رۆژنامەی ھەولێر

نەتەوایەتیی کوردی، ناسنامەی جیاوازی و فرەیی

د. خالیدە خەلیل
هەرکەسێک بە ویژدان و بێلایەنییەوە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخوێنێتەوە، بۆ ساتێکیش گومانی لە قەبارەی ئەو غەدر و ستەمە نابێت، کە بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو بەرانبەر بە گەلی کورد کراوە.
نەتەوایەتیی کوردی، هەر لە سەرەتای دروستبوونی هۆشیارییەکەی هەمیشە ئامانجی هەوڵەکانی سڕینەوە و نکۆڵیلێکردن بووە، بەڵام هەر بە زیندوویی مایەوە، لە ویژدانی بەکۆمەڵی کورددا گەشە دەکات، تا هەوڵەکانی لاوازکردن و دابەشکردنی توندتر بووبن، ڕیشەکەی قووڵتر و چەسپاوتر بووە.
کورد بەرەنگاری هەموو شێوازەکانی داگیرکاری بووەتەوە، چ ئەوانەی بە زەبری هێزی سەربازی هاتن، یان ئەوانەی لە ڕێگەی هەوڵەکانی شێواندنی فیکری و سڕینەوەی کولتوورییەوە دزەیان کرد، هەمیشە هەوڵە بەردەوامەکەیان بۆ بنیاتنانی کیانێکی نەتەوەیی یەکگرتوو بووە لەسەر جوگرافیا مێژووییەکەیان، بەبێ ئەوەی ئەمە لەسەر حسابی گەلانی دیکە یان مافەکانیان بێت.
ئەگەرچی ئەوانی دیکە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا بە زەبری هێز جوگرافیای کوردستانیان داگیر کردبێت، ئەوا کورد بە خەباتە نەتەوەییە ڕیشەدارەکەی، ئەوانی لەڕووی فیکرییەوە داگیر کردووە و لەم ڕێگەوە دەستیان بە خاکەوە گرتووە وەک هاوواتایەک بۆ وجوود و ژیان و کەرامەت.
لە هۆشیاریی کوردیدا، خاک تەنیا پارچە زەوییەک نییە، بەڵکوو زاکیرە و مێژوو و درێژکراوەیەکی ڕۆحییە و قبووڵی سازش ناکات. ڕەنگە ئەو وتەیەی جۆرج بێرنارد شۆ کە دەڵێت “جیهان ئارام نابێتەوە تا خۆشەویستیی نیشتمان لە دەروونی مرۆڤەکاندا بەرجەستە نەبێت”، ڕەنگدانەوەیەکی قووڵی لەسەر ئەزموونی کوردی و لە ویژدانی هەر تاکێکی کورددا هەبێت، چونکە مەشخەڵی دۆزەکە هەر بە داگیرساوی مایەوە و بڵێسەی ئینتیما دانەمرکایەوە، سەرەڕای کەڵەکەبوونی مەینەتییەکان و بەدوای یەکدا هاتنی کارەساتەکان.
لە دەیەکانی ڕابردوودا و دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوویان دا، کورد دەستکەوتی مێژوویی گرنگی بەدەست هێنا دوای ساڵانێکی درێژ لە پەراوێزخستن و جەنگ و جینۆساید، لە هەڵەبجەوە تا ئەنفال و لە سیاسەتەکانی تەعریبەوە تا هەوڵەکانی تووانەوەی زۆرەملێ. بەڵام هێزە نەیارەکان لە بەئامانجگرتنی ئەم دەستکەوتانە نەوەستان، تا تاوانی ڕێکخراوی داعش دژ بە کوردانی ئێزیدی لە شنگال لە ساڵی ٢٠١٤ وەک هەوڵێکی نوێ بۆ شکاندنی ئیرادەی نەتەوەیی، لە ڕێگەی قۆستنەوەی جیاوازیی ئایینی وەک ئامرازێک بۆ دابڕینی ئێزیدییەکان لە قووڵاییە نەتەوەییەکەیان و بێبەشکردنیان لە خاکەکەیان و بردنیان بەرەو پەراوێزی ناسنامە. بەڵام ئەم هەوڵەش، وەک ئەوانەی پێش خۆی، شکستی هێنا و شکست دەهێنێت، چونکە جیاوازیی ئایینی ناتوانێت ببێتە بەربەست لە بەردەم هیوا و ئامانجی نەتەوەیی، یان بیانوویەک بۆ نکۆڵیکردن لە ئینتیما یان دەستبەسەرداگرتنی ناسنامە، زەمەن هەمیشە برینەکان ساڕێژ دەکات و ڕاستییەکان دەردەخات.
سەرەڕای زۆریی ئەو پیلانانەی، کە گەلی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستانیان بەیەکەوە کردە ئامانج و ئەو پلانانە هەوڵیان دەدا ئێزیدییەکان لە باوەشی نەتەوەکەیان دوور بخەنەوە و خاکەکەیان ڕادەستی بێگانە بکەن، بەڵام هۆشیاریی نەتەوەیی ڕیشەدار و قووڵیی ئینتیما بۆ خاک و زمان، ئەم هەوڵانەیان پووچەڵ کردەوە، چونکە مرۆڤ ناکرێت لە نەتەوە یان ئایینەکەی دابماڵدرێت، یان لەو خاکە ڕیشەکەن بکرێت، کە جەوهەری بوون و مانای کەرامەتیەتی.
نەتەوایەتیی کوردی لەسەر چەندان کۆڵەکەی پتەو وەستاوە، کە جێگەی گومان نین، لە پێش هەموویانەوە زمانی کوردی کە بەردی بناغەی بینای نەتەوەییە. زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندیی ڕۆژانە، بەڵکوو دەفری بیرەوەریی بەکۆمەڵ، هەڵگری مێژوو، ئاوێنەی کولتوور و ئەو پردەیە کە ڕۆڵەکانی یەک نەتەوە یەکدەخات، با هەرچەندە بیروباوەڕی ئایینییان جیاواز بێت یان دیدگا فیکرییەکانیان لێک جیاواز بن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بوو کە ڕژێمە دیکتاتۆر و ستەمکارەکان بۆ ماوەیەکی درێژ هەوڵی دژایەتیکردن و قەدەغەکردن و وشککردنی سەرچاوەکانی زمانی کوردییان دەدا، بەو خەیاڵەی کە بەئامانجگرتنی زمان دەتوانێت هزری نەتەوەیی لەناو ببات، بەڵام ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: ئایا هیچ هێزێک، هەرچەندە گەورە بێت، دەتوانێت بیرێک لەناو ببات کە لە ویژدانی گەلێکی زیندوودا ڕیشەی داکوتاوە؟
ڕەنگە بیر و هزر سەرکوت بکرێت یان بە شێوەیەکی کاتی دووربخرێتەوە، ڕەنگە لە قۆناغە تاریکەکاندا بەرەو پەراوێز ببردرێت، بەڵام سڕینەوەی مەحاڵە. بیری ڕەسەن بە نەمانی ئامرازەکانی سەرکوتکردن خێرا لەژێر داروپەردووەوە سەر هەڵدەداتەوە، ئەمەش ئەوەیە کە مێژووی کورد چەندین جار سەلماندوویەتی. ڕەنگە هەوڵی ڕژێمی پێشوو لە ڕێگەی سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧ـەوە بۆ جیاکردنەوەی کوردانی ئێزیدی لە نەتەوە کوردستانییەکەیان، نموونەیەکی ڕوون بێت بۆ شکستی ساختەکاریی مێژوویی، چونکە زوو ئەو بانگەشانە لەبەردەم ڕاستییەکی چەسپاودا هەرەسیان هێنا کە ئێزیدییەکان پێش هەر کەسێکی تر درکی پێ دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە زمانی کوردییان ڕوونترین بەڵگەیە بۆ ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی و میراتە دێرینەکەیان. ئەوان پارێزگارییان لەم زمانە کردووە، بە زارەکی و کولتوور و بیرەوەری، تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا، سەرەڕای جینۆساید و هەوڵە سیستماتیکییەکان بۆ سڕینەوەیان.
لێرەوە پرسیارێکی ڕەوا سەرهەڵدەدات و ناکرێت پشتگوێ بخرێت: هۆکاری ئەم ژاوەژاوە دروستکراوە چییە کە ناوەناوە دەردەکەوێت و هەوڵ دەدەن بەرماڵی ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی ڕابکێشن و ناسنامەی دەستکرد و پڕۆژەی شێواو لە شوێن دابنێن؟ ئایا نەزانینە بە مێژوو، یان کورتبینییە لە خوێندنەوەی ڕابردوو، یان بەشێکە لە پیلانێکی سیاسی کە ئامانجی پارچەپارچەکردنی یەکڕیزیی نەتەوەییە لەژێر درووشمی چەواشەکارانەدا؟ بەتایبەتی کە ئایینی ئێزیدی بە یەکێک لە دێرینترین ئایینە کوردییەکان لە ناوچەکەدا دادەنرێت و ڕیشەکەی لە قووڵایی مێژوو و ویژدانی کوردیدا چەقیوە و ناکرێت لەو سیاقە نەتەوەییە جیا بکرێتەوە کە تێیدا سەری هەڵداوە.
جیاوازیی بیروباوەڕ، هەرچەندە زۆر بێت، پاساو نییە بۆ خۆ نەبانکردن لە زمان، لە خاک، لە میراتی کولتووریی هاوبەش. کورد، موسڵمان و ئێزیدی و ئەوانی تریش، هاوبەشن لە یەک زمان، یەک خاک، یەک مێژووی خەباتگێڕی، تەنانەت ئەگەر بیروباوەڕەکان جیاواز بن و ڕێگاکانی دەربڕینی ڕۆحی فرەچەشن بن. ئایین، هەرچەندە پێگەی بەرز بێت، هی خوایە، بەڵام خاک هی هەمووانە، وەک هاوبەش لە چارەنووس لەسەری دەژین، بە کارلێککردن و لێکتێگەیشتن، ئەم هاوسەنگییە نهێنیی هێز و بەردەوامیی نەتەوایەتیی کوردییە.
جەنابی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە چەسپاندنی ئەم تێگەیشتنە نیشتمانییە گشتگیرە، چ لە ڕێگەی هەڵوێستە سیاسییە ڕوونەکانییەوە کە پشتیوانی لە پێکەوەژیانی ئایینی دەکەن، یان لە ڕێگەی هەنگاوی کردەییەوە، کە دیارترینیان چەسپاندنی مافی ئێزیدییەکان بوو لە دەستووری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥ وەک ئایینێک، زامنکردنی نوێنەرایەتیی سیاسییان لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان، وەرگرتنی چەندین پۆست، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی باوەڕێکی پتەوە بەوەی کە هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە کامڵ نابێت تەنیا بە دانپێدانانی بەرامبەر و ڕێزی یەکسان نەبێت، هەڵبەت بە پەیڕەوکردنی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر .
داواکردنی مافەکان، یان جیاوازی لە دیدگا سیاسییەکاندا، بە هیچ شێوەیەک واتای دابڕان لە ڕاستیی نەتەوەیی یان نکۆڵیکردن لە ڕەگەکان نییە. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین تەنیا گەردەلوولێکی تێپەڕە و زیان بە قەدی پتەوی دارە نەتەوەییەکە ناگەیەنێت، بەڵکوو ڕەنگە تەنیا هەندێک گەڵای زەردی هەڵوەریو بڵاو بکاتەوە، لەکاتێکدا ڕەگەکان، کە خۆیان لە زمان و خاک و هۆشیاریی نەتەوەییدا دەبیننەوە، بە چەسپاوی دەمێننەوە و لای هەر کوردێک، چ موسڵمان بێت یان ئێزیدی، مەحاڵە لە بن دەربێن.
لە کۆتاییدا، کاتی ئەوە هاتووە هەوڵەکان یەکبخەین، دەست بە پرەنسیپە نەگۆڕە نەتەوەییەکانەوە بگرین و بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتییەوە کار بکەین بۆ پاراستنی ئایندەی نەوەکانمان، پاراستنی خاکی باوک و باپیرانمان، پارێزگاریکردن لە پیرۆزییەکان و زاکیرەی مێژووی بەکۆمەڵمان. نەتەوایەتیی کوردی، بە ناسنامە کۆکەرەوەکەی، بەهێزترە لە هەموو پیلانەکان، جیاوازیی ئایینی هەمیشە سەرچاوەی دەوڵەمەندی و هێز دەبێت، نەک هۆکاری دابەشبوون، هەڵبەت مادام بە گوفتار و کردەوە باوەڕمان بەوە هەیە کە نەتەوایەتی ئەو بنەمایەیە کە کوردستانێکی ئارام و ئاوەدانی لەسەر بنیاد دەندرێت.