رۆژنامەی ھەولێر

پاییز؛ وەرزی شاهانەی گوڕانکاری و بیرکردنەوە

د. نعمەت ئەحمەد مزووری
پاییز، کە دادێتەوە بە هەنگاوە جوانەکانی خوی بە ئارامی و گەورەیی لەسەر زەوی دادەنیشیت؛ دەڵێی پاشایەکە و دێتە دیوان و، پێشوازیەکی شایانی لێ دەکرێت. ئەم وەرزە جوانە، دوای بڕانەوەی هاوینێکی گەرم و سووزان و، پڕ لە ژاوەژاو، بە جوانیەکی بێوێنەی رەنگاوڕەنگەوە لەسەر تەختی دنیا دادەنیشێت.
دەنگی خشەی گەڵان لە ژێر هەنگاوەکانی پاییزدا، کە لە دارەکاندا بەر دەبنەوە و دەکەونە سەر زەوی، جوانیەکی تایبەت بە سروشت دەبەخشن.
کە تەماشای دارودرەخت دەکەی، دەبینی گەڵای رەنگینی زەرد و سوور لەسەر زەوی جووڵە دەکەن و دەهەژێن، مرۆڤ هەست بە خۆشیەکی تەواو دەکات؛ ئارامکەرەوەی دەروونی مرۆڤە؛ لە وەرزی پاییز سروشت فێرمان دەکات. کە جوانی لە ئازادی و بەخشیندایە. گەڵا بەشێکە لە جەستەی دار بەڵام لە پاییزاندا، دارەکە ئازادی دەکا و دەیبەخشێ؛ سەرەڕای ئەوەی پەلک و گەڵا بەشێکە لە جەستەی درەخت، بەڵام دەزانێ بە ئازادکردنی ئەوان، هەم نوێ دەبێتەوە هەمیش بەردەوامیی ژیانە؛ مرۆڤێش دەتوانن پێداچوونەوە بکەن و بە شێوازی ژیانی خویاندا بچنەوە؛ لەم وەرزەدا فێرە بەخشین و ئازادی ببن. رەنج و ماندیبوونی خویان لەسەر ئەرز دابنێن بو ژیانێکی نوێتر و، ئامادەکاریەکی باشتر بکەن.
پاییزان، شنەبایەکی خوش و فێنک دێت و، تا قووڵای دڵ و دەروونمان هەستی پێ دەکەین. ئەم شنەبایە هوکارە بو ئەوەی هەناسەیەکی خاوێنتر هەڵمژین. ئەم هەناسە پاک و بێگەردە وامان لێ دەکات کە بیرکردنەوەمان ئەرێنی بێت، بو ژیانێکی باشتر. لەم وەرزە ئارام و رازاوەدا، نمەبارانی پاییزان، زۆر دڵبزوێن و دڵخۆشکەرە؛ دەغڵودان و ژیانێکی تازەی پێ دەڕوێ و، تۆز و غوباری سەر جەستە و دڵمان پاک و خاوێن دەکاتەوە. شەکەتی و سەختیەکانی ژیانمان لێ لا دەبا و رۆح وگیانمان دەشۆرێتەوە. وەرزی پاییز و گەڵاڕێزان و هەڵوەرینی گژوگیا و، داکردنی باران و، تێراوبوونەوەی زەوی، دوو پەند و بیرەوەری دێنێتەوە یادمان: هەم دەستپێکی ژیانە هەم کۆتایی؛ بەو هیوایەی پەندی لێ وەربگرین. هەموو لایەک، ژیانێکی خوش و بەختەوەرتان بۆ دەخوازم.