عومەر چنگیانی
دوابەدوای گۆڕانكارییە جۆرییەكەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی، راستەقینە یان نمایشئاساكەی سەرەتای ئەم هەفتەیە، لە ئەمریكاوە لەگەل وڵاتی ڤەنزۆیلا ڕووی دا و، دەسبگیركردنی سەرۆكی وڵاتەكە و، گواستنەوەی بۆ شوێنێكی دیكە، سەدان بیروبۆچوونی بەدووی خۆیدا هێنا و، دنیایەك توێژەرە وردیلەی جوانجوان كەوتنە شرۆڤە و كەوچك لە هەموو شت دان!
وەلێ بۆمنێكی قورئان خوێنی مسوڵمان، نەك شتێكی نامۆ نەبوو و بگرە باسی سلێمان پێغەمبەری نیو سوورەتی (نەمل)ـی ژمارە ٢٧ـی قورئانی پڕ لە بەخششی هینایەوە بیرم، كە تێیدا سەدان وانەی ئیداری و سیاسیی دەخوێنمەوە، كە بە هەزاران ساڵ لەمەوبەر، قبووڵنەكردنی دەسەڵاتیك بۆ دەسەڵاتێكی دیكە سەری كێشاوە بۆ لەبێخهینانی توانای بەرانبەر و خستنەژێر هەژموونی خۆ، بۆیە بە ئەركم زانی یەكەم گوڵخەرمانی ساڵی نوێ لە خزمەت ئەوسی ئایەتەی 15-44 ی سورەتەكەدا بم و – پشتیوان بەخوا – لەژێر سایەی هەر هەموویاندا بە چەند بەشێك دەبینە میوانی ئەو باغچە قورئانییە.
لە پازدەهەمین ئایەتی سورەتەكەدا دەفەرمێت: (بەڕاستی ئێمە زانستمان بەخشیبوو بە داود و بە سلێمان و، گوتیان سوپاس بۆئەوخوایەی ئێمەی بەڕیزترو بە فەڕتر كردووە لەزۆرێك لە بەندە بڕوادارەكانی).
وەك سەرچاوە باوەر پیكراوەكانی لای مسولمانان باسی لێدەكەن، (ڕچەڵەكی داود دەگەڕیتەوە بۆ یەهودای كوڕی یەعقوبی كوڕی ئیسحاقی كوڕی ئیبراهیم سەلامی خوایان لێ بێت; لە چەندین جێگا لە قورئانیشدا باسی هاتووە، وەك ئایەتی ٢٥١ـی سوورەتی (البقرە)كە دەفەرمێت: (داود جالوتی كوشت و خوای گەورە دەسەڵات و حیكمەتی پێ بەخشیبوو، زۆر شتی بە ویستی خۆی فێركردبوو.)
لە دوای ئەم سەركەوتنەی بەسەر جالوتدا لای بەنی ئیسرائیلییەكان خۆشەویست بوو و كەوتنە شوێنی، كە ئەوە یەكەم مرۆڤێكە خوای گەورە هەم پێغەمبەرایەتی و هەمیش دەسەڵاتی پێ بەخشیوە.
یەكێك لە ڕەوشتە بەرزەكانی داود ئەوە بوو بەرهەمی دەستی خۆی دەخوارد و خوای گەورە فێری بەرگدورینی كردبوو و ئاسنگەرێكی وا كارایش بوو كە وەك لە ئایەتی دەی سوورەتی (سبأ)دا دەفەرمێت: ( ئاسنمان بۆ نەرم كردبوو).
وەك ڕۆژگ و نوێژیش لە خواپەرستیدا وەك لە فەرموودەی دروست دا هاتووە شەوانە نیوەی دەخەوت و نیوەكەی تری نوێژی دەكرد و ڕۆژناڕۆژێكیش بەڕۆژوو دەبوو.
دەنگێكی سازگار و كاریگەری هەبوو كە كتێبی (زەبوور)ی دەخویندەوە تەنانەت پەلەوەریش پێی كاریگەر دەبوو وەك لە هەمان ئایەتدا دەفەرمێت: (بە ڕاستی ئێمە ڕێز و فەزڵێكی بێشومارمان دابوو بە داود، بە چیا و پەلەوەرەكانیشمان گوتبوو لەگەڵیا بۆ لای خوا بگەڕێنەوە و ئاوێتەی دەنگەكەی ببن).
لە ئایەتی 21-25ی سورەتی (ص)یش باسێكی زۆر سەرنجڕاكێشی لەبارەوە دەفەرمێت و لە گوڵخەرمانێكی تایبەتدا ڕوونی دەكەینەوە.
دامەزرانی (بیت المقدس) دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەو، كە دوای ئەوەی كە بەنیئیسرائیلی تووشی قاتوقڕی و نەهامەتی و برسێتیەكی زۆر بوونەوە دروستی كرد.
لە تەمەنی سەد ساڵاندا كۆچی دوایی كرد (1)، جا لەو پیاوە گەورە خوای گەورە سلێمانی پێ بەخشی كە لە ئایەتی شازدە و حەڤدەی سوورەتی نەملدا دەفەرمیت: (سلێمان بووە میراتگری داود و بە خەڵكەكەی گوت: مەردمەکە! ئاگادار بن من فێری دەنگ و زمان و جۆری بیركردنەوەی پەلەوەر كراوم لە هەر شتەی گەردووندا بەشم دراوە، كە بە ڕاستی ئەوە میهرەبانی و فەزڵێكی دیارە * ئەوجا هەموو سەربازەكانی سلێمان كۆ كرانەوە بۆی، چ جنۆكە و چ مرۆڤەكان و پەلەوەریش كە هەرهەموویان ڕیكوپێك دەكرێن و پاش و پێشیان نەدەكرد و یاسایان پیادە دەكرد.)
ماویەتی…
پەراوێز:
(1) سەیری ماڵپەڕی اسلام ویب بكە (ملخص قصە داود علیه السلام).

