڕێکخراو، کە لەژێر ڕکێفی دەسەڵاتی مەدەنیدا بێت.
گرنگیی هێزی پێشمەرگە لە سێ ئاستی لێکئاڵاودا بەرجەستە دەبێت؛ لە ڕووی مێژووییەوە، نوێنەرایەتیی یادەوەریی خەباتی کوردی دەکات و ئامرازێکە بۆ مانەوە لە سایەی نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە دەوڵەتی کوردی، بەمەش پارێزگاری لە میراتی گەلێک دەکات کە هەمیشە لەپێناو ئازادی و مافە ڕەواکانیدا جەنگاوە. لەسەر ئاستی ئەمنییش، وەک سەمامێکی دڵنیایی و ئاسایش وایە بۆ هەرێمی کوردستان لە ژینگەیەکی هەرێمیی پڕشێواو و ئاڵۆزدا، بەجۆرێک پارێزگاری لە سەقامگیریی هەرێم دەکات و هاووڵاتییانی مەدەنی لە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەپارێزێت. هەرچی لەسەر ئاستی سەربازییە، پێشمەرگە نموونەیەکی دەگمەنە لە وەرچەرخان لە بزووتنەوەیەکی چەکداریی نەتەوەییەوە بۆ دامەزراوەیەکی سەربازیی نیزامی لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسیی فیدڕاڵیدا، کە تێیدا پابەندبوون (دیسپلین)، کارایی و شەرعییەتی یاسایی ئاوێتەی یەکتر دەکات، هاوکات پارێزگاری لەو گیانی قوربانیدان و ئازایەتییە دەکات کە تایبەتمەندیی جەنگاوەرەکانیەتی.