فازڵ میرانی
گرێبەست شەریعەتی لایەنەکانە” (واتە یاسای نێوان لایەنەکانە)، ئەگەر مەرجەکانی تێدابێت؛ واتە بابەتی گرێبەستەکە دروست بێت و خاوەنەکانیان ئەهلیەتیان هەبێت، هەروەها پاڵنەرەکە ڕوون بێت و هیچ شتێک نەبێت لەکەدار، یان ڕێگری لێ بکات.
ئەو گرێبەستەی لێرە مەبەستمە دەستوورە. هەموو کێشەکانمان، چ ئەوانەی بە ئاشکرا دەیڵێین یان ئەوانەی لەبەر تێگەیشتنمان بۆ دۆخ و واقیع دەیانشارینەوە، هۆکارەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوون بە دەستوورەوە.
کاتێک ململانێیەک دەکەوێتە نێوان شێوازێکی بیرکردنەوە و تیۆرێکەوە، هیچ عەیب نییە ئەگەر پێداچوونەوە بە هەردووکیاندا بکرێت، چونکە هەردووکیان شایانی ڕەخنە و ڕەتکردنەوەن.
بەڵام ئەگەر ناکۆکییەکە لە نێوان فیکرێکدا بێت کە خۆی دەقێکی داڕشتووە و پاشان پشتگوێی خستووە، یان وازی لە ناوەڕۆکەکەی هێناوە تاوەکو بەپێی بەرژەوەندیی خۆی لێکی بداتەوە، ئەوا هەڵەکە لە شێوازی بیرکردنەوەکەدایە. چونکە دەستوور لە بنەڕەتدا ئەو تیۆرەیە کە لە ڕێگەیەوە بنەما حوکمڕانییەکان داڕێژراون.
ئێمە پەنجەی تۆمەت بۆ کەس ڕاناکێشین، چونکە بنەمای تۆمەتبارکردنیش لەلایەن بەرامبەرەوە شایانی بەرپەرچدانەوەیە و ڕەنگە دۆخەکە بە قازانجی ئەو یەکلایی بکاتەوە. بەڵام ئێمە بە دوو زمان دەدوێین: زمانی سیاسەت، کە پاڵپشتە بە تێگەیشتنی یاسایی، ئەویش ئەوەیە ئێمە لە گرێبەستێکدا هاوبەشین و هەمیشە ئەمە دووپات دەکەینەوە. هاوبەشیمان لەم گرێبەستەدا ئەرک و مافمان بۆ دروست دەکات. لە بابەتی ماف و ئەرکەکانیشدا چەند فاکتەرێکی گرنگ هەن، لەوانە: ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستەکە، کات، کوالیتیی جێبەجێکردن. لەسەر ئەم سێ فاکتەرەش ئەنجامی ئەرێنی دروست دەبێت ئەگەر جێبەجێ کران، پێچەوانەکەشی ڕاستە.
ئێمەیش وەک شەریکەکانمان، بەرپرسیارێتیی گەلێکمان لە ئەستۆیە و پابەندین پێیەوە. نەخشەڕێگای جێبەجێکردنی ئەم پابەندبوونیانە لەلایەن بەندەکانی گرێبەستە دەستوورییەکەوە کێشراوە و هەرچی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی گرێبەست هەیە، بەسەر ئەوانیشدا دەچەسپێت.
ئێمە بە ڕاستگۆییەوە ڕادەگەیەنین، کە گرێبەستی حوکمڕانی پێشێل دەکرێت. داوامان کردووە و داوا دەکەین و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەوەی کە دەبێت سەرنج بخرێتە سەر پاراستنی شەرعیەت؛ چونکە ڕەوا نییە پۆستەکان شەرعیەتی خۆیان لە گرێبەستێک وەربگرن و پاشان خۆیانی لێ بدزنەوە و پاشقوڵی لێ بگرن.
بژاردەی فیدراڵی بۆ خۆشی و ڕابواردن نەبوو، بەڵکو دەرەنجامی ساڵانێک بوو لە مەرکەزییەت، کە هەر تەنها ئێمە ژەهرەکەیمان نەچشبوو. هەروەها ڕاست نییە دەوترێت مەرکەزییەت بە دەستی سەرکردەکانی پێشوو خراپ بوو، بەڵام بە دەستی ئەوانەی دواتر باشە؛ ئەمە مەنتیقێکی قبووڵنەکراوە.
هەروەها ڕەوا نییە ئێمە یاسا و ڕێسایەکی دانراو دروست بکەین و مەرج دابنێین بۆ گۆڕینی، کەچی بێین بە کردار و ڕەفتارەکانمان بیگۆڕین پێش ئەوەی ئەو دەقە بگۆڕین، کە ڕێگە بەو ڕەفتارانە دەدات.
ئێمە دۆخەکە بە باشی تێدەگەین، تێدەگەین لەو جیاوازییە ڕوونەی لە تێگەیشتن بۆ ئەدا و جێبەجێکردن هەیە، هەروەها لە جیاوازیی نێوان گوتار و کردار. لەوەش تێدەگەین کە هەندێک جار پۆستەکان چی دەخوازن و ئاگاداری ململانێ و گوشارەکانین، بەڵام هەموو ئەمانە دژی شەرعیەتن.
واتە ئیجتیهادکردن لەمەدا، نە سوودی هەیە و نە بنەمایەکی دەستووریشی هەیە.

