رۆژنامەی ھەولێر

شێرپەنجە و خەونەکانم

باخان وشیار زاهیر (کۆیی)
کاتێک لە ژیان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی شتێک دەدەیت و دەگەیتە کۆتایی ڕێگاکە و هیچ هیوایەک نییە بۆ بەدەستهێنانی، بە دڵ واز لەو شتە دەهێنیت، لە پڕ خودای گەورە موعجیزەی خۆیت نیشان دەدات و پێتی دەبەخشێ، چ هەستێکە؟ هەزاران چیرۆکی لەم شێوەیەمان هەیە بە بەرچاوی خۆمانەوە ڕۆژانە ئەو موعجیزەیە دەبینین، ئەگەر لە ژیانی خۆشمان نەبێت لە ژیانی کەسانی دەوروبەرمان.

لە چیرۆکێکی لەم شێوەیە کوڕێکی گەنج و جوامێر بە ناوی هەریاد دەگێڕێتەوە: من یەکێک بووم لە قوتابیە زیرەکەکانی خوێندنگاکەمان، ئەوکاتەی کە بووم بە پۆلی ١٢ کۆتا قۆناغی خوێندنم، بە دڵ دەمویست هەوڵ بدەم بۆ ئەو بەشەی لە دڵ و لە خەیاڵمدایە، ئەوەبوو کە ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکرد منیش بە جۆش و خرۆشەوە دەستم پێ کرد، ڕۆژانە لەگەڵ مامۆستاکەم دەڕۆیشتم و وانەکانم دەخوێند، نزیکەی مانگێک تێپەڕیبوو بەسەر کرانەوەی خوێندنگا، من بۆ ماوەی هەفتەیەک هەستم بە ئازاری گورچیلەکانم دەکرد، ئەوەندە ئازارم هەبوو توانای هەموو شتێکی لێ بڕیبووم، باوکم و دایکم زۆر خەمیان لێ دەخواردم، منیش بەلامەوە گرینگ نەبوو ئەو ئازارەی هەمبوو لە ئەوانم دەشاردەوە و بەردەوام بووم لە خوێندنەکەم، مامۆستای فیزیامان زۆری خۆش دەویستم وەک و دوو هاوڕێی نزیکمان لێ هاتبوو، ڕۆژێک بانگی کردم پێی وتم: کوڕم هەریاد چیتە ماوەیەکە باش ناتبینم لە ناو وانەکان خەیاڵت دەڕوا و ئاگات لە من نامێنێ مامۆستای وانەکانی تریشت هەمان تێبینیان هەیە لەسەر تۆ کوڕم؛ کێشەت چییە؟ منیش وەک باوکتم وەک برایەکی گەورەتم بۆمی باس بکە، لەناکاو هەستم بە سەرسووڕانێکی زۆر کرد وتم: مامۆستا گیان ئەم ماوەیە کەمێک هەست بە ناساغی دەکەم هەست دەکەم پێویستم بە پشووێک هەیە تا ئازارەکەم کەم ببێتەوە، مامۆستاکەم بەجۆرێک سەیرێکی کردم وتی: کوڕم سەردانی پزیشکت کردووە؟ وتم: نا مامۆستا گرینگ نییە باش دەبم…
مامۆستاکەم سەرێکی بادا و وتی هەستە ئێستا دەبێت بێی لەگەڵم دەڕۆینە لای پزیشک و با پشکنینت بۆ بکات، بە هەر چۆنێک بێ مامۆستاکەم ڕازیی کردم وبە زۆر بردمی بۆ لای پزیشک، پزیشک پشکنینی بۆ کردم، بە مامۆستاکەمی وت ئێوە باوکی هەریادن؟ مامۆستاکەم: نا من مامۆستای ئەوم دکتۆر هەریاد چییەتی؟ بۆچی ماوەیەکە ئەو ئازارە زۆرەی هەیە لە گورچیلەکانی؟
پزیشکەکە سەیرێکی منی کرد و بە نیگایەکی پڕ لە زەردەخەنە وتی وەرە هەریاد گیان، دەمەوێت خۆت بزانیت و بیبیستیت چیتە بەڵام پێش ئەوەی پێت بڵێم چیتە کوڕەکەم، دەمەوێت پێت بڵێم: ئەم ژیانە چۆنە و بە چ جۆرێکە، ژیان وەک شەمەندەفەرە هەر ڕۆژێک لە وێستگەیەک دەمانوەستێنێت، گرینگترین شت لە ژیان چییە؟ بێگومان بەردەوامی و کۆڵنەدان. دەمەوێت پێت بڵێم ئەمڕۆ شەمەندەفەرەکەی تۆ لە وێستگەی نۆرینگەکەی من وەستا، بێگوومان ئەوە مانایەکی هەیە لە ژیانی تۆ، مانای ئەوەیە ژیانت هەمیشە لە بەشێکی چەقبەستوو نامێنێتەوە کوڕەکەم لەم ژیانە دەبێت ماندووبیت دەبێت وەک شێر هەوڵی ڕاوکردنی نێچیرەکەت بدەی هەتا نەمری لە برسا، کوڕەکەم بۆیە ئەم قسانەم بۆ کردیت هەتا ئەوەی من پێتدەڵێم قبوڵیبکەی و نەخۆشییەکەت خۆشبوێت، دکتۆرەکە ئەوەندە بە ڕەوشتێکی جوان و ڕووێکی خۆشەوە هەواڵی تووشبونم بە شێرپەنجەی گورچیلەکانمی پێ ڕاگەیاندنم، کە نە ترس دایگرتم نە خەم و پەژارە، لە سەرەتاوە قسەکانی پزیشکەکەم وەک چارەسەر وەرگرت، بەڵام نەمتوانی بە ئاسانی بە دایکم و باوکمی ڕابگەیەنم، من زۆر سوپاسگوزار بووم لەسەر نەخۆشییەکەم زۆریش بە ورەبەرزییەوە هەڵسوکەوتم دەکرد، بەردەوام بووم لە خوێندنەکەم و چارەسەریشم وەردەگرت، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ دوای وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی، پێویست بوو لە خەڵک دوور بم و پارێزگاری لە تەندروستیم بکەم، ئەوکاتەی دەرزی کیمیایییان لێ دام بەرگریم بە شێوەیەک لاواز بوو قورسترین ڕۆژەکانی نەخۆشییەکەم لەو کاتە تێدەپەڕاند، بەڵام من خێزانەکەم و مامۆستا و هاوڕێکانم و پزیشکەکەشم لەگەڵمدا بوو هەموو کات ورەیان بەرز دەکردمەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوساڵە نەمتوانی بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەم و بە شێوەی پێویست بخوێنم ئەو ساتە ئەوەندە بێهیوا بووم وام هەست دەکرد هەموو جیهان دژی منە بۆ گەیشتن بە بەشە دڵخوازەکەم، ساڵی دواتر تەندروستیم بەرەو باشتر دەچوو بە ورەبەرزییەوە دەستم پێ کردەوە؛ هیچ شتێکم بە قورسی وەرنەگرت، بۆ ساڵی دواتر لە نەخۆشییەکەم چاک بوومەوە بە تەواوی نەخۆشیی شێرپەنجەم تێپەڕاند. بە پەرۆشەوە ڕووم کردەوە قوتابخانە و ئەوساڵە خۆشترین ساڵی خوێندنم بوو توانیم بە نمرەی ٩٨ بەشی پزیشکیی گشتی وەرم بگرێت و، ئێستاش بڕیارم داوە بچم لە بەشی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەدا بخوێنم بۆ ئەوەی بتوانم ژیانی چەندان کەس لە مردن ڕزگار بکەم، من ئیلهامم لە پزیشکەکەمەوە وەرگرت ئەو بوو بە نموونەی پزیشکێک کە هەر نەخۆشێکی شێرپەنجە بچێتە لای ئازار و نەخۆشییەکەی خۆش دەوێت و قبووڵی دەکات، لە هەر شوێنێکدا خزمەت بکەین دەتوانین بە قسە و گفتە جوانەکانمان ببینە خاوەن جوانترین کەسایەتی لە بەرانبەر خەڵک و خوداش. من بێهیوا بووم بەڵام خودا موعجیزەی خۆی نیشان دام و بە ئاواتەکەم گەیشتم.