فەزیلە شۆرش
ئافرەتانی کورد لە قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد، خۆیان سڵ نەکردووەتەوە، بەڵکو بەشداربوونێکی کارا و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان هەیە لەم خەباتە؛ خۆیان بە بەرپرسیار زانیوە بەرامبەر هەر کێشەیەک کە نەتەوەکەیان ڕووبەڕووی بووەتەوە. شانبەشانی کاری ماڵەوەیان وەک دایک و تاکێک لە خێزان، لە کاری سیاسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیش ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە و هەیە. ئافرەتانی کورد لە ١١-١٢-١٩٥٢ـەوە توانییان لەسەر ڕاسپاردە پیرۆزەکەی باوکی ڕوحی، بارزانیی نەمر، لەژێر چەتری ڕێکخراوەیەکی تایبەت بە ئافرەتان خەبات بکەن بۆ پەرەدان بە ڕۆڵی خۆیان، بەتایبەتی لە کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەم ڕاسپاردە پیرۆزەی بارزانیی نەمر لە ١١-١٢-١٩٥٢ جێبەجێ کرا بە دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان. ئەم ڕێکخراوە لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە، توانیویەتی سەرکەوتووانە ڕۆڵێکی پێشەنگی هەبێت وەک قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی ئافرەتی نیشتمانپەروەر و سیاسی.
ئەوەی گرنگە باس بکرێت، ئافرەتانی کورد، بەتایبەتی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە، هەموو کات هەوێنی بەردەوامی و گەشەسەندن بوونە لە هەموو بوارەکانی ژیان کە دەرئەنجامەکەی پێشکەوتنە. بە شانازییەوە کوردستانیش بە بەردەوامی لە پێشکەوتندایە، بۆیە گرنگە دۆزی ئافرەتی کوردستانیان هاوتەریبتر بێت لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە؛ یاسا و ڕێساکانیش گونجاوتر بن بۆ ڕۆژگاری نوێ، هەندێ جاریش پێویست بە داڕشتنی یاسا و ڕێسای نوێ هەیە.
لەم بوارەدا، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان توانیویەتی ڕۆڵی هەبێت لە هەموارکردنی هەندێک لە یاساکان لە بەرژەوەندیی ئافرەتان.
نابێت لەبیر بکەین کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە باوەڕی بە توانا و ڕۆڵی ئافرەت هەیە؛ لەم تێڕوانینەی بۆ هێز و توانای ئافرەت، دەرفەتی بۆ ئافرەتان ڕەخساندووە وەک ئەندام لە حزب و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش لە شوێنی بڕیاردان ڕۆڵیان زیاتر بێت. لەم سۆنگەوە ڕێکخراوی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان توانی لەژێر چەتری ڕێبازی بارزانیی نەمر ببێتە ناوەندێک بۆ پرسی ئافرەت و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی شکۆمەندیی ئافرەتانی کوردستان. بێگومان هەوڵی بێوچانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بۆ پتەوکردنی بنیادی خێزان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و یەکسانی و نیشتمانپەروەری، جێگای سەربەرزییە. کەواتە، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، ناوەندێکە بۆ پەرەدان بە توانای ئافرەتان و پێگەیاندنی ئافرەتی نیشتمان و خێزانپەروەر.

