رۆژنامەی ھەولێر

بۆ ڕای گشتی بۆ عێراقییەکان

فازڵ میرانی
ژیانی ئێوە و ژیانی ئێمەش بەرپرسیارێتییەکە دەبێت بەجێبگەیەنرێت، ئاسایشی ئێوە و ئێمە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی لایەنە یاسایی و ئیدارییەکانە، کە داوایان لێ دەکرێت بە لێهاتووییەوە ئەرکەکانیان ڕاپەڕێنن بۆ ڕێگری لە تاوان، ئەگەر تاوان ڕوویدا، بکەرانی دەستگیر بکەن و ڕادەستنی دادگەی دادپەروەریان بکەن.
لە ڕابردوودا ڕژێمەکانی عێراق خاکی ئێمەیان بۆردومان دەکرد، کەسوکاریان دەکوشتین، بەبێ لێپرسینەوە دەستگیریان دەکردین، بە هەموو جۆرە چەکێک لێیان دەداین، بەڵگەنامە فەرمییەکانیان لێ دەسەندینەوە و ڕایاندەگواستین.
هاوبەشەکانمان لە خەبات و کاری نیشتمانی لەبیریانە چۆن ئێمە بە شەرەف و ڕەوشتی سوارچاکی بەرگریمان لە ژیانی خۆمان دەکرد؛ هەرگیز هیچ مەدەنییەکمان نە کردووەتە ئامانج، هەرگیز بیرمان لەوە نەکردووەتەوە زیان بە ژیانی عێراقییەکان بگەیەنین، ئەوەش لەپای شارەزاییمان لە یاساکانی بەرگری و باوەڕی ئەخلاقیمان بە بەرپرسیارێتییەکانمان، کە ڕێگرن لەبەردەمماندا تا نەخلیسکێین بۆ ئەو سیفەتانەی دوژمنەکەمان هەڵگری بوون.
نە خاوەن فکرێکی بەکرێگیراو بووین و نە چەکێک بووین بەدەست بەرژەوەندیی زاتی و هەرێمی یان نێودەوڵەتی.
ئێمە ئازاد بووین و هەر بە ئازادیش ماوینەتەوە و پارێزگاری لە بژاردەکانی خۆمان دەکەین تا نەبێتە گۆڕەپانی یاریی کەسانی تێکدەر بە ئاسایشی وڵاتەکەمان.
دەستدرێژییە دووبارەکان، دوای گۆڕانی ڕژێم جۆراوجۆر بوون، بەڵام چەندین ڕاستییان بۆ ئاشکرا کردووین، لای ئێمە ڕوون بوون، ڕەنگە لە ڕای گشتی و جەماوەر ڕوون نەبووبن.
لەوانە:
تیرۆر شێوەیەکی دیاریکراو و ئینتیمایەکی دیایکراوی نییە؛ هەر کارێک لە ڕێگەی زیانەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکان بێت، لە ڕووی شەرع و یاساوە بە تیرۆر هەژمار دەکرێت، جا چ بە پڕوپاگەندەی درۆ بێت، یان بە بەکارهێنانی چەک.
ئەوانەی لە یەکەم ڕۆژی جەژندا لە یەکی شوباتی ٢٠٠٤ خۆی لە بارەگای ئێمە و یەکێتیی نیشتمانی تەقاندەوە و چەندین کەسی بێچەکی شەهید کرد، دەرچووی هەمان ئەو قوتابخانەیەیە کە بە درۆن و مووشەک بۆردومانمان دەکات و بۆمبی چێنراو لەسەر ڕێگەکان دادەنێت. زیان هەر زیانە، بیانوو هەر بیانووە و توندوتیژیش هەمان توندوتیژییە.
هەروەها:
لێدوانە دووبارەکان دەربارەی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی ئەرکەکانیان -لە کاتێکدا ئێستا ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن- بەردەوام کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە؛ نە ڕێگری لە ڕوودانی دەستدرێژییەکان کراوە و نە تاوانبارانیش دادگایی کراون. ئەم بابەتە چەندین ڕووی هەیە: لاوازیی ئەدا، نەبوونی کەرەستە، لاوازی لە بڕیاری ئەمنی و سیاسی، هۆکارەکەشی ئەوەیە بکەران دیارن، بەڵام بڕیاری سیاسی و ئەمنی کۆتوبەند کراوە بە هاوکێشەیەک، کە زیانی بێژماری بۆ ئێستا و داهاتووی عێراق هەیە، واتە پرسی سەروەری و فرەیی ناوەندەکانی بڕیار، هەروەها ترس لە لایەنگەلێک کە بە ڕوونی دیارە دڵنیان لەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت.
بۆردومانکردنی کوردستان، گەڕەکەکان، یان دامەزراوە هەستیارەکان، کارێکی تیرۆریستییە.
دابینکردنی وزە بۆ تۆڕی کارەبای عێراق، بەهۆی بۆردومانەکەوە بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی لەدەستدا، بووە هۆی زیانی جەماوەری و فەرمی بۆ خزمەتگوزاریی ژیانی خەڵک، کە وزە دەدەنە ماڵ و نەخۆشخانە و فەرمانگەکان؛ ئایە ئەو بۆردومانکەرانە چ خزمەتێکی فیقهی یان نیشتمانییان بە عێراقییەکان گەیاند؟
دانانی سەکۆی مووشەکی، یان ئاڕاستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆردومانکەر، کارێکی نهێنی نییە، بەڵکو بە هێزێک پەردەپۆش کراوە کە ڕێگری لە قەدەغەکردن و سزادانی دەکات. ئەمە کارێکە بە ڕێکخستن و پلاندانان ئەنجام دەدرێت، بە بەڵگەی ئەوەی زیانە مەبەستدارەکەی گەیاند.
بە دڵنیاییەوە بڕوام وایە ئەرکی دەسەڵاتە بە شێوەیەکی جەماوەری و میدیایی بۆ بەتاوانناساندنی ئەم کارانە بێتە دەنگ و لە ڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە هێزە ئەمنییەکان بە توخمی بێلایەن و بەتوانا ئامادە بکات و بە کەرەستەی پێویست تەیاریان بکات بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی عێراقییەکان و سامانەکانیان، تاوەکو ئەو سوێندە بپارێزێت کە لە کاتی وەرگرتنی دەسەڵاتدا خواردوویەتی.