رەمەزان ئەحمەد مستەفا
لە شنەی کەناری هەستکردن لە هێنانی ئارامی و ئاسوودەیی بۆ جەستە و دەروونی دڵخواز وەک سێبەری پشکۆی گوڵی بەهارەی تازە خۆرەتاو بەرکەوتوو کە ئومێدبەخش و جوانی پەخش لە دنیای نهێنی و پەنهان بۆ جیهانی هەمەرەنگ بە تەنیا ڕستەی خۆت بپارێزە بەسە بۆ ژیانێکی ئارام و سەرکەوتوو لە ژیانی بەنی ئادەمی لە بەجێهێنان و کارکردن لەسەر ئەم وشە بەهادارە، ئەگەر بە ترووسکایەکی کەمیش بێ ئەمە هاوڕێ و هاوکار دەبێ بۆ ڕێی ڕۆشن و دەستگەیشتن بە ئامانجەکان و گەیشتن بە جوانترین دەرەنجامەکان.
ڕستەی خۆت بپارێزە وەک سەربازی ون وایە لە هەستپێکردن بەڵام وەک دەریای بێبن وایە لە ناوەرۆک و سوود و مەفا و بەکارهێناندا. خۆت بپارێزە ئەمە ڕستەیەکی کورتە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوبەشانی لە بەکارهێنان زۆرن، خۆپاراستن جۆرەها واتای هەمەڕەنگ لەخۆ دەگرێت؛ بۆ نموونە: کاتێک دایک بە منداڵەکەی دەڵێ کە خۆی بپارێزی، هەر جارەو بە مەبەستێکی تایبەت ئەم ڕستەیەی لەگەڵدا هاوبەش دەکات، لەوانەیە هەندێ جار بۆ سەلامەتی و تەندروستی بێ یان بۆ دوورخستنەوەی بێ لە وشەی ناڕەوا یاخود مەبەستی پاراستنی بێ لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان هتد.
ئەم ڕستەیە زیاتر لە فەرمانێکی ئەمر دەچێ، کەچی زۆربەی ئاراستەکانی ڕێنمایی و هاوسۆزی لەخۆ دەگرێت، هەموو جار دکتۆرەکان بەم ڕستەیە نەخۆش ڕێنمایی دەکەن و دڵنیایی زوو چاکبوونەوە بە نەخۆشەکانیان دەدەن، ئەم وشە پیرۆزە تا بڵێی گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە دەربڕینی لە ئەمانەت و خۆشەویستییەوە سەرچاوە دەگرێت و، بەکارهێنان و جێبەجێکردنی هەنگاونانە بەرەو شادەماری خۆشگوزەرانی و سەرکەوتن بەسەر سەرکێشیەکان و گرفتەکاندا.
خودای گەورەش دەفەرمێ خۆت بپارێزە ئەی مرۆڤ لە هەموو ئەو شتانەی کە لێمان قەدەغە کردووی؛ کەواتە هەنگاونان و جێبەجێکردنی ئەم ڕستەیە سەرتاپای ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێ لە خراپە بۆ باشە لە باشە بۆ باشتر و باشترین و، بەهای هەوڵەکان بۆ خەونی گەیشتن بە ئامانجەکان و گرتنەبەری ڕێچکەیەکی دروستترمان بۆ دەردەخات، دەکرێ چەند بیرخسنتەوەی بەسوود کە پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەماندا بە کورتی بخەینە ڕوو لەگەڵ ڕستەی خۆت بپارێزە.
خۆت بپارێزە لە وتەیەک کە زیانی بۆ خۆت و دەوروبەرت هەبێ؛ باسی بەسەرهاتی کۆن مەکە، کە شتەکە ڕۆیشتبێ و هیچ سوودێک بە داهاتوو نەگەیەنێ، گوتنەوەی کەڵکی چییە؟ جگە لە کات بەفیڕۆدان نەبێ و بەس؛ هەروەها وشەیەک مەڵێ، لەگەڵ بیستنی، هەستی بەرامبەرەکەت ناخۆش بکەی.
خۆت بپارێزە لە هەموو ئەو شتانەی کە دایک و باوک لێی قەدەغە کردووی چونکە تاکە مرۆڤن کە باشترینیان بۆ تۆ دەوێت، خۆت بپارێزە لە بیرکردنەوە و سەرقاڵبوون بە کەموکووڕییەکانی خەڵک چونکە کاروانی گەیشتن بە ئامانجەکانت خاو دەبێتەوە. خۆپاراستن لە هەموو ئەو وشانەی کە داواکاریی ئاسانی تێدا بێ بە شێوەیەک کە ئەوندە قورس نەبن کە توانای جێبەجێکردنت نەبێ؛ بۆ نموونە: داوای وەرگرتنی کووپێک ئاو مەکە کە دەزانی دەستت پێی دەگا ئەگەر بە مەودا و ئەرکێکی کەمیش بێ؛ مەبەرە هۆی ئەزیەتدانی کەسانی چواردەورت.
خۆت لە شتێک بپارێزە کە شک و گومان دروست بکات لای خەڵک نەبادا لێکدانەوەی نابەرپرسانەت بۆ هەڵبەستن. شکۆی هەڤاڵەکانت بپارێزە؛ نەکە شتێک بکەی لە بەرژەوەندی خۆت بێت و لە تێکدانی دەروونی ئەواندا؛ پاراستنی نهێنی، ئارامی و ئاسوودەیی فەراهەم دەکات.
خۆت بپارێزە لەو پرسیارانەی تایبەتن بە خەڵک، کاتێک تۆ لە دامەزراوەیەکدا کار دەکەی، بێگومان پێشتر ڕێنموونی کراوی کە چ شتێک لەو دامەزراوەیە دەبێ بپارێزرێ یان بە نهێنی بمێنێتەوە؛ ئەوە دەبێتە ئامانەتەک لە ئەستۆی جەنابت. خۆت بپارێزە لەوەی مووچەکەت بۆ خەڵک باس بکەی، پێویست ناکات؛ یان لە هاوڕێکەت بپرسی مووچەکەت چەندە!؟ کە تۆ موچەکەت باس کرد ئاماژەیە کە تۆ کەسێکی ئامانەتپارێز نیت چونکە شتێکی تایبەتە بە ژیانی خۆت چ پێویست دەکات یان ناچار بی داهاتی ژیانت باس کەی، یاخود پرسیاری ڕاپەراندنی ئیش و کارەکانی ئەو دامەزراوانە مەکە کە خەڵک کاریان لێ دەکەن کە لە کوێ کار دەکەن؟ یان چ جۆرە کارێک دەکەن؟ هتد. هەموو ئەم پرسیارانە لە کەموکووڕییەکانی خۆت و حەسوودی و تەماحی و هێنانوبردنی قسەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەروەها خۆت بپارێزە لە پرسیارکردن لە کاری بەرپرسەکان و نهێنیی کارەکانیان، ئەزیزم! کە سیاسەت کاری تۆ نەبێ خۆت لە کۆمێنتی سیاسی بپارێزە؛ کاتی خۆت بەفیڕۆ مەدە!
هەروەها خۆپاراستن لە خێرالێخوڕین و تیژڕەوی و بەزاندنی یاسا و کاری ناڕەوا و جگەرەخواردن و خواردن و خواردنەوەی زیانۆک و خۆماندووکردن و بیرکردنەوەی زۆر، کاروانی ژیان ئاسان و ئاسوودەتر دەکات و لە بەرژەوەندیی خۆتدایە؛ سەلامەتی و تەندروستیت پارێزراو دەبێ. خۆپاراستن لە هەموو ئەو شتانەی پەیوەندیی بە خۆمانەوە نەبێ یان خۆپاراستن لە هەموو ئەو شتانەی زیادەڕەویی تێدایە، جەنجاڵی و ئاڵۆزییەکان کەم دەکاتەوە.
پێش ئەوەی پێویستت بە دەرمانی دکتۆران بێ، بۆ دووبارە گەیشتنەوە بە تەندروستییەکەی جاران، خۆت بپارێزە؛ بە وریایی و جوانی هەنگاو بنێ؛ ئاسۆی ڕووناکیت بەدیکە لە بڕیاردان بەرامبەر کێشە و گرفتەکان کە لەگەڵ ئەقڵ و مەنتق هاوتەریب بن. خۆتان بپارێزن لە درۆ، چونکە متمانە ناهێڵێت و، ڕێگاخۆشکەر دەبێ بۆ کاری نەشیاو.
دەربڕینی ئاوازی پەلەوەرەکان کاتێک ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە نموونەی جوانن بۆ ڕستەی خۆت بپارێزە؛ وەک باڵندەی (کەو)، کاتێک جووجەڵەی بەدوایەوە بن جۆرە ئاوازێک دەردەبڕی کە ڕێک ئەم ئاوازە ئاماژەیە بۆ ڕستەی خۆتان بپارێزن لەو مەترسیەی نزیکە لێتانەوە.
خۆت بپارێزە تاکو پارێزراو بی؛ دوور بی لە سەرئێشە و دەرد و بەڵا و کێشەی ژیان.

