بەکر کەریم حەسەن
(هندی) دەڵێن: “خۆت بەراورد مەكە بە كەس، ڕۆژ و مانگ بەراورد ناكرێن بە یەكتر؛ هەریەكەو لە كاتی خۆیدا ڕووناكی دەدات”.
بێگومان هەر تاكێك لە كۆمەڵگە بارودۆخ و هەلومەرج و پێشینە و بناغە و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و بەربەستەكانی جیاوازە لەگەل یەكێكی تر، واتە مەرج نییە بارودۆخ و گوزەران و بەرهەڵستی تاكەكان وەكو یەك بێت. لێرەدا چۆنیەتیی چارەسەكردن و ئامۆژگارییەكانیش جیاواز دەبن لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر، بۆیە گرینگە لە بەرواردكاریدا خۆمان بەدوور بگرین و خۆمانی لێ لا بدەین، چونكە كێشە و بارودۆخەكان بە گشتیی جیاواز دەبن و كەواتە چارەسەرەكانیش دەبێ جیاواز بن.
ئەو چارەسەر و ئامۆژگارییەی بۆ گیروگرفت و ئاستەنگی یەكێك دەگونجێت، مەرج نییە هەمان ئامۆژگاری و چارەسەر بۆ ئاستەنگ و گرفتی یەكێكی تر بگونجێت و ڕاست بێت. ئەلێرەدا گرینگە چاولێكەری و لاسایی كەس نەكەینەوە و سنوور و جوگرافیای تایبەت بە خۆمان هەبێت ئەویش بە تێگەیشتنی خودی خۆت و دیاریكردنی پێداویستییە تایبەتیەكانی خودی خۆت لەگەڵ دەستنیشانكردن و دیاریكردنی سنوورێكی بێوەی و ڕاست و گونجاو لەگەڵ جەخت كردتەوە لە سەر چارەسەكردنی تایبەت و دیاری كراو بە بارودۆخی خۆت، دوور لە هەموو لاساییكردنەوە و چاولێكەری و بەراوردكاری لەگەڵ ئەوانی تر، چونكە بە دڵنیاییەوە چارەسەری گرفتی كەسانێك نابنە چارەسەر بۆ گرفتی تۆ. لە كۆتاییدا (چارەسەری ڕاست و دروست) ئەو چارەسەرەیە كە هەست بە ڕازیبوون دڵنیایی و ئاسوودەیی دەكەین و ئامانجەكان جێبەجێ دەبن و كێشەكان چارەسەر دەبن بێ ئەوەی زیان بە خۆت و ئەوانی تریش بگەیەنێت.
دەگێڕنەوە “جارێك مامزێك لە زەرافەیەكی پرسیار كرد كە لەوبەری ڕووبارەكە وەستابوو لە بەرامبەری. پڕسیاری كرد ئایا قوولی ئەو ئاوە دەگاتە كێندەر؟ زەرافەكە بەوپەڕی متمانەوە وەڵامی دایەوە و گوتی دەگاتە ئەژنۆ لەو كاتەدا مامزەكە بەدڵنیاییەکی زۆرەوە بازی دا ناو ئاوەكە بەڵام لە ناو ئاوەكەدا خەریك بوو بخنكێ و نقوم بێت و سەر ئاو كەوتەوە و سەری خۆی بە زۆر دەركرد لە ئاوەكە تا نەخنكێت بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر توانیی بگاتە سەر تاشەبەردێك ڕابوەستێ كە لە ناوەڕاستی ئاوەكەدا هەبوو بە توڕەییەوە هاواری سەر زەرافەكەی كرد و گوتی ئەی تۆ نەتگوت ئاوەكە بە زۆر دەگاتە ئەژنۆ؟ زەڕافەكە گوتی بەڵێ دەگاتە ئەژنۆی من.
بۆیە كاتێك پرس و ڕاوێژ بە یەكێك دەكەین بۆ كاروباری ژیانت. لەبیرت نەچێت ئەو وەڵامت دەداتەوە بە پێی شارەزایی و ئەزموونی خۆی، نەك بە پێی بارودۆخ و ڕاستی و دروستی تۆ؛ زۆربەی جاران چارەسەری خەڵك گونجاو و دروستە بۆ خۆیان و دۆخی خۆیان، بەڵام ئەو چارەسەرانە نابنە ڕزگاركەری تۆ لەوانەیە تۆ بخكێنێ و دەربازت نەبێت، چونكە ناكرێ و نابێت بەراوردكاری خۆمان بكەین لەگەڵ یەكتر، كێشە و بارودۆخ و جیاوازن لە یەكتر كەواتە چارەسەرەكانیش جیاواز دەبن. لێرەدا ڕوونە ژیان و گوزەران و بارودۆخی تۆ هەمان ژیان و گوزەران و بارودۆخی ئەوانی تر نییە، نابێ دۆخ و كاروباری خۆت بپێوی وەكو دۆخ و كاروباری ئەوان. ئەوەی بۆ ئەوان دەگونجێ و شیاوە بۆ تۆ ناگونجێ و نابێ، ئەوەی ئەوان پێی دڵخۆش دەبن تۆ پێی ڕازی نابیت، ئەوەی بۆ ئەوان گرینگە هەر لە بنەڕەتە و لای تۆ مەبەست و ئامانج نەبووە، بۆیە خۆت قووڵایی ڕووباری خۆت تاقی بكەرەوە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

