د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی*
ئێستا زیاتر لە هەموو کات پێویستیمان بە ئاشتی ناو خێزان و خۆشەویستی نێو ئەندامانی خێزانە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک شەپۆل و فاکتەری جۆراوجۆری هەنوکەیی هەن، کار لەسەر نەهێشتنی پرەنسیپ و جوانی و بەها خێزانیەکان دەکەن، لە سەروو هەمووشیانەوە تەکنەلۆژیا بۆتە ئامرازێک بۆ لێکترازانی خێزان و کەمبوونەوەی دانیشتن و هەستە تایبەتیەکانی ناو خێزان، لەلایەکی تریشەوە هێشتا گرفتی هۆشیاری خێزانی و هونەری چارەسەرکردنی کێشەکانمان هەیە، چونکە ئامار و رێژەی بەرزی تەڵاق و جیابوونەوە و سکاڵاکانی بواری باری کەسی لە دادگاکان، ئەوە نیشان دەدەن هێشتا توندوتیژیی خێزانی ماوە و پێویستی بە بەرەنگاربوونەوە و هۆشیارکردنەوەی پتری کۆمەڵگە هەیە.
ئیسلام وەک ئایین بنەمای گرنگی لە بواری پرۆسەی هاوسەرگیری و بەڕێوەبردنی خێزان و باری کەسی داناوە، کە هەر یەکێ لەو رێساو بنەما جوانانە دەکرێ چەندان یاسا و رێنمایی و لق و پۆی لەسەر بنیات بنرێ، کە بەجێبەجێکردنیان خێزان دەکەوێتە بەختەوەری و ئاسۆی ئایندەی گەش و رووناک و مسۆگەر دەبێت.
ئەوەی سەرنج بدات لە قورئان و فەرموودە، دەبینێت کە چەندین ئایەت و فەرموودە باس لە خێزان و پاراستنی دەرهاوێشتە ئەرێنیەکانی دەکەن، لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدەن لەمەڕ هەر تەنگژە و کێشەیەکی خێزانی، کە مرۆڤ تووشی سەرەڕۆیی و توندی نواندن و پێشێلکردنی ماف و کەرامەتی یەکتر دەکەن، چونکە هەر هەڵسوکەتێک کە بنەمای رەوای نەبێت و ببێتە فاکتەری توندوتیژی خێزانی مایەی گوناهباری و سەرزەنشتکردنە، ئیدی لە کام لاوە بێت جیاوازی نیە و ئیسلام رەتی دەکاتەوە.
بەداخەوە زۆر جار بە ناوی ئایین و تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئایین، کەشێکی نالەبار دروست دەکرێت و پیاو وەک پلە یەک و ئافرەت وەک پلە دوو وێنا دەکرێت، لەکاتێکدا مرۆڤ چ پیاو چ ئافرەت لە ئەسڵ و بنەڕەتدا خوای گەورە بە یەکسانی دروستی کردوون، ئەوەی لێکیان جیا دەکاتەوە رۆڵ و ئەرکە نەک مرۆڤبوون. خوای گەورە دەفەرمێ: (هُؤ اڵذی خَلقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ ؤاحِدَە) الأعراف: 189، واتە: خوا ئهو زاتهیه كه ئێوهی له یهك نهفس و لهیهك شت دروست كردووە.
بەداخەوە لێكترازان و دوورکەوتنەوە لەنێوان هاوسەراندا پەرەی سەندووە، یان ئەندامانی تری خێزان، زەرەرمەندی یەكەمیش لەمەدا منداڵەکانن، پاشان ژنان، هەندێک لە پیاوان پەنا بۆ ڕەقی و توندی دەبەن، پێیان وایە بەمە دستەڵاتیان دەسەپێنن و دەبێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی نموونەیی ماڵەكانیان بەڕێوە ببەن، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە تەنها ماڵ وێران دەکات و ژن و منداڵ پەرتەوازە دەکات و باری دەروونیی نەرێییان بۆ دورست دەكات و شڵەژان و نارەحەتی لەنێو ئەندامانی خێزاندا پەیدا دەکات.
دیاردە و شێوەکانی توندوتیژی خێزانی زۆر و هەمەجۆرن، ئەگەر مێرد مافی ژنەکەی نەزانێت، یان ژن مافی مێردەکەی نەزانێت، باوک مافی کوڕ و کچەکانی نەزانێت، منداڵەکان مافی دایک و باوکیان نەزانن، ئیدی پێویست ناكات پرسیار لەو نەهامەتی و کارەسات و لێکترازان و تەڵاق زۆرییە بکەین، کە شارەزا و توێژەرانی دەرونی و کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکەن لەم قۆناغە رۆژ بە رۆژ توندوتیژییەکان بەرەو هەڵکشان دەڕۆن و سکاڵا زیاتر دەبن و جیابوونەوەش هەروا پتر! چونکە زیادبوونی تاوان لەناو خێزان و لاوازی متمانە و نەبوونی رێز و خۆشەویستی و، دووربوون لە رۆحی ئایینی و بایەخنەدان بە پارێزبەندی و هۆشیاری خێزانی و کۆمەڵایەتی، دەرەنجامی خراپ دەنێتەوە و هۆکارە بۆ ئاریشە نەک چارەسەر.
كاتێك لە ژیاننامەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ورد دەبینەوە، لە هەڵسوكەتیدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت وەك چۆن عایشە دایكی موسڵمانان (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرمێت: (ما ضرب رسول الله ﷺ شيئًا قط بيده.. لا امرأة ولا خادمًا..) ررواه مسلم.
توندوتیژیی دژی ژنان و ئەندامانی تری خێزان، دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵكو ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژوویی هەیە، لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا خراپ مامەڵە لەگەڵ ژناندا دەکرا، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی سەردەم، ئەم دیاردانە تا ئێستاش لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامن، گرنگە لەوە تێ بگەین کە ئیسلام هەرگیز سەرچاوەی ئەم توندوتیژیانە نەبووە، بەڵکو چارەسەری بۆ دۆزیوەتەوە، کە دەکرێ ئاماژە بەهەندێکیان بکەین:
یەکەم: قورئان بانگەشە بۆ خۆشەویستی و لێبوردەیی و بەخشندەیی لەمەڕ پەیوەندی خێزانی دەکات، خوای گەورە دەفەرمێت: (وَمِنْ ءَايَٰتِهِۦٓ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَٰجًا لِّتَسْكُنُوٓاْ إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً ۚ) الروم: 21؛ واتە: یهكێك له نیشانه و بەڵگهكانی تری خوا ئهوهیه: كه ههر له خۆتان هاوسهری بۆ دروست كردوون بۆ ئهوهی ئارام بگرن به لایەوە و له نێوانتاندا خۆشهویستی و سۆز و میهرهبانی فهراههم هێناوه. ئەم ئایەتە بە تەنیا بەسە كە تێبگەین، بناغەی یەكەمی پێكهێنانی خێزان لە ئیسلامدا بریتییە لە هاوبەشی و پێكەوەژیان و سۆز و خۆشەویستی و بەزەیی، ئەمانەش تەواو پێچەوانەی توندوتیژین.
دووەم: قورئان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، خوای گەورە دەفەرمێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَحِلُّ لَكُمْ أَن تَرِثُوا النِّسَاءَ كَرْهًا ۖ وَلَا تَعْضُلُوهُنَّ لِتَذْهَبُوا بِبَعْضِ مَا آتَيْتُمُوهُنَّ إِلَّا أَن يَأْتِينَ بِفَاحِشَةٍ مُّبَيِّنَةٍ ۚ وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ ۚ) النساء:19؛ واتە: ئهی ئهوانهی باوهڕتان هێناوه دروست نیه بۆتان ژنان به زۆر بكهنه میراتی خۆتان و دهستیان بهسهردا بگرن، (وهكو كهلوپهلی تری ناوماڵ)، ناچاریان مهكهن تا ههندێك مارهییتان بۆ بگهڕێننهوه، مهگهر گوناهێكی ئاشكرا و دیاریان کردبێت و، ژینیان به جوانی لهگەڵدا بهرنه سهر. ئەم ئایەتە راشکاوانە هاوسەر رادەسپێڕێ بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی جوان بکات و کێشە و فشار و توندوتیژی نەنێتەوە و زمانی زبر نەبێت لەگەڵیدا.
سێیەم: لە ژیاننامەی پێغەمبەردا هۆشیاریی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە هەیە، لەگەڵ گۆڕانی ژیان و زیادبوونی فشارەکان، دەرکەوتنی توندوتیژی زیاتر بووە، ئەمەش پێویستی بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و شیکردنەوەی ژیانی پێغەمبەرە (درودی خوای لەسەر بێت)، کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ ژناندا کردووە؛ بۆ ڕاستکردنەوەی تێڕوانینی هەڵە و پێداچوونەوە بە یاسا و نەریتی زیانۆک و پەرەپێدانی کولتووری بەزەیی لەناو خێزان و پەروەردەکردنی ژنان لەسەر مافەکانیان و چۆنیەتیی پاراستنی خۆیان، زۆر لەمێژە ئیسلام ڕێگاچارەی ڕوونی پێشکەش کردووە، لەم بارەوە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرمێت: (خیرُكُم خیرُكم لِأهْلِهِ، وأَنَا خیرُكم لاهْلِی) رواه الترمژی. واتە: باشترینتان ئەو کەسەیە بۆ مال و خێزانەکەی باش بێت، منیش باشترینی ئێوەم بۆ خێزانەکانم.
کەواتە لەم کاتەی راگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، پێویستە هەموو لایەک بایەخ بەم پرسە بدەین و هاوکاری ئەم هەڵمەتە بین، لە پێناو نەهێشتن و کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی بە هەموو جۆرەکانیەوە، چونکە ئەمە هەم خواست و ئەرکێکی ئایینیە، هەمیش پێویستیەکی ژیاری و ژیانە و، هەمووان پێویستمان بەوە هەیە کۆمەڵگە و خێزانەکانمان لە حاڵەتی نائاسایی و گرژی و توندوتیژی بەدوور بێت و، گیانی لێبوردەیی و پێکەوەیی و رێز و خۆشەویستی بکەینە بنەمای سەرەکی ژیانی خێزانیمان.
• ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکار (تەنفیزی) و وتەبێژ و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.

