فەزیلە شۆرش
دەرئەنجامی مێژووە پڕ سەروەرییەکەی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان و ئافرەتانی کورد، ئەم پێشکەوتنەی ئێستای کوردستان و کوردستانیانە. مێژووی کورد ئەزموونێکە لە سەربەرزی و کۆڵنەدان، دەروازەیەکە بۆ ڕۆژگارێکی پڕ لە دەستکەوت، کە ئافرەتی کورد ڕۆڵێکی گەورەی لەم ئەزموون و دەستکەوتانەدا هەیە. هەر لەم سۆنگەیەوە ئافرەتانی کورد بە هێمای سەربەرزی و فێرگەیەکی شۆڕشگێڕی بۆ ڕۆڵەکانی دواڕۆژ هەژمار دەکرێن.
لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئافرەتی کورد و کوردستانیان هەرچەند لە سیاسەتی عێراق بەرامبەر کوردستان هیلاکن، بەڵام پێگە و دەستکەوتەکانی ئافرەتان لە کوردستان، بەتایبەتی لە شوێنی بڕیاردان، بەرقەرارە. بە شانازییەوە ئافرەتانی کورد بوونەتە سیمبۆڵی نیشتمانپەروەری، خەبات، پارێزەرانی نیشتمان و پاراستنی ئاڵای کوردستان؛ هەروەها دەستێکی باڵایان هەیە لە چاندنی تۆوی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ئاڵا پیرۆزەکەی کوردستان لەناو ناخی ڕۆڵەکانیاندا.
لە هەموو قۆناغە مێژووییەکانی خەباتی کورددا، ئافرەتانی کورد وەک پێشمەرگەیەک، وەک دایکی شەهیدە نەمرەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، ئاڵای کوردستان بە نیشاندەری ئازار و مەینەتیی کوردبوون و ئەنفالکردنی نەتەوەی کورد دادەنێن؛ بۆیە ئاڵای کوردستان تەنها بە ئاڵایەک هەژمار ناکەن، بەڵکوو بە مێژووی قوربانیدان، جەرگسوتانی دایکان، هیوای سەربەخۆیی کوردستان و یەکگرتوویی گەل دەیزانن. لە بۆنە نەتەوەییەکان و ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، خۆیان و ڕۆڵەکانیان بە جلی کوردی و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، پێشوازی لەم بۆنە نەتەوەییانە و ڕۆژە پیرۆزانە دەکەن.
بێگومان ئافرەتانی تاراوگەش لەم بۆنانەدا، بە گردبوونەوەیەکی پڕ لە دڵسۆزی بۆ کوردستان و ئاڵای کوردستان، لەپاڵ باوک، برا، هاوسەر و ڕۆڵەکانیان، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، بە پۆشینی جلی کوردی، بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی سروودی “ئەی ڕەقیب” ئەم بۆنانە بەرز ڕادەگرن. لە هەمان کاتدا بە هەموو جیهان دەڵێن: ئێمەی کورد پێداگری لەسەر مافی خۆمان دەکەین و خەباتی کورد بەردەوامە تا خەونە گەورەکەی کورد کە سەربەخۆیی کوردستانە دێتە دی. هەستی نەتەوایەتیی ئافرەتانی کورد، ئاکامی هەستێکی نەتەوەیی خۆرسک و هەستێکی گەشبینییە بۆ دواڕۆژێکی باشتر لەژێر چەتری پارتی دیموکراتی کوردستاندا.

