هاوژین ڕەسوڵ
یەکێک لە جۆرەکانی توندوتیژی لە ڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە دەکرێت. توندوتیژیی ئەلیکترۆنی جۆرێکی بەبڵاوی توندوتیژییە لەسەر ئاستی جیهان، ئەویش بە دوو ڕێگە ئەنجام دەدرێت: ڕێگەی میدیا و ڕاگەیاندن، لەگەڵ ڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندی و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا. بەپێی هەندێک توێژینەوە، توندوتیژیی ئەلیکترۆنی لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو سەریهەڵداوە، ئەویش لە ڕێگەی بەرنامە و ژانرە میدیاییەکان و یارییە ئەلیکترۆنییەکان و فیلم؛ توندوتیژی بەکارهاتووە و کاریگەریی لەسەر مرۆڤ پەیدا کردووە. بەڵام جۆرەکەی دیکەیان، واتە لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مێژووەکەی زۆر کۆن نییە و لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا زیاتر پەرەی سەندووە. لە هەرێمی کوردستان توندوتیژیی ئەلیکترۆنی زیاتر لە ساڵی ٢٠٠٧ پەرەی سەندووە و بڵاو بووەتەوە. بەداخەوە ساڵ بۆ ساڵ لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا گۆڕانکاری بەسەر جۆرەکانی توندوتیژیدا هات و لە ئێستادا توندوتیژیی ئەلیکترۆنی ڕێژەیەکی بەرزی تۆمار کردووە لەناو ئاماری ئەو توندوتیژییانەی تۆمار دەکرێن.
بێگومان توندوتیژیی ئەلیکترۆنی کاریگەری و لێکەوتەی زۆر خراپی کردووەتە سەر کۆمەڵگەی کوردستان و بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکە شوێن بە جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی لێژ دەکات و دەگاتە پلەی یەکەم. ڕۆژانە توندوتیژیی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێت، ئەمەیش کاریگەریی درێژخایەن و کورتخایەنی هەیە لەسەر کۆمەڵگە. درێژخایەنەکان زیاتر مەترسین بۆ سەر مرۆڤ و تاک، چونکە هەندێک جار بەهۆی تێپەڕبوونی زەمەنیش کاریگەرییان هەر دەمێنێت؛ بۆ نموونە هەندێک توندوتیژی هەیە دوای چەندین ساڵ لەسەر ئەنجامدانی، هێشتا کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە ماوە. بەپێچەوانەوە، هەندێک بابەتی توندوتیژی وەک وروژاندن و هەڕەشە و چەند بابەتێکی دیکە، ئەمانە کورتخایەنن و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک یان چەند مانگێک کاریگەرییان هەیە لەسەر کۆمەڵگە. خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کۆمەڵگەی ئێمە لە سەرەتای پرۆسەکەدایە و ناڕۆشنبیریی تاک و نەبوونی پابەندیی یاسایی زیاتر وای کردووە توندوتیژیی ئەلیکترۆنی بەرەو هەڵکشان بچێت.
بەهۆی ئەوەی پەرەسەندنی ئەلیکترۆنی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا درەنگتر گەیشتە هەرێمی کوردستان، ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە توندوتیژی و بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کەمتر پڕژاونەتە سەر وردەکاریی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی؛ واتە بۆشایی یاسایی هۆکارێکە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکە و یاسا بەرکارەکان پێویستیان بە هەموارکردنەوەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ قۆناغەکە و پێشکەوتنەکانی سەردەم. ڕۆشنبیریی تاک هۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی و پێویستە تاک بەشێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکات. تا ئاستی ڕۆشنبیریی بەکارهێنەر بەرزتر ببێتەوە، ئەوەندە پێشێلکاری و ئەو تاوان و توندوتیژییانەی لەو ڕێگەیەوە ئەنجام دەدرێن کەمتر دەبنەوە. هۆشیاریی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەسەر بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ناوەندە ئەکادیمییەکانیشە کار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بکەن.

