د. خالیدە خەلیل
حیزبە سیاسییەکان پێگەیەکی جەوهەرییان لە تیۆرییەکانی گۆڕانی دیموکراسیدا هەیە، بەو پێیەی بکەری سەرەکیی ڕێکخستنی سیاسی و بونیادنانی شەرعیەت و زامنکردنی سەقامگیریی دامەزراوەیین. بەپێی ئەدەبیاتی قۆناغی ئینتیقالی (وەک ئەوەی هەردوو نووسەر Guillermo O’Donnell و Philippe C. Schmitter لە کتێبی Transitions from Authoritarian Rule دایانناوە)، دیموکراسی تەنیا بریتی نییە لە گواستنەوەی ڕووکەش لە دەسەڵاتخوازییەوە بۆ فرەیی، بەڵکوو بە توانای بکەرە سیاسییەکان -لە سەرووی هەمووشیانەوە حیزبەکان- دەپێورێت لە چەسپاندنی بنەماکانی کێبڕکێی ئاشتیانە و گۆڕینی ململانێکان بۆ پڕاکتیزەکی دامەزراوەیی کە یاسا و دەستوور حوکمی دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە، کوالیتیی سیستەمی حیزبی بە ژمارەی حیزبەکان ناپێورێت، بەڵکوو بە ئاستی ڕەگداکوتانیان لەناو کۆمەڵگە و سەقامگیریی ڕێکخستنییان و توانایان لە بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان و هەڵگرتنی بارگرانیی حوکمڕانی و ئۆپۆزیسیۆن لە چوارچێوەی دامەزراوەیی بەردەوامدا دەپێورێت.
لەم چوارچێوە تیۆرییەدا، چەمکەکانی “دامەزراوەییکردنی حیزبی” (Party Institutionalization) گرنگییەکی تایبەت وەردەگرن، چونکە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە حیزبە دێرینەکان خاوەنی تایبەتمەندییەکی کەڵەکەبوون، کە لە سەقامگیریی ڕێکخستنی و ڕوونیی شوناسی ئایدۆلۆژی و قوڵیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ جەماوەردا بەرجەستە دەبێت. دیموکراسی لە ڕەهەندە دامەزراوەییەکەیدا دۆخێکی ساتەوەختی یان فرەیییەکی ڕووکەش نییە، بەڵکوو ڕەوتێکی کەڵەکەبووی درێژخایەنە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی مێژوویی و ڕوونی مەنهەجی سیاسی و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە بونیادییەکان دەوەستێت. ئەدەبیاتی بەراوردکاری ئەوە دەردەخەن، ئەو حیزبانەی لە سیاقی خەباتی نەتەوەیی یان رزگاریخوازیدا دروست بوون، زۆرجار خاوەنی شتێکن کە پێی دەگوترێت “سەرمایەی مێژوویی”؛ واتە پاشخانێک لە شەرعیەت کە لە زاکیرەی بەکۆمەڵ و ڕۆڵیان لە قۆناغەکانی دامەزراندن و ململانێوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەزموونی هەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەتە لە ڕەوتی گۆڕانی دیموکراسیدا، چونکە ژیانی حیزبایەتی تێیدا لە سیاقی ململانێیەکی نەتەوەیی درێژخایەن سەریهەڵداوە، پاشان دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ گوازرایەوە بۆ ژینگەیەکی حوکمڕانیی خۆجێی. ئەم سیاقە جۆرێک لە جیاوازیی بونیادیی دروست کردووە؛ لە نێوان حیزبگەلێک، کە خاوەن ڕەگی مێژوویی قووڵ و بونیادێکی ڕێکخستنیی تۆکمەن، لەگەڵ حیزبانێکی تر کە بە فرەییی ناوەندەکانی بڕیار و لاوازیی مەرکەزیەتی جێبەجێکردن دەناسرێنەوە، یانیش هێشتا لە قۆناغی خۆدۆزینەوەی ڕێکخستنی و سیاسیدان. لەم چوارچێوەیەدا، مەبەست لە پەرتبوون نەبوونی شەرعیەتی سیاسی نییە، بەڵکو مەبەست لێی ئەوەیە هەندێک حیزب خاوەنی یەکگرتوویی لە دیدگا و میکانیزمی جێبەجێکردنی یەکئاھەنگ نین، ئەمەش کاریگەریی کردووەتە سەر توانایان لە گواستنەوەی گوتاری سیاسی بۆ سیاسەتی گشتیی واقیعی کە لەناو دامەزراوەکانی حوکمڕانیدا جێبەجێ بکرێت.
هاوکات، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک نموونەیەک دەردەکەوێت کە ئاستێکی پێشکەوتووی “دامەزراوەییکردنی حیزبی” نیشان دەدات، بەوەی توانیویەتی “فرەیی لە دروستکردنی بڕیار” و “ئینزیبات لە جێبەجێکردندا” کۆبکاتەوە. گفتوگۆ ناوخۆییەکان لە چوارچێوەی دامەزراوەیی بەشداریپێکردندا بەڕێوەدەچن، لە کاتێکدا بڕیارەکان لە ڕێگەی هەیکەلی ڕێکخستنیی مەرکەزیی ڕوونەوە جێبەجێ دەکرێن، ئەمەش کارایی سیاسی بەهێز دەکات و ڕێگە لە پشێویی دامەزراوەیی دەگرێت. ئەم نموونە ڕێکخستنە پشت بە درێژبوونەوەی مێژوویی حیزبەکە دەبەستێت وەک کۆنترین حیزبی سیاسی لە کوردستان و پەیوەستترینیان بە سیاقی خەبات و گۆڕانی سیاسییەوە.
لە بەرامبەردا، حیزبە تازە دروستبووەکان دیاردەیەکی سروشتی و تەندروستن لە سیاقی فرەیی سیاسیدا لە هەرێمی کوردستان، چونکە ڕەنگدانەوەی زیندوویەتیی کایەی گشتی و فراوانبوونی پانتاییەکانی بەشدارین. بەڵام بەپێی تێڕوانینی تیۆری، تازەیی ئەم حیزبانە وایان لێ دەکات زیاتر ڕووبەڕووی کێشەی بونیادی ببنەوە، وەک: لاوازیی هەیکەلی ڕێکخستنیی جێگیر، هەژموونی سەرکردە دامەزرێنەرەکان، و ناجێگیریی گوتاری سیاسی لە نێوان پۆپۆلیزم و تێزە ئایدۆلۆژییەکاندا، سەرەڕای ناسکیی بنکەی کۆمەڵایەتییان کە هێشتا لە پەیوەندییەکی متمانەپێکراوی درێژخایەندا ڕەگی دانەکوتاوە. ئەمە وەسفێکی بەھایی یان کەمکردنەوە نییە لە شەرعیەتە دیموکراسییەکەیان، بەڵکو دەستنیشانکردنێکی قۆناغییە بۆ ڕەوتی گەشەکردنیان لە سیستەمە ئینتیقالییەکاندا، کە ئەمەش سنوور بۆ توانایان دادەنێت لە هەڵگرتنی بارگرانیی حوکمڕانی یان گێڕانی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنێکی دامەزراوەیی کارا لەسەر ئاستی دوورمەودا، ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا ببێتە هۆی پووکانەوەی ئەم حیزبانە و دەرکەوتنی حیزبی تر لە ماوەیەکی کەمدا، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی دینامیکییەتی ئەزموونی حیزبایەتییە لە ژینگەیەکی سیاسیی تازەپێگەیشتوو و ناجێگیردا.
کەواتە، ڕوون دەبێتەوە کە فرەیی حیزبی بەتەنیا لە هەرێمی کوردستان بەس نییە بۆ چەسپاندنی دیموکراسی، ئەگەر هاوتەریب نەبێت بە کلتوورێکی سیاسیی دامەزراوەیی کە لەسەر بنەمای قبوڵکردنی کێبڕکێ، ڕێزگرتن لە ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردن، پەنابردن بۆ دەستوور، ڕەتکردنەوەی توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان وەستابێت. لەم چوارچێوەیەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی حوکمڕانی و سەقامگیری دەرکەوتووە، بەو پێیەی ڕۆڵێکی جەوهەریی گێڕاوە لە پاراستنی ئاستێکی پێویست لە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، و ڕاگرتنی هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان پێداویستییەکانی حوکمڕانیی ناوخۆ و گۆڕانکارییەکانی تەرازووی هێز لە پێکهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتیدا.
بە کورتی و پوختی ؛ جیاوازیی نێوان حیزبێک کە خاوەنی پاشخانێک لە خەباتی کەڵەکەبوو و مەنهەجێکی سیاسیی ڕۆشنە -وەک پارتی دیموکراتی کوردستان- لەگەڵ حیزبەکانی تردا، لە ئاستی شەرعیەتی دیموکراسیدا نییە، بەڵکو لە ئاستی “ئامادەیی دامەزراوەیی”دایە بۆ هەڵگرتنی بارگرانیی گۆڕانی دیموکراسی. چونکە دیموکراسی، بەپێی تێڕوانینی دامەزراوەیی، ڕێڕەوێکی کەڵەکەبوو و لەسەرخۆیە، پێویستی بە بکەری سیاسی هەیە کە خاوەنی حیکمەتی گۆڕانکاری، پشوودرێژیی بونیادنان و توانای گۆڕینی فرەیی بن بۆ سەقامگیری و گۆڕینی ناکۆکی بن بۆ بەڕێوەبردنێکی ئاشتیانە. لەم سۆنگەیەوە، ئەو ئەزموونە مێژووییە دەبێتە سەرمایەیەکی ستراتیژیی دانەبڕاو بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی فیدڕاڵی لە هەرێمی کوردستان، لەناو ژینگەیەکی هەرێمیدا کە هێشتا بە هەمان ئەندازەی یاسا و شەرعیەت، مەنتیقی هێز حوکمی دەکات.

