محەمەد عەلی دەستماڵی (سنە)
کۆبوونەوەی کۆمەڵێک نووسەر و ئەدیبی کورد لە شاری هەولێری خۆشەویست لە سێیەمین فیستیڤاڵی گۆڤارە سی ساڵانەکەی ڕامان، بۆ من دوو هێمای بەرزە و دوو چرای دڵڕۆشنیی هەڵدەکات.
هێما و پەیامی یەکەم: کرمانجی وتەنی، گەلۆ! ئەم هین ژی هەنە!
واتا ئێمە هێشتا هەین!
ئێمە هێشتا زیندووین.
ئەی شاڵاوی نەخوێندن و دوورەپەرێزی لە ئەدەب و پێنووس و وێژە و نووسین!
ئەی ئیمپراتۆریەتی تەلەڤزیۆنەکان!
ئەی شاڵای سۆشیال میدیا!
ئەی سینەما و دراما!
ئەی سیاسەت!
ئەی دەسەڵاتدارانی بەرە و بازاڕ!
ئێمەی نووسەر و ئەدیب، هێشتاکە زیندووین!
لێرەین!
کۆڵمان نەداوە، تەنانەت ئەگەر کتێب و گۆڤارەکانمان وەک وەرەقی زێڕ و زیو نەکڕن و ئاوڕمان لێ نەدەنەوە، ئێمە هەر خەریکین.
تەنانەت ئەگەر بەشێکی گەورەی ئەم نەتەوە و کۆمەڵگەیە، هەموو بابەتێکی ئێمە، بە بەهای فنجانە قاوەیەک و لەتە پیتزایەک، یان بوتڵە بیرەیەک نەکڕێ، ئەم دەست و قامکانە، واز لە نووسین ناهێنین.
ڕەنگە زۆر ژیر و ئاقڵ نەبین، بەڵام تکایە بە گێل و شێتمان مەزانن! ئەم بەردەوامییە، هۆکاری هەیە.
ئێمە پێمان وایە، لە زاییندەیی و پەرەپێدان و زیندووڕاگرتنی شوناسی ئەم نەتەوەیەدا، کەم یان زۆر، بەشی خۆمان دەورمان گێڕاوە.
دیارە حەقی خۆتانە پرسیارمان لێ بکەن و بفەرموون: ئەرێ ئەی جەماعەتی ئەدیب و نووسەر و ڕۆژنامەوان و هزرڤان! خێرە لەم هەولێرە کۆبوونەتەوە؟ سوودی چییە ئەم هەموو جڤین و کۆبوونەوەیە؟!
وەڵام: وەڵاهی بەڕیز گیان! ناشوکری نەبێت، ئەژماری جڤین و کۆبوونەوەی ئێمە لەچاو ئەو هەموو کۆنفرانسانەی پیاوان و ژنانی دنیای سیاسەت و ئابووری، زۆر نییە. وەکوو سوود، دڵنیاتان دەکەینەوە کۆمەڵێک سوودی لە ئێستا و داهاتوودا هەیە.
ئێ گەورەم! ئاها ئێوە دەستپێدەکەن، متقاڵی ئاڵوگۆڕی ئەولای ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوین دێنن، دەیدروون بە کەتان و حەریری ئەم لای وەرچەرخانەکانی قاوقاز و ئاسیای ناوینەوە و بە جەمسەری باکووردا تێی دەپەڕێنن، ئەوە ئێمەش کۆ دەبینەوە، نەختێک باسی شوناس و مێژوو دەکەین، تۆزێ نالی و حاجی قادری كۆیی و گۆران و جگەرخوێن دەخوێنییەوە، ئەوجا باسی کتێب و بەرهەم و بەردەنگ و ئێستا و دواڕۆژ دەکەین، هەر ئەوندە.
پەیامی دووەم: هەولێر نەبێ کوێ بێ؟ بۆ باسی شوناس و وێژە و ئەدەب، کوێ باشترە لەم گەورەشارە؟ ئەمن لەم سەفەرەدا، بۆ یەکەم جار هاتمە هەولێر و میوانی ئەم کۆنەشارە نوێیە بووم. یەکەم هەست و نەستی من لە بەرانبەر هەولێردا، هێشتا لە دەزگای زەین و مێشکمدا وەرنەگێڕدراوەتە سەر وشە، زۆرتر لە شنەیەکی ئەفسووناوی سەیر دەچێت.
بەربەیان زوو لە خەو هەستام و چوومە دەر.
مۆسیقای دەنگی حەزرەتی سێوەم لەگوێدا بوو:
ئەوە سەحەرە! وەی گەلی برادەرینە وا من هەرچەن دەکەم لە وێ کۆنە دنیایێ، قاسیدێکم بە متمانین وەدەس ناکەوێ…
بەنیاز بووم وەڵامێک بدۆزمەوە و بزانم ئەفسوونە دێرین و مێژوویییەکە لە چیدایە. بەرەو قەڵا کەوتمە ڕێ. لەو بوومەلێڵەدا وا دەوروبەری قەڵا، بۆ ساڵی نوێی زایینی چراخان کرابوو، دوو وێنەگر لە کچە مۆدێلێکی عەرەب، وێنەیان دەگرت و بە دەنگی بەرز قسەیان دەکرد. نەختێ عەرەبی دەزانم، بەڵام لەوەی ئەوان هەر هیچ تێنەگەیشتم.
گەڕام و گەڕام و گەڕام..
هەستم کرد لە هەولێرێش هەر وەکوو سنە، کاسب و دوکانداری بەتەمەن زووتر لە کاسبە گەنجەکان دێنە بازاڕ و قەیسەری، گەرچی بەو بەربەیانە مشتەری نییە و کەس پەیدا نابێ شت بکڕێ، بەڵام دیارە ئەو زوو لەخەوهەستان و هاتنە بازاڕە، جۆرێک شێوازی ژیانە کە خووی پێوە بگری، دەسهەڵگر نابیت. چەند شوێنێکیتر گەڕام و کەیفم بەو ئارامی و سیحری بەیانییە خۆش بوو.
بیرم لە یەک شت دەکردەوە. بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، پاریسی پێتەختی فەرەنسا، وەک گرینگترین شار و ناوەندی ئەدەب و هونەر دەناسرا، ئێستاش هەر سەرنجڕاکێشە. لەم ناوچەیەی ئێمەشدا، واتە لەم ڕۆژهەڵاتی ناوینە تەماوییەدا، ئەوە چەندین ساڵە ئەستەمبوڵ وەکوو شاری کۆبوونەوەی ئەدیبان و هونەرمەندانی زۆربەی وڵاتانی ئەم هەرێمە دەناسرێ. ئایا هەولێریش دەتوانێ هەمان دەور بگێڕێ؟ دڵنیام هەولێر دەتوانێ، بەڵام گومانم هەیە لەوەی کە ئێمەی ئەدیب و کۆمەڵگەی خوێنەر و دەسەڵاتی بەرپرسی گەشەپێدان بە چاند و وێژە و پەروەردە، ئەوەمان پێبکرێت. زەحمەتە.. کار و پلاندانانی زۆری پێویستە، بەڵام مەحاڵ نییە. بێگومان ئەم فیستیڤاڵ و کۆبوونەوە و جڤینانەی ڕامان، پێشەکی و سەرەتایەکی هیوابەخشە بۆ گەیشتن بەو ڕۆژە.
لایەنی چاکە و کەماسی فیستیڤاڵەکەی ڕامان
میوانداری ڕامان و بەرپرسانی چاند و ڕاگەیاندن لەم هەموو میوانە، لەوپەڕی ڕێز و بەخشندەیی و خاکەڕاییدا بوو. زۆر خاڵی ئەرێنی و باش هەیە کە شایانی ئاماژەیە. هەوڵ دەدەم بە کۆمەڵێک لەو خاڵ و بابەتانە ئاماژە بکەم و لە کۆتاییدا، باسی خاڵی لاوازی و کەماسی و پێشنیارەکان بکەم:
• ڕامان بەردەوام خەون و خولیای نەتەوەیی بووە و خۆی لە پارچەگەری و ناوچەگەری پاراستووە. لەم فیستیڤاڵەشدا بە بەشداری کوردانی هەموو پارچەکانی کوردستان، تەنانەت کوردی قەوقاز، کەشێکی بێوێنە بەدیهات کە بێگومان جێی شانازی و ستایش بوو. هاتنی میوانان لە هەموو پارچە و شوێنەکانی کوردستانەوە، یەکێک لە نرخ و بەهاکانی ئەم فیستیڤاڵەی ڕامان بوو، بەڵام دواتر لە بەشی پێشنیارەکاندا، هەوڵ دەدەم باسی ئەوە بکەم کە ئایا دەکرێ تۆزێ لە ئاستی بەهارات و ڕەمز و هێما کەمبکرێتەوە یان نا.
• فیستیڤاڵەکە بە شێوەیەکی ڕەها و بێ ئەم لا و ئەو لا، تێکەڵ بە خواستی حیزبایەتی نەبوو. مەیدانی ئەدەب و وێژە و ڕووناکبیری بوو.
• تایبەتمەندی و هەڵسوکەوتێکی جوامێرانەی ئازاد عەبدولواحید و هاوڕێیان و هاوکارانی ئەو، پێبەندی بە ڕەفتار و نەریتێکی کوردانەی بەنرخ بوو. تا لە دانیشتن و ئاسوودەیی هەموو میوانەکان دڵنیا نەبوونایە، ئۆقرەیان نەدەگرت و پشوویان نەدەدا.
• دەستنیشانکردنی ڕەهەند و بابەتی سەرەکی فیستیڤالەکە ژیرانە و گونجاو بوو. لەگەڵ ئەوەشدا جۆری پلاندانان و دیارکردنی کات بۆ پانێلەکان، گونجاو بوو.
• لە بۆنەی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەدا، دوو هونەرمەندی نەوەی دوێنێ و ئەمڕۆ، دەورێکی زۆر بەنرخیان گێڕا: مامۆستا حەسەن گەرمیانی بە دەنگە هەنووکە جوان و سیحراوییەکەی، بارانە ڕەحمەت و خۆشی بوو بە سەر فیستیڤاڵەکەدا. دوای ئاهەنگەکە، لەگەڵ هاوڕێکانیدا گفتوگۆی دەکرد، بە ئەسپایی دەستی مامە حەسەن – م گرت و ماچم کرد. هونەرمەندی دووەم، هوشیار کەریم، یان هوشیار عوود بوو کە بەڕاستی وەک نوێنەرێکی زۆر کارامەی نەوەی نوێی گۆرانیبێژان و ژەنیارانی کورد، کەشوهەوایەکی زۆر تایبەتی خوڵقاند.
• هاوشانی سەرنووسەر کاک ئازاد عەبدولواحید و کاک سەرکەوت وەلی و هاوڕێیان و ئەندامانیتری ستافی ڕامان، بەرپرسانی وەکوو دوکتۆر سالار عوسمان، لەوپەڕی خاکەڕایی و بێدەماری و هاوڕێیەتیدا لەگەڵ نووسەر و ئەدیبانی فیستیڤاڵەکە بەردەوام لە گفتوگۆ و پێوەندیدا بوون.
• ڕامان هەر لە سەرەتاوە، مەشخەڵی بەهادان بە ئەدەب و وێژەی کچان و ژنانی کورد بووە و لەم فیستیڤاڵەشدا بە شێوەیەکی جیددی ئاوڕی لە ژنان دایەوە.
• وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، هاتنی میوان لە هەموو پارچە و شوێنێکی کوردستانەوە بۆ فیستیڤاڵەکەی ڕامان لە هەولێر، کەشێکی جوانی نەتەوەیی بەدی هێنا، بەڵام پێموایە لە بانگهێشتنی میوانەکانی باکوور و ڕۆژئاوا و قەوقاز، لایەنی ڕەمز و سیمبۆل زیاتر بوو.
• ئەوە تەنیا ڕامان و ستافەکەی ڕامان نییە کە دەبنە میوانداری ئەم فیستیڤاڵە، خودی شارەکەش بە پۆتانسیەل و توانایی چاندی و هونەرییەکانییەوە میوانداری ئێمەیە.
دووبارە بە پێویستی دەزانم دەسخۆشی و سپاس و پێزانینی خۆم ڕابگەینم لەبەرامبەر دەزگای ڕاگەیاندن و سەرنووسەر و ستافی گۆڤاری ڕامان، نەک تەنیا بۆ ئەم میواندارییە، بەڵکوو بۆ زیندووڕاگرتنی گۆڤارێک بە ٣٠ ساڵ تەمەن و مێژوویەک پڕ لە دڵسۆزی و هەوڵدان. دیارە دۆخی ئێمەی کورد، ئیزن و ئیمکانی ئەوەی پێنەداوین وەکوو گەلانیتری جیهان، خاوەن ڕێکخراوە و دامەزراوەی زۆر کۆن بین کە تووشی پسان و وەستان نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، درێژەدانی ٣٠ ساڵەی کار و خەباتی ڕامان، خۆی لە خۆیدا، ئەزموون و سەرکەوتنێکی ناوازە و تایبەتییە بۆ ئەوەی ڕووناکبیر و کۆمەڵگەی کوردی، زیندوویی و بەردەوامی دامەزراوەیی خۆی وەکوو سەرمایە و سامان و هیوای ئاییندە بپارێزێ.

