رۆژنامەی ھەولێر

پێکهێنانی حکوومەت ئەرکێکی نیشتمانی و داواکاری جەماوەرە

شێرکۆ حەبیب
لە وڵاتانی دیموکراسی کاتێک پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، سەرجەم حزبە سەرکەوتووەکان خۆیان ئامادە کردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، تەنانەت هەندێ حزبی بچووکیش خۆیان ئامادە دەکەن دەڵێن ئەگەر یەک لە حزبە بەهێزەکان دەنگی پێویستیان نەهێنا ئەوا ئەگەر هاوپەیمانی لەگەڵیان دا هەیە، هەروەک نموونە لە شانشینی یەکگرتوو هەردوو حزبی محافزین و کرێکاران خۆیان ئامادە دەکەن لەگەڵ ئەوانیش لیبراڵ دیموکرات خۆی ئامادە دەکات بۆ هاوپەیمانی لە گەڵ یەکیان ئەگەر پێویست بوو، مەبەست دوای ئاشکرا کردنی دەنگەکان حزبی زۆرینە دوای ٢٤ کاتژمێر پێکهاتەی حکوومەت رادەگەیەنن.
لە کوردستان وا ساڵێک زیاتر بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەرێت، بەڵام تا ئەمرۆ هیچ تروسکەیەکی رووناکی بەدی ناکرێت، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، هەڵبەتە ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ بەربەستی هەندێ لایەن بۆ پێکهێنانی، سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمە و زۆر نەرمی نواندووە، بەڵام باوەرپێنەبوونی هەندێ لایەن بە پرۆسەی دیموکراسی هەڵبژاردن و هەندێکیان ئۆپۆزسیۆنیان هەڵبژارد، دەبێ ئێمە لەو تێڕوانین و بۆچوونانە ڕزگاریمان بێت کە دەڵێن بەبێ فڵانە حزب و فلانە حزب حکوومەت پێکنایەت، ساتێک هەندێ لایەن هەڕەشە دەکەن بەتێکدانی، کە ئەمانەش لە دژی بەرژەوەندی هاووڵاتیان و کوردستانە، زۆر ئاساییە هەر حزبێک ببێتە ئۆپۆزسیۆن و حزبەکەی تر حکوومەت پێکبهێنێت بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، مەرج نییە هەموو خواست و ویستەکان دابین بکرێن دوور لە ئەنجامی هەڵبژاردن، ئەگەر نا بۆ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەرژەوەندی میللەت و کوردستان وا دەخوازێت پەلە بکرێت لە پيکهێنانی کابینەی نوێ، نەوەکا دووچاری هەڵبژاردنێکی دیکە ببینەوە، کە لەو باوەڕەدام هەر چی بێت ئاکامەکەی ئەگەری هەیە هەندێ لایەن قبووڵی نەکەن بەبیانوی ئەگەر کورسیەک یا سەد کورسی بێنن، هەر هەمان سەنگ و پێگەیان دەبێ، کە ئەمەش تێروانینێکی هەڵەیە و خزمەت بە پرۆسەی دیموکراسی ناکات کە کوردستان پێشەنگ بوو لە عێراق و ناوچەکە، مەرج نییە ئەوەی ئارەزومەندی حزبایەتی بێت لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بێت، و مەرج نییە ئەوەی داوا دەکرێت بەویستی خۆمان بێتە دی، و دەبێ ئەو لایەنانە بەگوێرەی دەنگ و کورسییەکانیان داوای پۆست بکەن، ئەمەش لاوازی و بێ هێزی ئەو لایانە ناگەیەنێ بەڵکو تێگەیشتنی دروستە بۆ پرۆسەی دیموکراسی.