رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی.. سەركردەی ئاشتی لە جوگرافیایەکی ئاڵۆزدا

د. خالیدە خەلیل
کاروانێکی پڕ لە دەسکەوت بۆ زیاتر لە پێنج دەیە درێژ دەبێتەوە، تێیدا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی وەک یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەکانی کورد لە داڕشتنەوەی هاوکێشەکانی سەقامگیریی ناوچەکە دەرکەوتووە. جەنابیان خودان پڕۆژەیەکی سیاسی و مرۆیین؛ دیالۆگ و حیكمەت وەک نەهجێکی نەگۆڕ بۆ گۆڕینی گرژی و ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گۆڕەپانی لێکتێگەیشتنی هاوبەش دەگرێتەبەر. تەنانەت لە ناهەموارترین ساتەکانی گڕگرتنی جوگرافیای ناوچەکەدا، سەرۆک بارزانی هەمیشە گرەوی لەسەر زمانی گفتوگۆ و پەیوەندی کردووە، بەو باوەڕەی کە پردی پەیڤ و ئاخاوتن، شوێنەواراریان هەمیشەییترە لەو وێرانکارییانەی ململانێکان بەجێی دەهێڵن.

سەرۆک بارزانی سوور بووە لەسەر گۆڕینی ئەم پرەنسیپە بۆ بەرنامەی حوکمڕانی کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە دامەزراوە و دادپەروەری بۆ هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر دەکات؛ ئەو گەلانی ناوچەکە بە وزەی ئاشتی دەبینێت نەک سووتەمەنیی شەڕ. لە تێڕوانینی ئەودا، ئاشتی بژاردەیەکی کاتی یان هەنگاوێکی تاکتیکی نەبووە، بەڵکو بەهایەکی نەگۆڕە کە لە پێشەنگی کارەکانیدا دێت و لەپێش هەر دەسکەوتێکی تێپەڕەوەیە، ئەمەش لەو باوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – بە کانگا مێژوویی و ڕۆحییەکەیەوە – پێداویستییەکی وجوودییە و لە سەرووی هەموو ئیعتیبارێکەوەیە.
ناوچەیەکە لەژێر قورسایی دابەشبووندا دەناڵێنێت و پشێوی خۆی لێ مەڵاسداوە، سەرۆک بارزانی درک بەوە دەکات ئاشتی تەنها دروشم نییە، بەڵکوو تاکە ڕێگەیە بۆ ڕزگاربوون و بەردەوامی، هەروەها داینەمۆی بنیاتنانی سبەینێیەکە، کە کارەساتەکانی دوێنێ بەرهەم نەهێنێتەوە.
لە ناوخۆیی عێراق و لە چەقی گۆڕانکارییەکانی ئۆپۆزیسیۆندا، کۆنگرەی سەلاحەدین لە ساڵی ١٩٩٢ (کە دووەم وێستگەی ئۆپۆزیسیۆن بوو دوای کۆنگرەی ڤیەننا)، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی تێدا گێڕا؛ بەو حیكمەت و دووربینییەی هەیبوو، توانی کۆنگرەکە بکاتە فەزایەک بۆ داڕشتنی پڕۆژەی دەوڵەتێک، کە ددان بە فرەیی پێکهاتەکانیدا بنێت، لامەرکەزییەت وەک ڕێگەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی بگرێتەبەر و پێگەی سیاسی و ئیداریی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی گشتگیردا جێگیر بکات.
ئەم ڕۆڵە لە کۆنگرەی لەندەنیش لە ساڵی ٢٠٠٢ بەردەوام بوو، وەختێک سەرۆک بارزانی تێڕوانینێکی چڕوپری بۆ قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێم خستەڕوو، کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی، یەکێتیی ئارەزوومەندانە و فیدراڵی، بنیاتنانی دەوڵەتێک کە بە دامەزراوەکان بەڕێوە ببرێت و مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت. دیدگا و بۆچوونەکانی لەم دوو کۆنگرەیەدا لە دامەزراندنی ئەو ژێرخانە فکری و سیاسییەی کە پڕۆسەی بنیاتنانەوەی دەوڵەتی دوای ٢٠٠٣ لێوەی دەستی پێکرد، و چەمکی عێراقی فیدراڵیی وەک فۆرمێکی هاوسەنگی چەسپاند کە فرەیی دەپارێزێت و دەیکاتە سەرچاوەی هێز.
لەکاتی گواستنەوە بۆ قۆناغی نووسینەوەی دەستووری ٢٠٠٥، شوێنپەنجەی جارێکی دیکە دەرکەوتەوە. ڕۆڵێکی دامەزرێنەری بینی لە ئەندازیاریی هاوکێشەیەکی ورد کە زامنی مافی هەموو پێکهاتەکان بکات لە چوارچێوەیەکی فیدراڵیدا. لە ڕێگەی دانوستانی چڕ و ڕوانینی بۆ ئایندە، کاری کرد بۆ چەسپاندنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و بنیاتنانی هاوسەنگییەکی نیشتمانیی ڕاستەقینە کە عەرەب، کورد، تورکمان، کریستیان، ئێزیدی، شەبەک، فەیلی، کاکەیی و ئەوانی دیکەش لە پڕۆژەیەکی یەکگرتوودا بۆ داڕشتنی ئایندەی وڵات کۆبکاتەوە، دوور لە هەر مەیلی پەراوێزخستن یان هەیمەنەکردن.
بەو شێوەیە پڕۆژە سیاسییەکەی بەرەو عێراقێکی فرەیی ئاڕاستەی کرد، کە هێزەکەی لە مۆزایکە مرۆییەکەیەوە وەردەگرێت و دەوڵەتێکی یاسا حوکمڕانی دەکات و بە دامەزراوەکان بەڕێوە دەبرێت نەک بە مەنتقی زاڵبوون؛ دەوڵەتێک توانای لەئامێزگرتنی جیاوازییەکانی هەبێت و بیانکاتە کۆڵەکەی سەقامگیری نەک پشێوی.

لە سیاسەتی دەرەکی و هەرێمیدا، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی وەک ئاسانکارێکی ستراتیژی و دروستکەری پردی پەیوەندی بە جوانی دەرکەوتووە. هەوڵەکانی لەم دۆسیەیەدا ڕێڕەوێکی دوورودرێژی گرتەبەر، کە بە هەوڵە سەرەتاییەکانی ناوبژیوانی لە سەرەتای نەوەدەکان لە تورکیا دەستی پێکرد، دواتر بە ئارستەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ ڕۆیشت، تا گەیشتە هەوڵە هەنووکەییەکانی دیمەنی ئێستای ٢٠٢٥دا. بە درێژایی ئەم دەیانە، بارزانی پارێزگاری لە پرەنسیپێکی نەگۆڕ کردووە: وەبەرهێنان لە پەیوەندییە مێژووییەکەی لەگەڵ هەردوو لادا بۆ خوڵقاندنی فەزایەک بۆ متمانەی دوولایەنە و کارکردن بۆ پووچەڵکردنەوەی گرژییەکان تەنانەت لە سەختترین کاتەکاندا.
لە قۆناغی ئێستادا، دیدگاکەی چڕ کردووەتەوە لەسەر خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ئاڵنگارییەکانی قۆناغەکە و سوودوەرگرتن لە وانە تاڵەکانی ڕابردوو، بە جەختکردنەوە لەوەی کە ناوچەکە بە وەرچەرخانێکی چارەنووسساز و هەستیاردا تێدەپەڕێت پێویستی بە تێڕوانینی هەموو لایەنەکانە بۆ تێپەڕاندنی حیساباتی کاتی بە ئامانجی بنیاتنانی ئاشتییەک توانای مانەوە و بەردەوامی هەبێت، ئاسایشی تورکیا بپارێزێت و مافە کولتووری و سیاسییە ڕەواکانی کوردیش زامن بکات.
سەبارەت بە دۆسیەی سووریاش، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی وەک زنجیرەیەکی پێکەوەبەستراو لە دەستپێشخەری چەسپاندنی سەقامگیری بوو لە ڕێگەی یەکڕیزیی کورد و چارەسەری سیاسییەوە. ئەم هەوڵانە وەڵامدانەوەیەکی کاتی نەبوون، بەڵکو درێژکراوەی تێڕوانینێکی پێشوەختە بوون کە لە چەندین وێستگەی گرنگدا گەڵاڵە بوون. ڕێککەوتنی دهۆک لە تەممووزی ٢٠١٢، کە تێیدا دەستپێشخەری کرد بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و پارتی یەکێتیی، بە یەکەم کۆڵەکەی بنیاتنانی هەڵوێستێکی کوردیی یەکگرتوو دادەنرێت. بەدوایدا هەنگاوی بەردەوام هاتن هەوڵیان دەدا مەرجەعێکی سیاسیی هاوبەش گەڵاڵە بکەن بۆ یەکخستنی بڕیاری کورد لە سووریا و بەهێزکردنی پێگەی دانوستاندنیان.
ئەم هەوڵانە لە ڕێگەی گەڕی دانوستانی چڕەوە بەردەوام بوون تا گەیشتنە وێستگەیەکی نوێ لە ساڵی ٢٠٢٢، پێش ڕێککەوتنی ئازاری ٢٠٢٥ کە پوختەی ڕێڕەوێکی دیپلۆماسیی درێژخایەنە. ئەم ڕێککەوتنە پڕە لە ڕۆحی تێڕوانینە پێکەوەسازەکەی سەرۆک بارزانی، جەخت لە زامنکردنی مافی کورد لە دەستووری سووریا و چەسپاندنی بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان دەکاتەوە، بە شێوەیەک کە پێگەی سروشتی بۆ ئەم پێکهاتە جەوهەرییە دەگەڕێنێتەوە و لە دووڕیانی پەراوێزخستن و ململانێی چەکداری دەریدەهێنێت، بەمەش ئاسۆیەکی واقیعی بۆ ئاشتی دەکاتەوە کە شایستەی قوربانیدان و هیواکانیان بێت.
هێڵی ئاشتی لای سەرۆک بارزانی وەک دەزوویەک بووە کە دیدگا ستراتیژییەکەی پێکەوە گرێ دەدات: بەدوای سەرکەوتنی کاتیدا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای سازانی دادپەروەرانە و بەردەوامدایە؛ بە کاردانەوە کار ناکات، بەڵکو متمانە لە ڕێگەی هەنگاوی کەڵەکەبوو و دیالۆگی بەردەوامەوە بنیات دەنێت؛ لایەنگری گوتاری هێز ناکات، بەڵکو دەنگی حیكمەت و ئەزموون بەرز دەکاتەوە کە بانگەواز دەکات بۆ گۆڕینی وانەکانی ئازار و جینۆساید و پەراوێزخستن بۆ دەرفەتی ئاشتی.
بەو مانایە، ڕۆڵی لە دۆسیەی هەرێمی – لە عێراقەوە بۆ تورکیا و سووریا – کاتی یان تاکتیکی نەبوون، بەڵکو بەشگەلێکی پێکەوەبەستراون لە پڕۆژەیەکی گەورە و جەوهەریدا. ئەم پڕۆژەیە لە باوەڕێکی پتەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئایندەی کورد بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی بەستراوەتەوە بە سەقامگیری و هاوکاریی ژینگە هەرێمییەکەیەوە، و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەش پەیوەستە بە بەدیهێنانی دادپەروەرییەک کە لە نێوان مافە ڕەواکانی گەلان و بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەتاندا، لە چوارچێوەی ڕێزی دوولایەنەدا، هاوسەنگی دروست بکات. بەم شێوەیە، بارزانی — لە سیاسەتەکەیدا — وەک پیاوی ئاشتی و کۆگای متمانە مایەوە کە یادەوەریی مێژوویی گەلانی ناوچەکە کۆدەکاتەوە.
قسەکردن لەسەر بەشداریی سەرۆک مەسعود بارزانی لە پڕۆسەکانی ئاشتیی ناوچەییدا تەنها گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵکو بەدواداچوونە بۆ ڕێڕەوێکی زیندوو و بەردەوام، کە هێشتا بە حیكمەت و تێڕوانینی پێگەیشتووەوە نەخشەی ناوچەیەکی ئارامتر و هاوسەنگتر لە جوگرافیایەکی پڕ لە کێشمەکێشدا دەنووسێتەوە. ئەمە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لە ڕێگەی خۆگونجاندن لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی هەر قۆناغێک و وەرگرتنی پەند لە هەر هەوڵێک، زمانی دیالۆگ — هەرچەندە سەختیش بێت — تاکە ئامرازە کە توانای نووسینەوەی ئایندەیەکی شایستەی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە هەیە و دەیانپارێزێت لە پشێوی و ناسەقامگیری.