رۆژنامەی ھەولێر

چاوترسێنكردنی ڕۆژنامەنووسان!

‎هاودەنگ فارووق
تا ئەو جێگەیەی مرۆڤایەتی هاوڕابێت لەسەری، ڕۆژنامەگەری بەهیچ شێوەیەك تاوان تەشكیل ناكات، ئەكتەكانی ڕۆژنامەڤان لە هیچكام لەیاساكانی دنیادا بەتاوان لەقەڵەم نادرێن.. بەڵام بۆچی لە دەڤەری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا، تەنها لەسەر پیشەی ڕۆژنامەگەری، ڕۆژنامەنووس دەڕفێنرێت؟ لەكاتێكدا پڕ بەدەم لە هەولێر هاوارتان ئەكرد: خەڵكی ئەم دەڤەرە جادەی پانی ناوێت ئازادی دەوێت! یان پڕ بەگەرووی شكاوی مایكەكان، دەتانقیڕاند: خەڵكی هەولێر جادەی پان و بینای بەرزی بۆچییە كە ئازادییان نیە؟.
ئیدی ڕەنگە ئەوە ببێتە كۆمیدیترین ڕستەی ساڵ.. ئەوە چۆن ئازادییەكە لەسەر هەواڵێك، ڕۆژنامەنووس بڕفێندرێت و دوای چاوترسێنكردنی بەفشاری چالاكوان و سۆشیالمیدیا لەدرەنگانێكی شەودا بەرەڵا بكرێت؟
ئەوە هەر ئەو ئازادییەیە كە بەتانوپۆی، ئێوە بڕدراوە. هەركەس لەخەتی ئێوە لابدات، میوانی زیندان دەبێت؟ ئەمە كام ئازادی و كام سۆسیالدیموكراتە؟ باشە یاسا لەكوێی ئەم بگرە و بەردەدایە؟ كێ دەگرێت و لەسەرچی دەگرێت؟ كێ بەردەدات و لەسەر چ بنەمایەك بەردەدات؟ لەلایەكی دیكەشەوە، ئەو هێزانەی ڕۆژنامەوانەكان دەڕفێنن، ئەگەر هێزی یاسایین، كوا فەرمانی دادوەر؟ كوا مادەی یاسایی كە ڕێگە بدات بە ڕاگرتنی ڕۆژنامەنووس؟ ئەی بۆچی بەشەو ڕزگار بكرێت؟ خۆ ئەگەر هێزی نایاساییشن، ئەی كوان ئەو هێزانەی پێویستە لەو دەڤەرەدا یاسا بچەسپێنن و ئارامی خەڵك بپارێزن؟
لەڕاستیدا ئەم ڕفاندن و بەردانەی ڕۆژنامەنووسان، بەتاوانی ” بڵاوكردنەوە” كە خۆی لەخۆیدا تاوان تەشكیل ناكات، تەنها ئامانجی دەمكوتكردنی ڕۆژنامەنووسان و، تیرۆركردنی ئەو ئازادییەیە كە هەمیشە و هەردەم خۆتان پێوە بادەدا؟ گوایە ئێوە خاوەنی ئازادین و جادەی پانتان ناوێت!
تەنانەت ئەگەر ڕۆژنامەنووس یان هەر كەسێكی سادەش تاوان بكات، ئەوا سیاقی یاسایی خۆی هەیە بۆ لێپرسینەوە، ناكرێت بەبێ هەبوونی تاوان، هیچ كەسێك ڕاپێچی گرتن و ناچاری بەردان بكرێت. باشە ئەگەر “كاروان كەلاری” تاوانێكی كردبوو، چۆن و بەگوێرەی كام مادەی یاسایی لێپێچینەوەی لێكرا، بە فەرمانی كام دادوەر ئازادكرا؟.
لەبری هەوڵی ئەتككردنی دیموكراسیەت و ئازادی و چاوترسێنكردنی ڕۆژنامەنووس و نوسەران، دەستەڵاتی دەڤەرەكە باشترە بیر لەوە بكاتەوە، یاسا سەروەر بێت، خزمەتگوزارییەكان دابین بكات، ئاوڕ لەخەڵكی بێخزمەتگوزاری دەڤەرەكە و خواستەكانیان وپێداویستییەكانیان بداتەوە، نەك بیەوێت لەڕێی چاوترسێنكردنی ڕۆژنامەنووسانەوە، ڕێگە بگرێت لەهەر ڕەخنەیەك كەلە دەستەڵاتەكەیان دەگیرێن… لەكۆتاییدا بە دەستەڵاتی سۆشیالدیموكرات دەڵێم: بێنە و بیدە خزمەتگوزاری، باشترە لە بگرە و بەردەی ڕۆژنامەنووس..