گۆهدار شکری ئاکرەیی
گومانی تێا نییە هێزێکی فرەوان و شاراوە لەناو دەروونی هەریەک لە ئێمەی مرۆڤدا هەیە، ئەم هێزەش لە رێگای کاریگەرییەکانیەوە هەستی پێ دەکەین لە بوونەوەرەکانی تر جیامان دەکاتەوە.
هەر کاتێ ئەم هێزە بە دروستی بخەینە بواری کردارەوە، بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات و ڕێ لە پێشێلکردنی بەهای مرۆڤایەتی دەگرێت؛ بەپێچەوانەوە ئەم هێزە ڕەهایە بە نادروستی بەکاری بهێنی ژیان پێی دەشێوێ و ژیانێک لە شێوەی هەڕەمەکی بەدی دێ. ئەم هێزە بە زمانی دەروونناسان پێی دەڵێن (ویژدان) کە لەلای هەموو مرۆڤێک شتێکی ناسراوە و نامۆ نییە.
بێگومان لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤێک خاوەن دەروونی خۆیەتی و هەڵگری ئەم هێزەیە، واتە ویژدان، بەڵام لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازیەکی زۆری تیا بەدی دەکرێت لە دەربڕینی. لە بنەڕەتدا مەرجە ئەمە بزانین زۆر لە دەرونناسانی ئەم بوارە بۆمانی پشتڕاست دەکەنەوە، لە سەرەتای تەمەنی هیچ مرۆڤێک ئەم هێزە ڕەهایە بەشێوەی ئەرێنی یا نەرێنی لە چارەنوسی دیار نەکراوە، بەڵکو سەرچاوەی ئەم هێزە لە هەنگاوەکانی سەرەتای ژیانی هەرتاکێک زۆر بە هەستیاری و خێرایی دروست دەبێ و هەموو گۆڕانکاری و رووداوەکان کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ناخ و دەروونی دەبێت، واتە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو کەسەوە هەیە لەو پەروەردە دروست و نادروستەی تاکەکە خۆی تێا دەبینێتەوە لە نێوان ژینگەیەکی تاچەند دروست و نادروست و پڕ لە ململانێ و رق و تەبایی. کە ئەمانە هەمووی پاڵنەری سەرەکین بۆ شێواندنی ئەم هێزە، تاوەکوو کاریگەرییەکی راستەوخۆ بنێتەوە لەسەر تاکەکە و تا چەند ئاڵۆز و قووڵتر لە پێویست لە ژیان بڕوانێ یا بە شێوەیەکی ساکار و سادە لەگەڵ هێزەکە گەشە بکات و شارەزایی و ئاگاییی هەبێ بەرامبەر بە چۆنیەتیی ژیان و پەیڕەوی هەست و سۆزی بە کوێرانە ئەنجام نەدات و، بەر لە کردنی هەرکارێک شیکاری بکا و بیر و ڕا وەربگرێ تا چەند ئەو هەستە سوودبەخشە یان زیانۆکە، دەرنجام ئەم کەسایەتیانە تا لە ژیاندان حەزیان لێ نییە بەهیچ شێوەیەک کەسێک ببێتە قوربانی هەستی ناخۆشی، لەهەمان کاتدا خۆی بە بەختەوەر دەزانێ کاتێ بەرامبەرەکەی بگاتە ئەو شتەی کە ئاواتەخوازە لە ژیانیدا، چونکە هێزی ویژدان یارمەتیدەری مرۆڤایەتییە بۆ ئەوە بە بەختەوەری بژیێت.
کەچی ئەوانەی ویژدان فەرامۆش دەکەن، خاوەن هەستێکی لاواز و خۆویست و ترسنۆکن. هەتا دێ هەستەکانی لاوازتر دەبن و بە هیچ شێوەیەک هەستەکانی ئازاری نادات، بە پێچەوانەوە چێژ لە ئازاردانی مرۆڤ وەردەگرێ و چێژوەرگرتن دەبەستێتەوە بە ئازاردانی خەلک. هەردەم هەڕەشەی مرۆڤایەتی دەکات؛ هەرئەوەندە کەسێک خۆی بەدەستیەوە بدات لەناوی دەبات، بەڵام بەرامبەر بە کەسایەتییەکی خۆڕاگر و بەهێز گەورەترین لاوازی بۆی دەنوێنێ لە ترسی مەرگ و لەناوچوونی و مەرامە نادروستەکانی.
دەبێ ئەوەش بزانین خۆ رزگارکردنی ئەم کەسایەتیانە زۆر بەزەحمەتە ئەگەر زۆر حەزی لێ بێ کاتیە ناتوانێ زاڵ بێ بەسەر ئەم هێزە دەرونییە نادروستەی کە هەموو ناخ و دەروونی داگیر کردووە و کاریگەرییەکی نەرێنی بەسەر کەسایەتیەکە بەجێ هێشتووە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ وەک کەسێکی ئاسایی خاوەنویژدان رەفتار بکا.
شتێکی ڕوون ئاشکرایە، ئەوەی لە بنەڕەتدا مرۆڤ وگیانەوەر لێک جیا دەکاتەوە ویژدان و هەست و ڕێزە. کەواتە لە کۆتایی دەتوانین ئەوە بڵین ویژدان بە گشتی تاکە هێزێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە بەختەوەری بژیێت. ڕێز لە مرۆڤایەتی بنێت، بە مرۆڤ هەژمار بکرێت.

