پرشنگ توانا
25/11/1999 – 25/11/2025
توندوتیژی دژ بە ژنان دیاردەیەکی ترسناکە و وەک کولتوورێکی نامۆ کاردانەوەیەکی زۆر نەرێنیی کردۆتە سەر خێزان بەتایبەتی و، کۆمەڵگاش بەگشتی. ڕاستە توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانیەوە، جا چ جەستەیی بێت، چ دەروونی لە پیاوسالاریەوە سەرچاوەی گرتووە، وەک کولتوورێکی نامۆش لەنێو کۆمەڵگای کوردەواریدا کاریگەرییەکی نەرێنیی کردووەتە سەر ژن و تەندروستیی خێزان و، منداڵانیش بوونەتە قوربانیی ئەو دیاردەیە.
نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆژی 1999-11-25یان کردە ڕۆژی بەڕەنگابوونەوە دژ بە توندوتیژی ژنان، ئیتر هەر لەو کاتەوە ناڕەزاییەکان بە شێوازی خۆپێشاندان و چالاکیە جۆراوجۆرەکان، ڕێکخراوە جەماوەریەکان و چالاکوانانی بواری ژنان کردوویانە. لە کوردستانیشدا بە فەرمی پشتیوانی لە هەموو هەوڵ و کۆششێک دەکەن کە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکرێ.
بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کۆمەڵگا ڕۆشنبیر بکرێ و ژنانیش لە ڕوانگەی بەخۆداپەرموون و، بڕوابوون بە خۆیانەوە، بە یاسا ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببنەوە، جگە لەوانەش دەبێ کار لەسەر بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی و خیزانییش بکرێ، چونکە لە سەرەتاوە لەسەر ئاستی خێزانەوە دەردەکەوێ و، دواییش دەبێ بە نەخۆشیەکی نێو کۆمەڵگا.
ژنانی ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ وشیارتر و ڕۆشنبیرترن و پێشکەوتنێکی بەرچاویشیان بەخۆیانەوە بینیوە و، بوێرانە لە ڕێگای یاساوە دژ بەو دیاردەیە هەڵدەستن و، ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.
سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لە ئافرەتان گەیشتوونەتە پێگەی بریاردان و خاوەن بڕیاری خۆیانن و ڕۆژبەڕۆژ هەنگاوی زیاتر و، بەرەوپێشەوە دەنێن، بەڵام هەموو ئەو پێشکەوتنانە نەبوونەتە هۆکاری ئەوەی کە توندوتیژی دژ بە ژنان هەر کۆتایی پێ هاتبێ، تاکو ئێستاش ئەو دیاردەیە هەر هەیە و ڕێژەکانیش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازی هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئافرەتان لە بەرامبەر توندوتیژییەکان بێدەنگ نین و ڕووبەڕوویان دەبنەوە. هەموو ئەو پێشکەوتنانەش لە کانگای بڕوابەخۆبوونەوە سەرچاوەیان گرتووە. حکوومەتی کوردستانیش ڕۆڵیکی زۆر کاریگەری لە کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە هەیە..
ڕاستکردنەوە
لە ژمارەی دوێنێدا ئەم وتارەی خاتوو پرشنگ توانا بڵاوکرابوویەوە، بەڵام پەرەگرافێکی لێ پەڕیبوو، بەو بۆنەوە داوای لێبوردن لە نووسەر دەکەین.

