د. نعمەت ئەحمەد مزووری
ساڵی نوێ تەنها بۆ ئەوە نیە، کە پەڕاوی رۆژئەژمێر هەڵدەینەوە. کاتێکی باش و دەرفەتێکی گونجاوە، مرۆڤ بە خۆیدا بچێتەوە؛ ئاواتەکانی بۆ داهاتوو بنووسێتەوە. رۆژانی نوێ لەگەڵ هاتنی سەری ساڵدا دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژین. باشتر بیر لە رێڕەوی ژیانی خۆمان بکەینەوە. بو دۆزینەوەی رێگا و دانانی بەرنامەیەکی نوێ بو گۆڕانکاری لە ژیانی خوماندا. لەگەڵ خزم و هاوڕێکانمان نزیک ببینەوە؛ ئاواتەکان، هێشتا لە دەروونی ئێمەدا زیندوونە و چاوەڕوانی ئێمەن کە حەز و ئارەزووی خومان ببزوێنین، بەرەو ئاسۆیەکی گەش و ئارام هەنگاو بنێین.
لە کولتووری گەلاندا ساڵی تازە، هەمیشە دەسپێکێکی نوێیە بو ئاشتی و لێبوردەیی و، دۆزینەوەی رێگایەکی راست، بو بەردەوامبوون لە ژیانێکی خۆش و پڕ لە هیوا و ئاوات.
ئەزموون دینێتەوە یادمان، کە هیچ شتیک هەمیشەیی نیە. تەمەنی مرۆڤیش بەشی ئەوە ناکات کە رق و کینە لە یەکتر هەڵگرین. یاخود خەریکی یەکترشکاندنەوە بین. بەڵکو پێویستە هەمیشە لە دەسپێکی سەری ساڵدا، هەوڵ بدەین بۆ دروستکردنەوەی پردێکی نوێ بۆ پەڕینەوە بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ کومەڵگادا. ساڵی تازە جەژنەپیروزە لە یەکتر بکەین. رۆحی لێبوردەیی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر دروست بکەین.
1. ساڵی نوێ سەرەتای ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ خومان
ساڵی نوێ دەرفەتێکە بو ئەوەی لەگەڵ خومان ئاشت ببینەوە. ئەو کەموکووڕییەی کە هەمانە و، ئەو هەڵانەی کە کردوومانە قەبووڵ بکەین. لە خۆمان ببورین، بە بیرکردنەوەکی سووکتر لە رێگای ژیانی خومان بەردەوام بین.
2. پێزانین بۆ هەوڵ و ماندووبوون و، ئەو شکەستانەی ئێمەیان پێگەیاند
ئەو شکستانەی لە ژیانی ئێمەدا روویان داوە و، هەروەها هەوڵەکان هوکار بوون کە باشتر خۆمان بناسین و، بزانین چون پێگەیشتووین. هەر شکستێک وانەیەکە و چرایەکە بو رۆشنکردنەوەی رێگامان بو ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەر. هەروەها هەوڵدان دەبێتە مایەی پێشکەوتنی مرۆڤ. هەر هەنگاوێکی مرۆڤ کە بو پێشەوە دەیهاوێژی نزیکبوونەوەیەکە لە سەرکەوتن و، ئەو ئەزموونانەی کە لە ژیاندا بینیومانە هۆکاری گەشەکردنی ژیانی مرۆڤن.
3. هیوا و ئاواتەکانی ساڵی نوێ
هیچ شتێک وەکو هیوا، بە ئەرێنی کار ناکاتە سەر ژیانی مرۆڤ.
ساڵی نوێ دەسپێکی ژیانێکی تازەیە، پێویستە هیوا و بەرنامەیەکی باشمان هەبێت بو ژیانێکی باشتر. چرایەک بێت بو رۆشنکردنەوەی رێگا تاریکەکان. بو ئەوەی بەخوشی بەرەو ئامانجی باشتر و ئاشتی و ئارامی هەنگاو بهاوێژین.
4. دەسپێکێکی نوێ بو پەیوەندیەکی باشتر
لە ساڵی نوێدا میهرەبان بین، سەردان و هاوکاری نەخۆش و کەمدەرامەدان بکەین. دەست لە ئیش و کار و ژیانی خەڵک وەرنەدەین؛ گوێگرێکی باش بین بە مەبەستی ئاشتکردنەوەی دۆستان و لێکنزیککردنەوەی دڵان. هەمیشە یەکڕێز و تەبا بین؛ رێنیشاندەر و هاوکار بین بو دیاریکردنی رێگای ژیانێکی ئاشتیانە و خوشگوزەران بو هەموو لایەک.
5. بێدەنگی و بیرکردنەوەی ئەرێنی
هەندێک جار بێدەنگی دەبێتە دەرمانی رۆحی مرۆڤ. لە حاڵەتی بێدەنگیدا دەتوانین باشتر خومان بدۆزینەوە و بناسین و، دەست بە پلان و بەرنامەی نوێ بکەین.
6. هیوا و ئاواتەکانی دواڕۆژ
دواڕۆژێکی باشتر کاتێک دەست پێ دەکات کە بۆ بەرەوپێشبردنی ژیانی خۆمان بەرنامە و ئامانجمان هەبێت؛ بە شێوەکی تەندورست کار بکەین بو رەخساندنی دەرفەت، بۆ ژیانێکی نوێ و، بە هیوایەکی پتەوەوە، بە خۆمان بڵێین من دەتوانم. هیوا و ئاواتەکانمان هەر زیندوون. دەرفەت هەیە بو ژیانێکی ئارامتر و دواڕۆژیکی گەش بو منداڵەکانمان.

