شێرکۆ حەبیب
بوونی ئۆپۆسییۆنی ڕاستەقینە و دروست لەسەر بنەماکانی بەرگری مافەکانی هاووڵاتیان، و هۆشداریدان بە دەسەڵات لەسەر هەر هەڵەیەک نیشانەی بوونی سیستەمێکی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسیە لەو وڵاتە، نەک ئۆپۆزسیۆنێک تەنیا بەرنامەی دژایەتیکردنی دەسەڵات بێت و بی هیچ بنەمایەک، ئەمە خۆی لە خۆیدا دژی مافی هاووڵاتیانە، چونکە دەبێتە هۆکاری شڵەژان و گێرەشێوێنی ناو کۆمەڵگا، کەوا خزمەتی نەیاران دەکات.
من نامەوێت لێرەدا بە شان و باڵی حکوومەتدا هەڵبدەم، چونکە پێویست ناکات، بەڵکو کارەکانی حکوومەت وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە، و ئەوەش ئەرکی حکوومەتە وە نەبێت منەت بێ بەسەر میللەتدا، بەڵکو دام دەزگاکانی حکوومەت دەبێ لە خزمەتی هاووڵاتیان دابێت، دەبێ ئەوەش بڵێین زۆر کراوە و زۆریش ماوە، و ناڵێن حکوومەت بێ کەم و کورییە، بەڵکو رەخنەشمان لە حکوومەت هەیە ڕەخنەی بونیادنان چونکە حکوومەت و هاووڵاتی تەواوکاری یەکدین.
بەداخەوە لەم ماوەی دواییدا چەندین کارەسارێکی سروشتی ڕوویدا کە لە دەسەڵاتی مرۆڤ دا نەبوو، بەڵکو رووداو و کارەساتی سروشتییە و لە زۆر وڵات و شوێنی ئەم دونیا ڕوودەدات، گرنگ ئەوەیە هەموو لایەک چارەسەری ئەو گرفتانە بکات، ئەوەی سەیرە بە ناو ئۆپۆزسیۆن هەموو ئەو روداوە سروشیانەی خستۆتە پاڵ حکوومەت، کەوا سی ساڵە نەتوانیوە ڕێگری لەو دیاردە سروشتییە بکات، خۆ ئەگەر وا بێ دەبێ گەرمای هاوینیش هۆکارەکەی حکوومەتی هەرێم بێت، ئەگەر حکوومەتی هەرێم سی ساڵ بێت بەراوردی بکەن لەگەڵ ئەو حکوومەتانەی هاوشێوەی تەمەنەن یا کاتێ لەو تەمەنە بوون، دەبینین ئەوەی لە کوردستان کراوە دەگمەنە، بڕوانە ئەو ئارامی و ئاشایش و خزمەتگوزاری و پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی و ئاوەدانی کوردستان بوونی فرۆکەخانە و تۆڕی رێگا و بان و کارەبای بیست و چوار کاتژمێری و ئەمانە لای ئۆپۆزسیۆن بوونی نییە و نەبینراوە، لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا ساڵانە لافاو ڕوو دەدات و هەزاران ماڵ دووجاری زیان و نەمانی کارەبا دەبێت خۆ هەموو دەزانین بەریتانیا چەند سەدەیە دەوڵەتە و بنچینەی دیموکراسییە، بەڵام بەداخەوە ئۆپۆزسیۆنی ئێمە تەنیا ئەو بابەتانە دەبینن کەوا بیگەنە هۆکاری هێرشکردنێکی نارەوا دژ بە دەسەڵات، بێ گوێدان بە شێوازی کارەسات کە سروشتیە. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە خەمی هاووڵاتیانە با وەک بۆ لایەنێکی دەرەکی ملیۆنەها دۆلاریان کۆکردەوە با وەهاش هاوکاریان بۆ لێقەوماو و زیان لێکەوتووان کۆ بکردبایەوە، ئەرێ بەراست ناڵێن (الاقربون اولی بالمعروف) ئەو کات ڕەخنەیان لە حکوومەت و دەسەڵات هەبایە کە حکوومەت هەموو هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە بۆ هاوکاریان. و زۆربەی دەزگا خێرخوازیەکان وەک دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاریان گەیاندە ئەو شوێنانە و لێرە دا پێویستە رێنمای هاووڵاتیان بکەن کەوا ئاگاداری پاک و خاوێنی شەقام و مەنهۆڵەکان بن کە هۆکاری سەرەکی لاوفاوە.

