رۆژنامەی ھەولێر

سازشكردن بە پارتی یان ڕزگاری نیشتمـانی

مەشخەڵ كەوڵۆسی
لە پەرلەمانی عێراق كۆمەڵیك جوڵەمان بینی، جوڵەكان بۆ ئێمەمانان چاوەڕوانكراوبوون، بەڵام ڕەنگە هێشتا هەندێ كەس پێویستیان بەوە بێت كۆمێنتی لەسەر بدەین.. دوای ئەوەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا، بینەری كۆمەڵێك لێدوان و كۆمێنتی یەكجار زۆر سەیر و سەمەرە بووین.

ئەوانەی پاساوی هەنگاوەكەی هەڵوێستیان دەدا، بەڕوونی و ڕاشكاوی گوتیان: هەڵوێست سەركەوت، چونكە توانی سازش بەپارتی بكات و، ناچاری بكات كاندیدەكەی بگۆڕێت!. تەنانەت یەكێكی تر لەوانەی شەڕی زۆرترین لایك و كۆمێنت دەكەن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسی بووی: چۆن سەرنەكەوتین؟ ئیتر چی لەپارتی بكەین؟ حیزبێكی حەفتا ساڵەمان ناچاركرد، كاندیدەكەی بگۆڕێت و …هتد.
لێرەوە ئیدی دەتوانین ئەقڵی سیاسی و شێوازی كاركردنی حیزبی كوردی بخوێنینەوە. هیچ سەریەشەیەكی ناوێت ئەگەر بڵێین: ئەم جۆرە حیزبانە هەرگیزا و هەرگیز ناتوانن ببنە بەدیلی پارتی، چونكە هەر خۆیان ئامانجەكەیان بەجۆڕێك داڕشتووە، ناتوانێت تەجاوزی سێبەری پارتی بكات. ئەلتەرناتیڤێكی زۆر بچوك و لۆكاڵی و هەنوكەیین و، دەكرێت لەجوڵەیەك یان قۆناغێكدا ململانێی پارتی بكەن، بەڵام هیچ میكانیزمێكی ئەوەیان پێ نیە كە پارتی دای بەگێڕی قورس، ئەوان بەرگەی بگرن.
ئەو حیزبە بچوكانە لەبری ئەوەی گۆشەی ڕوانینیان بۆ سیاسەت و واقیعی كورد بگۆڕن، دێن لەژێر هەژموونی پارتی و سێبەری پارتی و، ڕق لەپارتی و، هەر لەڕقی پارتی، دەستنیشانی جوڵە و سیاسەت و هەنگاوەكانی خۆیان دەكەن، بۆیە كاتێ پارتی یەك میلیم سیاسەتی خۆی دەگۆڕێت، سێبەرەكە لەسەریان لادەچێت و، ڕووت ڕووت دەبنەوەو، ئیدی پاساوێك نامێنێتەوە بۆ كاركردنیان و، نزیكترین دۆستیان دێتە سەر شاشە و بەزمانێكی پڕ لە بوغرایی عەرەبییەوە دەڵێت: ئێمە لەڕێی ئەوانەوە یاریمان لەگەڵ پارتی كرد و، توانیمان كاندیدەكەی پێ بگۆڕین.
بەڵام پارتی كە داشێكی گۆڕی بەداشێكی تر، نە یاریچییەكان وەك خۆیان مان و، نەوەكیلە كوردەكانیشیان مانەوە و، لەمیدیاكانیش بیر چوونەوە. وەك بڵێیت: سەر كانیە و، بیسمیلات كردووە. ئەو بارگە و بنەیە پچرایەوە. یان وەك ئەوەی دەڵێن: حەرەكەی مارەكەی كرد و، بچوكەكانی هەڵوشی.
لێرەدا دەپرسم: بۆچی ئەو حیزبانە بەناكامی لەدایك دەبن و، بەناكامیش كار دەكەن؟ بۆچی بەگوێرە واقیعی كورد خۆیان ڕێك ناخەن؟ بۆچی ڕەخنە لە واقیعی داگیركراوی كوردستان و هەوڵدان بۆ ڕزگاری نیشتمان و ڕەخنە لەو حیزبانەی كە تاكو ئێستا نەیانتوانیوە كورد بگەیەنن بە سەربەخۆیی، لەهەناوی كاركردنی خۆیاندا كۆناكەنەوە، بۆچی ستراتیژی ڕزگاركردنی كورد لە ژێردەستەیی ناكەنە فەلسەفەی كاری خۆیان؟ بۆچی تەنها و تەنها ئامانجیان سازشكردنە بەپارتی لە قۆناغێكدا؟ ئایا لەناو هیچ گەلێكی تردا، كە وەكو كورد ژێردەستەبن، حیزبی وا سەرهەڵئەدات؟ بۆ نمونە: ئەو حیزبانەی فەلەستین كەلەدوای بزوتنەوەی فەتح دروستبوون، هیچیان گوتویانە: ئامانجمان ئەوەیە سازش بە فەتح بكەین؟ یان ڕووی خەباتیان كردۆتە ئیسرائیل و میكانیزمی خۆیان بۆ ڕزگاری گەلی فەلەستین پێرەو كردووە؟ ئەی بۆچی حیزبە كوردییەكان هەموو ئامانجێكی ڕزگاری نیشتمانی و نەتەوەیی لەبیر دەكەن و، تەنها ئامانجیان دەبێتە ئەوەی سازشێك بە پارتی تۆمار بكەن؟ كاشكای وەڵامێكی پڕ بەپێستم دەست دەكەوت.