میرۆ جەلال
ئەرکی میدیا لە سەردەمی ئێستادا تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو دروستکەری کەشوهەوای دەروونیی کۆمەڵگەیە. بۆیە کاتێک لە دەستپێکی ساڵی تازەدا شاشە و پلاتفۆرمە جیاوازەکان تەنیا وێنەی ناسەقامگیری و قەیرانەکان نیشان دەدەن، چەمکی “ئاشتی” لە مێشکی تاکی کۆمەڵگەدا تەنیا وەک وێنا و خەیاڵێکی دوور دەردەکەوێت. بەڵام دەتوانین لە دەستپێکی ساڵی نوێوە جیاوازی دروست بکەین و لەسەر دوو ئاست دەست پێ بکەین:
یەکەم – ئاشتیی دەروونی لە دژی ژاوەژاوی دیجیتاڵی:
میدیا هەمیشە هەوڵ دەدات لە “چاوەڕوانییەکی بەردەوامدا” بمانهێڵێتەوە. هاوکات، ئاشتیی ڕاستەقینە لەوەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ بتوانێت سنوورێک بۆ ئەو هەموو زانیارییە نەرێنییانە دابنێت کە میدیای نابەرپرسیار وەشانیان دەکات و لەبەرانبەردا ساڵی نوێ بکاتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی “ئاشتی لەگەڵ خود”دا بکەین، بەوەی ڕێگە نەدەین سۆشیاڵ میدیا و بەراوردکردنی ژیانی خۆمان لەگەڵ وێنە درۆینەکانی سەر شاشە، دڵخۆشیمان لێ بدزێت.
دووەم – میدیا وەک پردی ئاشتیی کۆمەڵایەتی:
لە ساڵی نوێدا، ئەرکی میدیای بەرپرسیار ئەوەیە کە لەبری گەورەکردنی جیاوازییەکان، تیشک بخاتە سەر خاڵە هاوبەشە مرۆییەکان. ئاشتی لە کۆمەڵگەدا پێویستی بە زمانێکی نەرم و دیالۆگ هەیە، ئەگەر میدیا بتوانێت لە ساڵی نوێدا چیرۆکی سەرکەوتن، پێکەوەژیان و هیوا بڵاو بکاتەوە، دەبێتە کەرەستەیەکی بەهێز بۆ چەسپاندنی ئارامی لە نێو دڵی خەڵکدا.
لە دوماهیدا، با ساڵی نوێ ببێتە ساڵی “بێدەنگکردنی ژاوەژاوە بێسوودەکان” و “بیستنی دەنگی ئاشتی”. ئاشتیی جیهانی لە ئاشتیی نێو ماڵەکان و مێشکی تاکەکانەوە دەست پێ دەکات. کاتێک ئێمە بڕیار دەدەین نەبینە بەشێک لەو ژاوەژاوە میدیاییە نەرێنییەی کە بڵاو دەکرێتەوە، کەواتە یەکەم هەنگاوی گەورەمان بەرەو ئاشتی ناوە.

