هاودەنگ فارووق
کارەساتەكەی چەمچەماڵ، دەستبەجێ بووە خەم و پرسەی هەموو کوردستانییان. لەم کارەساتەدا، شارەکانی کوردستان بوونە هاودەنگ و دەستەخوشکی چەمچەماڵییەکان. لە هەولێری قەڵاو منارە و دهۆکی ڕەنگین و شارە جوانەكەی سلێمانی و کوردانی ئەمەكداری تاراوگە، لە یەک کاتدا هەموو خەڵکە نیشتمانپەروەرەکە وێکڕا بە یەکدەنگ نزایان بۆ گیانی قوربانییانی کارەساتەکەو زیانلێكەوتوان نارد و بۆیان گریان. لە پێشەنگی هەمووان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگای ڕوانگە، دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن، سەرمایەدارانی نیشتمانی و جوامێرانی ڕۆژی تەنگانە، دەستبەجێ بە هاوکارییەکی زۆرەوە بوونە فریادڕەسی خەڵکی لێقەوماوی ناوچەکە،بەڕاستی جێدەستیان دیار بوو.
هاوکۆستی و هاودەردیی کوردستانییان لەم کارەساتەدا پێمان دەڵێت، ئەم کۆمەڵگەیە یەک ڕۆح و یەک جەستەیە. کوردەواری پشتوپەنا و هاوبەشی خۆشی و ناخۆشی یەکترن؛ هاوسۆزی، هاوچارەنووسی و ئایندە پێکەوەی شەتەک داون، بۆ لێکترازان و لێکهەڵوەشان نەشیاون و ناشێن.
دیمەنی کوردستان لەم ڕووداوە تراژیدیایەدا، لە کۆستی کەسوکاری قوربانییەکان، لە یەک پرسەیەدا، جیاواز لە مانا کۆمەڵایەتیی پڕ مەغزاکەی لە گەرمەی کارەساتەکە، جۆرێک لە شادی و ترووسکەی ئومێدی ژیاندەوە، لە هەمان کاتدا، ڕوویەکی دیکەی جیاوازی سیاسیی پڕمانا و پەیامێکی سیاسیی ڕوونیشی لێ وەدیکرا. هاوخەمی و بەهاناوەچوونی هەموو شارەکانی کوردستان بە یەک دەنگ، بە سەركردەو حزبەکانیان گوت: ئاشتەوایی و یەکڕیزیی میللی و کوردستانێكی بەهێز و یەکگرتوو و تەبایان دەوێت، كیانێكی سیاسیی یەکدەست و هاوڕێز و لێکنەترازاو و یەکگرتوومان دەوێت کە ڕەنگدانەوەی یەکماڵیی کوردستانیان بێت و لە ئاست خواست و هۆشیاری و هاوچارەنووسیی گەلی کوردستاندا بێت.
با کوردستان دوور بێت لە هەموو لێکترازان و بیری ناکوردانەی شارچێتی و زۆنگەرێتی و جیاکاری. بەڵام، لەگەڵ هەموو ئەو تابلۆ جوان و ڕوونەی یەکڕیزییەوە، لافاوەكەی چەمچەماڵ و ئەو ڕۆژە ناخۆشە، برینێکی قووڵی لەسەر دڵ و دەروونی هەموومان دروست کرد. چاوەکان پڕ بوون لە فرمێسک، لە خەمخواردنی دایکان و باوکان و منداڵان، لە بێدەنگیی ماڵە وێرانەکان، کە مۆتیڤی خەمێکی ئەبەدییان کێشا. ئەو خەونەی بە دەنگی مناڵان دەزرنگایەوە، لەناکاو بووە شەوەزەنگ. ئێستا، لە نێو ئەو ماتەمینییە گشتییەدا، تەنیا یەک پرسیار لە دڵەکاندا دەزرنگێتەوە: ئایا دەتوانین ئەم یەکڕیزییەی لە گەرمەی کارەساتەکەدا دروست بوو، وەک پەیمانێکی پیرۆز و میساقێكی شەرەف، بۆ ئایندە بپارێزین؟ یان تەنیا چاوەڕێی کۆستێکی دیکە بین بۆ ئەوەی دووبارە دەست لە نێو دەست بکەینەوە؟ ئاوەدانی و كاروپڕۆژەو بوژانەوە خۆشبەختی بۆ چەمچەماڵ و هەموو ناوچەكە.

