رۆژنامەی ھەولێر

تەندروستی و مامەڵەکردن لەگەڵ زیرەکیی دەستکرد

هانا هادی
‎پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژیەکان خەریکە بەبێ جیاوازی تێکەڵاوی ژیانی هەموو تاکێکی کۆمەڵ دەبێت. زیرەکی دەستکرد بووە بە هاوەڵ و بانکی زانیاری و پرسگەی هەمووان.
‎تا ئێرە زۆر گرنگ و بەسوودە بەڵام کاتێک بابەتە پەیوەست دەبێت بەتەندروستی ، وەک گرنگترین سەرمایەی مرۆڤ، پێویستی بەهەڵوەستەی زیاترە.
‎تەندروستی بابەتێکی زۆر هەستیار و پڕ بایەخە، بواری تاقیکردنەوەی تێدانیە ئەگەر لەسەربنەمای زانستی سەلمێندراو نەبێت.
‎ئەگەر پرسیارەکەمان کورت بکەینەوە، ئایا دەکرێت دەربارەی تەندروستی و نەخۆشیمان لە چات جیپیتی و زیرەکی دەستکرد بپرسین ؟
‎بەڵێ دەتوانین بەڵام تەنها بۆ وەرگرتنی زانیاری و شارەزابوون.
‎ناکرێت بیکەیتە جێگرەوەی پزیشکی خۆت، لەبەرچی؟ ئایا پزیشک لە زیرەکی دەسکرد، زیرەکترە؟
‎نەخێر ، زیرەکتر نیە بەڵام بۆ تەندروستی و نەخۆشیەکەی تۆ لە chat gpt باشترە و سەلامەتترە.
‎ بۆچی ؟ چونکە راستە زیرەکی دەستکرد بانکێکی یەکجار فراوانی زانیارییە، بەڵام چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو زانیاریانە دەوەستێتە سەر (تۆ) ی بەکارهێنەر کە چ پرسیارێکی ئاراستە دەکەیت و چی داوا لێدەکەیت.
‎هەروها چ جۆرە زانیاریەکی تایبەتی خۆتی پێدەدەی. هەر هەڵەیەک لەو دوو خاڵەدا هەبێت، وەڵامی دروست بەڵام (هەڵە بۆ حاڵەتی خۆت) وەردەگریتەوە.
‎جگە لەوەی زۆربەی زانیاریەکانی زیرەکی دەستکرد گشتین و حاڵەتەکی تۆ تایبەتە؛ دەکرێت ئەو زیرەکەی تۆ بەکاریدەهێنێت، زانیاری پێویستی تێدا تۆمارنەکرابێت یان نوێ نەکرابێتەوە.
‎سەرەرای هەموو ئەمانەش کە باسکران، لە پیشەی پزیشکیدا، کارامەییەکی گرنگ هەیە پێی دەلێن Clinical aproach skill کارامەیی نزیک بونەوەی نەخۆشی ، ئەوە تایبەتمەندیەکی پیشەیی مرۆیی یە هەرگیز لەژیری دەسکرد دروست ناکرێت، وەک چۆن ناتواندرێت هەست و هۆشی تێدا دروستبکرێت.
‎ چونکە ئەوانە تایبەتمەندی جیاکەرەوەی مرۆیین، لەگەڵ هەموو پێشکەوتنەکانیشدا نەتواندراوە وە ناتواندرێت ئەو هەستە دروست بکرێت.
‎ لەکۆتایی دا ، دەتوانیت سوود لە زیرەکی دەسکرد وەربگریت و زانیاری لێوەربگریت بەڵام هیچ کات نابێت بیکەیتە جێگرەوەی پزیشک بۆ بڕیاردان و دەستنیشان و چارەسەرکردن .