رۆژنامەی ھەولێر

سێوە دەنگێک بەنەمـــــــــــری دەمێنێتەوە

خوسره‌و جاف
سەرەتای ساڵانی ٦٠ بوو، بۆ یەکەمین جار گوێگری (سێوە) بووم، لەمێژدا دەنگیم نەبیستبوو، کە بیستم لەباری ئاھەنگ و ریتمی مەقامەوە، دەنگ خۆشییەکەش سەر باقی. ڕوانیم ئەو دەنگ و جۆری گورانییانەی کەدەیچڕێ لە ھەست و فکری منەوە نزیکە، بۆیە وردە وردە کەوتمە بە دواداچوونی لێرەو لەوێ بڕێک زانیاریم بەدەست ھێنا، ئەوسا بەدەستھێنانی زانیاری وەک ئێستا خۆڕایی بەدەست نەدەھات. ھەر چۆنێک بوو زانیم پەیڕەوی ئایینی کریستیانە و لەشاری کویسنجاقدا ھاتووەتە دونیاوە، ئەو شارەم لە نزیکەوە نەدیبوو، ئەوەندەم زانیبوو شاعیری شیعری (ئەی ڕەقیب) دڵدار لە شاری کۆیەدا ھاتووەتە دونیاوە.
بۆمن تەواوی ئایینەکان ئەوانەی باوەڕیان بە یەکتایی ھەبێت ھەر ھەموویان بۆ من (خوسرەو) ڕێزدارن، تەواوی رووبارەکانی جیھان شەڕی دارو بەرد شاخ دەکەن تا خۆیان بڕژێنە دەریاوە. ھونەر ئەگەر ھونەرێکی پەسەند بێت بەلامەوەو ھونەرو ڕێزی تایبەتم بۆی ھەیە با ڕەنگی میللەتەکەی ڕەش بێت، یان سپی، یان سوور یان زەرد بێت، بیر لە ڕەنگ و رەگەزی ئەو میللەتە ناکەمەوە. با کریستیان یان جو یان بودائی، یان ئیزیدی، یان یارسانی، یان شیعە، یان سوننەمەزھەب بێت، ئەوانە لە عەقڵی ئەم بەندەی خودایەدا جێگەی نابێتەوە.
ھونەر ئەگەر دەنگ بێ ئەگەر فۆرم بێ، ئەگەر قەبارە، یان تابلۆیی یان سەما یان ھەر جولانەوەیەکی ھونەری مرۆڤ بیکا یان دیمەنێکی سروشتی جوان بێت بۆ من یەکن، وەک وتم تەواوی رووبارەکان ئاوات و ئارەزوویانە بڕژێنە ناو دەریاوە.
رووبار دەریا بە دایکی دەزانی بیر لەوە ناکاتەوە لە چەند جۆگەلە و کانی پێکھاتووە. منی گیرۆدەی دەستی خۆم بەدەست خۆمەوە زەلیلم .
خاڵە (سێوە) پەیڕەوی ئایینی کریستیانە لێی گەڕێ بابێت، ئەو بەو سۆز و دەنگە نازدارەیەوە کە دەڵێت ئەوەڵ سەحەرە
یان دەڵێت: ئەرێ گوڵێ، یان ئایشە گوڵ
من چۆن دەتوانم فەرامۆشی کەم و لە نھۆمی سەرەوە جێگەو پێگەی شایانی بۆ دانه‌نێم؟

بیرمە کاتێک خۆم گەیاندە تاران و کولێژی ھونەرەجوانەکان (رشتەی میعماری) لەگەڵ ئەشێ ئازیزمدا یەشتا نەبووه‌بووە خێزانم پێش ئەوەی بڕۆم بۆ کولێژی خۆم دەبوا لەپێشدا ئەویشم بگەیاندبایە کولێژەکەی. چوار ساڵ بۆ یەکجار لەو ھاتوچوویە دوانەکەوتم تا کولیژی تەواو کرد، جارێک پێم وت پرسیارێک:

ئەرێ تۆ سێوە دەناسی؟
وتی: نا نایناسم ژنە یان پیاوە؟
نەخێر پیاوەو ھونەرمەندێکی کوردی کریستیانە و زۆرتر ھەر مەقامبێژە.
شاخی ئەلبورز سپی پۆشبوو لوس بوو لە بەفردا زانکۆکەی (ئەشی)لە بەشی سەرەوەی شاری تاراندا بوو، ئەوکات لە ھەڕەتی گەنجیەتیدا بووم، تەنکە دەنگیکم بەلاوە بوو، جارەوبار گۆرانیم بۆ (ئەشی) ئازیزم دەچڕی
وتی:دەتوانی یەکێک لە گۆرانییەکانی بچڕی؟
ئیدی نەختێک لە مەقامی (ئەوەل سەحەرە)م بۆ چڕی گەلێک بەلایەوە خۆش بوو:
وتی: بێ شک ئەم ھونەرمەندە شریتی ھەیە ھەرچۆنێک بووە شریتەکەیم بۆ پەیداکە.
ئیدی ئەشی ئازیزم ئەویش بوو بە یەکێک لە پەیڕەوانی خاڵە سێوە.
سێوە لە ساڵی ١٨٩٠ لە شاری کۆیە لە خێزانێکی کریستیان ھاتووەتە دونیاوە ئەو دەم کۆیە وا گەورەو پان و پۆر نەبووە، ھەموو کۆیە چەند گەڕەکێک بووە، سێوە لە گەڕەکی (بەفری قەندی)دا ھاتووەتە ئەم جیھانە پڕ سەیر و سەمەرەوە وە ٧٣ ساڵ ژیاوە و لە ڕۆژی ٩/١٢/١٩٦٣ کۆچی دوایی کردووە.
سێوەی ھونەرمەند تایبەتمەندیەکی خۆی ھەبووە لە ھیچ مەقامبێژەکان لاسایی نەکردووە و شێوەی وتنی تایبەت بەخۆی هەبووە.

لەبیرمە کاتێک لە بەغدادا بووم ھاوڕیەکی ئازیزم بەناوی (حەمید سەعید) لەناو ئوتومبێلەکەمدا بوو بە ڕێکەوت شریتی (سێوە)لەسەر کاربوو (حەمید) ئاگاداری دونیای ئاھەنگ و ریتم و نۆتە بوو، پرسیم ئەم دەنگە بەلاتەوە چییەو چۆنە؟
تۆزێک ورتر گوێڕایەڵ بوو، وتی: ئەم جۆرە ئاھەنگانە تایبەتمەندی کەنیسەکانەو وەستاکارانە کراونەتە کوردی.
لەشاری کۆیە لەمێژووەوە مەقامبێژی باشی تیادا بووەو لە سەدەکانی ھەژدەو نۆزدەوە داکشاوەتە ناو شاری کۆیە و بڕێکی بەرچاوی تیادا ھەڵکەوتووە وەک: ئەمین ئاغای حوێزی ناسراوە بە (ئەختەر)ی شاعیر و ھەروەھا مەقامزانیش بووە ئەوە حاشاھەڵنەگرە ئەو زاتە دەکرێ بڵێیت یەکێک بووە لەو کەسانەی لەو شارەیدا بەردی بناغەی مەقاماتی داناوەو مەقامە کۆنەکانی نوێ کردوەتەوە ھەروەھا مەقامزان (نەشئەتی ڕەشید ئاغا) دیوەخانەکەی وەکو تۆمارگەیەک وابووە و زۆربەی مەقامبێژان لەو دیوەخانەیدا ھونەری خۆیان نواندووە.
با ئەوە لەبیر نەکەین سێوە کوتومت چاولێکەر نەبووە سێوە داھێنەر بوو .
بەڵێ سودی لەچۆنیەتیی مەقامبێژانی ڕابردوو وەرگردووه‌، بەڵام پەنجەمۆری خۆشی لێداوە و ھەر بە بیستنی یەکسەر دەزانرێ ئەوە سێوەیە، ئەو ریتم و ئاھەنگی مەقامە کاروکردەوەی سێوەی داھێنەرە.
سێوە لە ساڵی ١٩٥٢دا ڕوودەکاتە شاری بەغداو خۆی دەگەیەنێتە ئێزگەی کوردی و لەوێدا چەندین مەقام بە شێوەی خۆی تۆمار دەکا بەتایبەت مەقامی (پایز) کەم کەس وەک سێوە وتویەتی بەندە ئەگەرچی مێردمنداڵ بووم سەرسامی ئەو شێوە مەقامەی بووم کەتیادا دەڵێت:
گەلی برادەرینە
ئەمن پایزەکەم گەیتێ
چ پایزێکی فەقیرە
کە دارەبەنی ماڵ وێران
سێبەری خۆی لەمن دەکاتە سەرەتیرە
ئەگەر دری خەرکی ئەو عەیامەی
بریندارە بە شیران بە تێران
بە ماری دە دنیایێ
بەڵام دری منی غەریبە مارێ
بریندارە لو کیژۆرەکی چاردە ساران
تازە مەمکوڵانی گەڕاینەوە شیرە.

سێوە بێ پشت و پەنا لەگەنجیەتیدا دڵی دەکەوێتە ترپە ترپی دونیای عاشقی و عاشقی کچە ھاوئاینێکی خۆی دەبێ بەناوی (وارێ) کە کچی پیاوێک بووە بەناوی یوسف، ھەر ئەو عەشقە ناکامە بوەتە ھۆی کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی دونیای مەقام و سۆزی عشقی سێوە سنوور و مەرزە ناسراوەکانی مەقام دەشکێنێ.
حەسرەتی عشقی سازندە قفلەکان دەکاتەوە (سێوە)ی راستەقینە دێنێتە وجود ئەوسا کابرایەکی گەرمیانی وەک من دوای زۆرتر لە سەدەیەک ساڵ قەلەمبەدەست دەربەدەر لە دەرگاکان دەدەم بەدوای ھونەرمەندێکی عاشقی لێھاتووی وەک سێوەیدا ئەوەشم لا ڕوونە سۆزی عشق چەندە پڕ لەئازار بێ چەندین ئەوەندە دەبێتە ھۆکاری داھێنان لەو ڕێگەوە وەک لاواندنەوەی (زات) کارێکی پڕ لە زەرافەت لەبوارێکدا ئەنجام دەدا کە لەمێژدا نەکراوە لەوەگەڕێ کۆمەڵگای ئێمە گەلێک دژوارو دژە بەرانبەر داھێنان و دەق شکاندن ئەو عاشقی ھەروەھابوونە ھەرکەسێک لەو (موعادەلەیە) وەدەرچێت لەزۆر لاوە پەلامار دەدرێت و دونیایەک تۆمەتی پیا دەکرێت و بە ئەوپەڕی بێ رەحمیەوە مامەڵەیەی عه‌قڵی خێلانەی لەگەڵدا دەکرێت، من بۆخۆم بەو قۆناغەیدا گوزەراوم و نرخ و بایی یەک (قەران)م بۆ دانەناون ، ئەو جۆرە وتووێژ و تێفکرینە بە مانگەشەو وەرینە سێوێ عاشقی بێ کەس و خویش و عەشرەت دەستبەرداری ئازارەکانی نەدیوەو ئەو ژان و ناکامیەی کردوەتە پردو بەسەریا گوزەراوە، (واری)ی نازدار و خنجیلانەی مەمک فنجان بەژن و باڵابەرزی دالاوێنیە و سنگ و ڕوخسار سپی گەردەن بەرزی کەڵ وێنەی پەلکە ڕەشی قەترانی چاو چ چاو، چاوی سەفر و شاھین و دوبرا دوگمەی سنگی مەمکان قووت و بازو دەست و پەنجەی شمشاڵی شەنگ و شوڕی نازدار…
ئەوانە ھەر ھەموو ھاندەری دڵی شەیدای سێوە بوون تا بۆخۆی داھێنەر بێت و لە دونیای چاولێکەرییەوە بەدوور بێت ئەو توانیویەتی زۆر شت ببینێ ببیستێ، کەسانی تر ئەو بەھرەیان تیادا نەبووە ئەو توانیویە گوێڕایەڵی دوعاو نزای حاجیان لە حەج سۆفیان لەغەرب دەنگی زەنگی کلێساکان ھەمیشە فکر و زکری (سێوە) بەسەر بۆنەھات و سەختی دژواریەکاندا سەرکەوتوە و لە دونیای بێ کەسی و بێ پشت و پەناییدا نغرۆ نەبووە و پڕ بەدەم ھاواردەکا گەلی برادەرینە ئەوەسا منم، من منم، من منم لەنێو گڕدا گوڵی ئاگرین دەچنم.

دەمەوێ پەنجە لەسەر خاڵێکی گرینگی سێوە دانێم ئەو بە وردی ئاگاداری ژینگەی کوردەواری بووە لە گوڵ و بۆ دارو درەخت ئاوو بەفر و سەرماو کڕێوەو گەرماو باوبارانی کوردستان ئاگادار بووە، بۆیە لە زۆربەی مەقامەکانیدا ئاماژەیان بۆ دەکاو بە دەنگە گڕە پڕ لە ریتمەکەی شنەی با شاخ و چیا دەشت و دەر خوارتاسەر ژینگەی کوردستان تێکەڵی عەشقە مەزنەکەی دەکاو دڵ و دەروونی گوێگرانی دێنێتە جۆش و خرۆش و دەدەن لە دەرگای عەقڵ و ھۆش.
جا برای خوێنەرم ئاوا کەسێک ئاوا سۆز و لاواندنەوەیەک شایانی ئەوە نییە من و تۆ رێزی تایبەت لە ھونەرمەندە شایستەیە بگرین و بیرەوەری ئەو زاتە بەرز بنرخێنین؟