د. خالیدە خەلیل
ڕێککەوتننامەی سایکس–بیکۆ لە ساڵی ١٩١٦دا، تەنها پرۆسەیەک نەبوو بۆ دووبار نەخشەکێشانەوەی سنوورە سیاسییەکان، بەڵکو ساتەوەختی ڕیشەکێشکردنێک بوو، کە تیایدا ناوچەکە بەپێی لۆژیکی هێز داڕێژرایەوە، هەڵبەت نەک بەپێی هەقیقەتەکانی مێژوو، یان ئیرادەی گەلان. لەو ساتەوەختە بەدواوە، کورد پێی نایە ناو زەمەنێکی جیاوازەوە؛ زەمەنێک بە ساڵ نا، بە چاوەڕوانی پێوانە دەکرا؛ تێدا جوگرافیا بووە پرسیارێکی هەڵواسراو، ئینتیماش بووە بارگرانییەک لەنێو دەوڵەتانێکدا کە لەسەر بنەمای ئینکارکردنیان دامەزرابوون. کورد تەنها قوربانیی دابەشکردن نەبوون، بەڵکوو شاهیدی لەدایکبوونی کیانگەلێکی سیاسی بوون کە دانیان بە بوونیاندا نەدەنا، ئەمەش پەیوەندیی نێوان کورد و دەوڵەتی مۆدێرنی کردە پەیوەندییەک پڕ لە دڵەڕاوکێی بەردەوام و ناسەقامگیرییەکی درێژخایەن.
لەگەڵ چەسپاندنی ئەم سنوورانە لە پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣دا، دەرگای دانپێدانان بە کورد وەک کیانێکی سیاسی بە یەکجاری داخرا و کورد گۆڕدرا بۆ گەلێکی دابەشکراو بەسەر چوار دەوڵەتدا، کە داوای لێ دەکرێت بەبێ دانپێدانان بێتە ناوە و بەبێ شەراکەت گوێڕایەڵ بێت.
لە عێراقیشدا بە دیاریکراوی، دەوڵەت لە ساڵی ١٩٢١دا لە گرێبەستێکی نیشتمانیی دروست نەبوو، بەڵکوو لە بڕیارێکی سەرەوە بوو کە لە ژێر سێبەری ئینتیدابی بەریتانیدا سەپێنرا، کە بەپێی ئەوە باشووری کوردستان لکێنرا بە دەوڵەتێکەوە کە پێکهاتەکانی بەشدارییان لە داڕشتنی مانا و پێناسەی شوناسەکەیدا نەکردبوو.
دەستووری ساڵی ١٩٢٥ دانرا تا چوارچێوەیەکی یاسایی بە دەوڵەت ببەخشێت کە لە زمانەکەیدا لیبڕاڵ دەردەکەوت و باسی لە یەکسانی و مافە گشتییەکان دەکرد، بەڵام دانپێدانان بە نەتەوەی کوردی فەرامۆش کرد و تەنها بە دەقگەلێکی لاستیکی و گشتی قایل بوو کە بۆ زامنی سیاسی یان ڕۆشنبیری تەرجەمەنەکران. لەو ساتەوە، ناکۆکی و تەناقوزێکی بونیادی لە نێوان دەق و پراکتیکدا دروست بوو؛ لە نێوان دەوڵەتێکدا کە شانازی بە هاوڵاتیبوونەوە دەکات بەڵام فرەیی بە لۆژیکی ئینکارکردن بەڕێوە دەبات، ئەمەش پەراوێزخستنی کردە سیاسەتێکی بەردەوام نەک تەنها کەموکوورتییەکی کاتی.
لە نێو ئەم بۆشاییە سیاسی و بوونگەراییەدا، بەرگریی کورد ڕووداوێکی کتوپڕ و کاتی نەبوو، بەڵکوو وەڵامدانەوەیەکی سروشتی بوو بۆ دەوڵەتێک، کە لە ئامێزگرتنی جیاوازی و فرەییەکانی خۆیدا دەستەوەستان بوو. دەڤەری بارزانیش، بە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانییەوە، ڕوونترین گوزارشت بوو لەم ڕەتکردنەوەیە، ئەو لانکەیەش بوو کە کەسایەتییەکی بەرهەم هێنا، سنوورەکانی سەرکردایەتییەکی نەریتیی تێپەڕاند، تا خودی مانای بوونی کوردی بەرجەستە بکات.
لەم سیاقەدا، مەلا مستەفا بارزانی وەک ڕێبەری شۆڕش و بەرجەستەکەری شکۆی نەتەوەیی دەرکەوت. ئەو تەنیا دیاردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو ڕۆڵەی سەدەیەک لە ئینکارکردن بوو؛ چیاکانی کردە نیشتمان کاتێک جوگرافیا تەنگی پێ هەڵچنیبوو، تفەنگیشی کردە زمانی ناچاری کاتێک دەرگاکانی سیاسەت داخران، هەروەها زاکیرەی بەکۆمەڵی کوردی کردە قیبلەنما. ئەو دانوستانی لەگەڵ دەوڵەتدا لەسەر دەستکەوتی تایبەت و ئیمتیازات نەدەکرد، بەڵکو داوای لێ دەکردن دان بە کورددا بنێن وەک هاوبەشی ڕەسەنی نیشتمان، نەک وەک میوانێکی کاتی و ڕێبوار.
مەلا مستەفا مرۆیەکی مەزن بوو؛ ئەو زاکیرەی گەلێک و ئیرادەیەکی نەشکاو بوو. ئەو بەدوای پاڵەوانێتیدا نەدەگەڕا، بەڵکوو پاڵەوانێتی خۆی بەدوای ئەودا هات، چونکە هەرگیز سازشی لەسەر مافەکان نەدەکرد. لە ئامادەبوونیدا، کوردەکان بێخەوش خۆیان تێدا دەبینی، لە غیابی جەستەییشیدا وەک پێوەرێکی ئەخلاقی مایەوە کە ڕاستگۆیی هەڵوێستەکانی پێ دەپێورا، چونکە گەلان بە سەرکەوتنە کاتییەکانیان ناپێورێن، بەڵکو بە توانایان بۆ مانەوە و بەردەوامی دەپێورێن.
بارزانیی نەمر بەشداری لە ئەزموونی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦دا کرد، دۆزی کوردی لە جوگرافیایەکەوە بۆ یەکێکی دیکە گواستەوە و پارێزگاری لە بەردەوامییەکەی کرد. دوای هەرەسی مەهاباد، گەڕایەوە بۆ ڕابەرایەتیکردنی قۆناغێکی نوێی خەبات لە ناوخۆی عێراقدا. لەگەڵ گۆڕان و دەستاودەستکردنی ڕژێمەکاندا، ئەو وەک ویژدانێکی مێژوویی مایەوە .
دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، دۆزی کورد پێی نایە قۆناغێکی نوێوە، تیایدا خەبات لە بەرگریکردن لە بوون و مانەوە، گوازرایەوە بۆ هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی سیاسیانەی ئەو مانەوەیە. لەم قۆناغەدا، سەرۆک مەسعوود بارزانی ڕابەرایەتیی ئەزموونی حوکمی زاتی (خۆبەڕێوەبەری) کرد وەک درێژکراوەیەکی مێژوویی ئەو ڕێبازە پیرۆزە.
لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکەی ساڵی ٢٠٠٣ لە عێراق، بەڕێزیان وەک مەرجەعێکی کوردی و یەکێک لە ئەندازیارانی ساتەوەختی دامەزراندنەوەی عێراقێکی نوێ دەرکەوت، عێراقێک کە دەبووایە بەپێی دەستوورێکی فیدراڵی کار بکات. بۆیە کوردەکان، بە سەرۆکایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەشدارییان لە داڕشتنی دەستووری ٢٠٠٥ کرد، بەو باوەڕە چەسپاوەی کە دەستوور گرێبەستی هاوبەشە و مافەکان وەک منەت و بەخشیش نادرێن، بەڵکو شایستەیین.
لەو کاتەوە، هەڵوێستی کورد جێگیر بووە لەسەر داواکاریی جێبەجێکردنی دەستوور و کارکردن بەپێی پرەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، بەڵام شکستی بەغدا لە پابەندبوون بەم پرەنسیپانە و بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە عەقڵییەتێکی ناوەندی، هەمان ئەو قەیرانەی بەرهەم هێنایەوە کە مەلا مستەفا بارزانی لە دژیدا شۆڕشی کردبوو، بەڵام بە کەرەستەی جیاواز. لەم چوارچێوەیەشدا، ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧ گوزارشت بوو لە بنبەستێکی مێژوویی و پەیامێکی سیاسی بەو مانایەی کە مافی چارەی خۆنووسین بە تێپەڕبوونی کات مافی خۆی لەدەست نادات و کۆن نابێت.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر ڕێککەوتننامەی سایکس–بیکۆدا، ئاشکرایە کە شکستەکەی تەنیا لە نەخشەکێشانی سنوورەکاندا نەبوو، بەڵکو لە فەرامۆشکردنی مافەکانی گەلی کورددا بوو؛ فەرامۆشکردنێک کە مێژوو سەلماندی یەکێکە لە هۆکارەکانی ناسەقامگیریی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمڕۆ، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی سیستەمی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە دەیبینێت، هاوکات لەگەڵ هەڵوەشانەوەی فۆرمە هەرێمییە نەریتییەکان و دووبارە خستنەڕووی پرسیارەکانی “دەوڵەت” و “ناسنامە”، وا دیارە مۆدێلی “دوای سایکس–بیکۆ” چیتر توانای لەخۆگرتن و مانەوەی نەماوە.
هەڵبەت کورد دژی ئەم دابەشکردنەی سايکس- بيکۆ راوەستایەوە، هەتا ئێستاش پیلانی سايکس -بيکۆ دژی ئێرادەی کورد بەتايبەتی و ناوچەکە بەگشتییە .
چونکە مەبەست لە پێکهێنانی دەوڵەت، بەدیهێنانی چاکەی گشتی کۆمەڵگایە، لەوانە ئاسایش، دادپەروەری، خۆشگوزەرانی و بەختەوەری بۆ هاووڵاتیانی.
لەم ساتەوەختی گۆڕانکارییەدا، کورد لە مێژوو دەڕوانێت وەک “وانە”، نەک وەک گێڕانەوەی چیرۆکی ستەمدیتەیی، چونکە پێداچوونەوە بە ڕووداوەکان و سوودوەرگرتن لە شکستی ڕابردوو، تێڕوانین و مامەڵەیەکی نوێ دەسەپێنێت کە لەسەر بنەمای “دانپێدانان” بێت نەک “پەراوێزخستن”، لەسەر بنەمای “هاوبەشی” بێت نەک “باڵادەستی”. دابینکردنی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد و زامنکردنی بەشداریی دادپەروەرانەیان لە دەوڵەتەکانیاندا، چیتر تەنیا داواکارییەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو مەرجێکی واقیعییە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە. تەنیا ئەم ڕێچکەیە زامنە بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پانتاییەک بۆ قەیرانی دووبارەبووەوە، بگۆڕێت بۆ پانتاییەک بۆ دەوڵەتانێک کە شەرعییەتی خۆیان لە ڕێزگرتن لە فرەیی و جیاوازییەکانیانەوە وەردەگرن، نەک لە ئینکارکردنیانەوە.

