بەکر کەریم حەسەن*
(ڕیچارد كارلسون) نووسەر و وتاربێژی ئەمریكی دەڵێ: “گرینگی بە كاروبارە بچووكەكان مەدە، کە هەموو كاروبارەكانیش بچووكن”.
بێ شك لە ژیانی ڕۆژانەی هەر مرۆڤێكدا كۆمەڵێ بابەت و كاروباری ڕۆژانە هەن و ڕوو دەدەن و كاریگەری و قەبارە و گرینگی و بایەخیان جیاوازە، گرینگە مرۆڤ جەخت لەسەر بابەتە بچووكەكان نەكاتەوە، چونكە گرینگیدان و بایەخدان بە بابەت و كاروباری بچووك و سادە هەم كات بەفیڕۆدانە هەمیش بیر و هەستی مرۆڤ پەرتەوازە و ئیفلیج دەكات؛ سەرەڕای ئەوەی دەبێتە مایەی دوودڵی و ڕاڕایی كە ئەوەش خۆشی و لەزەت و چێژی ژیان دەبات. جودا لەوەش هەر گرینگیدانێك بە بابەت و كاروباری بچووك مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە گرینگیدان بە بابەت و كاروباری گەورە و پێویست كە پەیوەندی ڕاستەوخۆ و كاریگەرییان بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە. بۆیە گرینگە هەوڵ بدەین و خۆمان ڕابهێنین لەوەی بابەتگەلێكی سادە و ساكار و بچووك و پووچ فەرامۆش بكەین و بەلاوەی بنێین و بەدواید انەچین؛ چۆن دەڕوات چی بەسەر دێ با وا بێت بۆ ئەوەی دانەبڕێین لە بابەتە گرینگ و چارەنووسسازەكان، كە ئەوەش داواكراو و پێویستە، لێرەدا گرینگە هەوڵ بدەین پشوودرێژ و ڕازی و هێور و ئاسوودە و تێگەیشتوو و بەئاگا و ئەرێنی بین لەو شتانەی كە لە دەوروبەرمان ڕوو دەدەن.
دەگێڕنەوە “مامۆستایەك هەروەكو جاران بە پەلە خۆی كرد بە هۆڵی قوتابییەكانیدا و پرسیاری لێ كردن ئەگەرهاتو بڕی (٨٦٤٠٠) دۆلارتان لا بوو لە ناكاو یەكێك هات و دە دۆلاری دزی لێتان ئایا بەدوای دەكەون؟ یانیش بە جێ دەهێڵن و ڕێگای خۆتان تەواو دەكەن. هەموو قوتابیەكان وەڵامیان دایەوە بێگومان بەجێی دەهێڵین و پارێزگاری لە (٨٦٣٩٠) دۆلارەكە دەكەین. مامۆستاكە گوتی كەچی هەندێك كەس پێچەوانەكەی دەکەن و بەدوای دە دۆلارەكە دەكەون و هەموویان (٨٦٣٩٠) دۆلارەكە بزر دەكەن لە پێناو دە دۆلارەكەدا. قوتابیەكان بە سەرسوڕمانەوە گوتیان ئەوە مەحاڵە چۆن؟ كێ وا دەكات؟ مامۆستاكە زیاتر ڕوونی كردەوە گوتی ئەو (٨٦٤٠٠)ـە لە ڕاستی و دروستیدا بریتیە لە ژمارەی چركەكەكانی یەك ڕۆژ لە بەرامبەر قسەیەكی بێزاركەر كە یەكێك پێت دەڵێ یان هەڵوێست و كردەوەی یەكێك تووڕە و نیگەرانت دەكات لە دە چركەدا وات لێ دەكات بیر لەو هەڵوێست و كردەوەیە بكەیتەوە تەواوی ڕۆژەكەت و ئەو دە چركەیە هەموو (٨٦٣٩٠) چركەیەت بەفیڕۆ بدات. دواتر مامۆستاكە بە هێمنی و بە قووڵی گوتی هەرگیز مەهێڵن هەڵوێستێك یان وشەیەكی نەرێنی و نەشیاو، هەموو وزە و بیركردنەوەت پەرتەوازە و لەبار ببات و نیاز و ئارەزوو و بڕیارت بڕووخێنێ و، لەناوی ببات بۆ ئەوەی ڕۆژەكەت بە جوانی بێت، ئەو جۆرە ڕووداوانە تێپەڕێنە و، بیری لێ مەكەرەوە. كات لە پارە گرنگترە و ئەو چركەساتانەی تێدەپەڕن، دەڕۆن و ناگەڕێنەوە.
لێرەدا گرینگە پارێزگاری لە ڕۆژەكەت بكەیت و هەرگیز نەهێڵین شتە پڕوپووچ و بچووکەكانی ژیان گەورەترین گەوهەر و گەنجینەی ژیانمان بدزن. هەر چركەیەك كە دەڕوا ناگەڕێتەوە؛ با بەكاری بهێنین لەو شتانەی كە سوودی هەیە و چێژ و خۆشی و ئارامی و ئاسوودەییی لێ دەبینین و وا لە ژیانمان دەكات بەها و نرخی هەبێت.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

