فازڵ میرانی
یەکێک لە باشترین ئەو بەڵگانەی ئاماژەن بۆ کارکردن لەپێناو خوڵقاندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ دەستگرتن بە هاووڵاتیبوونەوە، بریتییە لە خێرایی مامەڵەی حکوومەت لەگەڵ دۆخە لەناکاوەکاندا، بەتایبەتی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دا. ڕەوا نییە ئەم ئەرکە تەنها لەسەر شانی هەرێم بێت، بەڵکوو ئەرکی حکومەتی ئیتیحادییە لە ڕێگەی ئامادەباشی و بەدەمەوەچوونی دەستبەجێ و بەردەوام و هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم دەزگاکانی هەردوو حکومەت و ڕێکخراوەکانی بەهاناوەچوونەوە، هاوکاری هاووڵاتییانی خۆی بکات بۆ ئەوەی بە خێرایی قەیرانەکە تێپەڕێنن و قەرەبووی شایستەش بکرێنەوە.
چونکە کارکردنی حکومی و کەمتەرخەمی، دوو شتی دیار و بەرچاون لە بوون و نەبووندا، ئەمەش بەپێی کارکردن بە یاسای بەرگری شارستانی ژمارە ٤٤ی ساڵی ٢٠١٣.
گرنگە ئەم بڕگە دەستپێکییە لەلایەن حکومەتی بەغداوە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، تاوەکو زیانلێکەوتووانی کارەساتی لافاوەکان هەست بە پابەندبوونی بەغدا بە مافی هاووڵاتییەکانییەوە بکەن.
ئەرکی نوێی سەر شانى حوکمڕانی بریتییە لە دروستکردنی ژینگەیەک بۆ مانەوەی دەوڵەت.
ئەم کارەش جووڵەی گەرەکە، کە لە سووڕانەوەی چەرخ و ددانەکانی ئامێرێک دەچێت؛ جووڵەیەکی تەواوکارییە، بە جۆرێک دەزگاکانی دەوڵەت لەنێوان خۆیاندا بەڕێوە دەبرێن و جووڵەی خزمەتگوزارییەکان و گەشەپێدان و بەهێزکردنی ئابووری و بێگومان مرۆڤیشی تێدا تێکەڵ دەبێت، تاوەکو جووڵەکە لە ڕێڕەوێکی پەیوەندییە سوودبەخشەکاندا تەواو دەبێت.
ئەمە ژینگەیەکی لەبارە بۆ دەوڵەت، لە ڕووی دروستبوون، ڕەسەنایەتی و مانەوەشەوە.
ژینگەی لەم جۆرە بە ڕێکەوت بەدی نایەت، بەڵکو مەبەستدار و داواکراو و هۆشیارانە و واقیعییە، بەرگەی بونیادی فشەڵ لەسەر بۆشایی، یان خۆبەزلزانین و بانگەشەی درۆ ناکرێت.
پلاندانان بۆ ئەم کارە ستراتیژییە مەزنە، تەنها بە تێگەیشتن لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و دابەشبوونەکانی، دیاریکردنی هەبوون و بڵاوبوونەوە و سەنگ و کاریگەرییەکەی دەبێت، هەروەها بەوەی پەیوەستبوونی بە هەرێمی دەوڵەتەوە پەیوەستبوونێکی پێشکەوتوو بێت لەسەر بنەمای دڵسۆزیی ئارەزوومەندانە و متمانە بە مەنزوومەی حوکمڕانی، لە ڕووی کارایی ئیدارەدان و دادپەروەری لە مامەڵەکردن و سەقامگیریی ڕێڕەوەکە و ڕوونییەکەیەوە.
لە مێژوو و ئێستاشدا دەوڵەتگەلێک هەن کاریان لەسەر ئەم چەمکانە کردووە و سەرکەوتوو بوون و لە بەردەم قەیران و جەنگەکاندا خۆیان گرتووە، لە بەرامبەریشدا نموونەی مێژوویی و زیندوومان هەیە کە پلانی گەشەپێدانی ژینگەیەکی هاندەریان تەنها بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان گرتووەتەبەر، بۆیە لەناوچوون یان بچووک بوونەتەوە، یانیش بەهۆی مشتێکی پۆڵاین و خنکێنەر و لە چوارچێوەی هاوکێشەی هاوسەنگیی هێزدا ماونەتەوە، بەڵام تەمەنیان کورتە، چونکە سروشتی شتەکان وایە.
هیچ شتێک لەم سێ شتە مەترسیدارتر نییە بۆ دەسەڵات لە دەوڵەتدا: درۆ، وەهم، بەهێزبوون لەسەر حسابی سەروەری، خۆ ئەگەر ئەم سێیە کۆببنەوە، ئەوا وەک کۆبوونەوەی سێ نەخۆشیی پەکخەرە لە جەستەیەکدا.
ئەگەر لێشی چاک بێتەوە، ئەوا ئەوەندەی لێ دەمێنێتەوە کە ئومێدی هیچ هەوڵێکی لێ ناکرێت.
دەگێڕنەوە – ئیتر ڕاست بێت یان نا – کە عەبدوڵڵای ئەکبەر کوڕی محەمەد (ئەبو جەعفەر) کە ناسراوە بە مەنسوور، دووەم خەلیفەی عەباسییەکان، پرسیاری لە یەکێک لە ئەمەوییەکان کرد: ئێوە چۆن لەناوچوون؟
وەڵامی دایەوە: کارە بچووکەکانمان دایە دەست پیاوە گەورەکان.
و کارە گەورەکانمان سپارد بە پیاوە بچووکەکان.
دوژمنمان نزیک کردەوە بۆ ئەوەی بێدەنگی بکەین و دۆست و هاوپەیمانمان دوور خستەوە بەو دڵنیاییەی کە وەفادارن.
ئەم قسەیە – ئەگەر ڕوودانی ڕاست بێت – و ئەگەرچی تەمەنی لە هەزار ساڵ زیاترە، بەڵام قسەیەکی کاریگەرە و هەمان ڕووداو بەرهەم دەهێنێتەوە ئەگەر دەسەڵاتێک کاری لەسەر بکات کە نەیەوێت عەقڵیەتی حوکمڕانیی کۆن بەجێ بهێڵێت.
دەسەڵاتێک ژینگەیەکی لەبار بۆ لەناوچوونی خۆی دروست دەکات، بڕیارەکانی ئاڵۆز و تێکەڵ و پێکەڵن، هەڵوێستەکانی یەکتر هەڵدەوەشێننەوە ، لە ململانێدایە لە نێوان ئاشکرا و پەنهاندا، لە واقیع هەڵدێت، دەیەوێت لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرێت، بەدوای ڕەزامەندیدا دەگەڕێت لەلای بەهێزەکان کە دەزانن ئەو دەسەڵاتە لاوازە و هۆکاری لاوازییەکەش هەر خۆیانن.
ئەوەی نایەوێت خۆی بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی ئابووری ماندوو بکات، ئەوەی پلاندانان بە زیادەڕۆیی (تەرەف)ـی فکری دەزانێت، ئەوەی پێیوایە چینەکانی کۆمەڵگە بە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بۆ دەستکەوتەکانی ئەو بەهێز دەبن، ئەوەی پرسیار لە ڕێڕەوی بەهای دراوەکەی ناکات، ئەوەی پۆستی بۆ شیرینییەک دەوێت کە لە دەمی کەمە، ئەوانە حەرامە گەلان شان بدەنە بەر بارگرانییان و بەرگەیان بگرن.

