شیكارییەكی بێ ئەنجام بۆ هەستی بێگانەبوون و سەرلێشێوانی مرۆڤی مۆدێڕن
خوێندنەوە: شۆڕش غەفووری
“بێگانەبوون و سەرلێشێوانـ، دوو سیفەتی مرۆڤی مۆدێڕنن كە خەون و خولیا و ئارەزووەكانی دەكەنە كابووس. ڕۆمانی (وێڵی) لە نووسینی (دلاوەر ڕەحیمی) كە بەم تازەییە چاپ و بڵاو بووەتەوە، نمونەیەكی دیار و پێناسەكەری ئەم مرۆڤە سەرلێشێواوەیە كە ئەگەری هەیە خۆی بێت یا من بم یا تۆ بیت.
“لەناكاوڕا، ئاسمان ڕەنگێكی سووری تۆخی بەخۆیەوە گرت. وەستام. تەكم دا بە چیخە ئاسنینەكەوە و تا بڕستم لێ بڕا هەروا نەغرۆی تەماشاكردنی هەورە گڕگرتووەكان بووم كە وەك خوێن سوورهەڵگەڕابوون و شاریان داپۆشیبوو. هاوڕێكانم ڕۆیشتن، بەڵام من لەوێ وەستام و لە ترسان هەڵدەلەرزیم. من هەستم بەو قیژە ئەبەدی و عەزیمەی سرووشت كرد”.. “عەسرێك پیاسەم دەكرد، لایەكمەوە شار بوو و بن پێشم دۆڵ و كەندەڵان و چەم. ماندوو و نەخۆش. وەستام و تەماشی ئەوبەری چەمەكەم كرد. خۆر ئاوا دەبوو. هەورەكان سوور هەڵگەڕابوون، هەروەك خوێن. هەستم كرد قیژەیەك لە دڵی سرووشتەوە هات، وام زانی ئاوس بوومە بەم قیژەیە. ئەم دیمەنەم كێشا. هەورەكانم بە ڕەنگی سووری ڕاستەقینە كێشان. ڕەنگەكان قیژەیان دەكێشا. ئەوەبوو كە قیژە لە سێ ڕەهەندەوە خوڵقا.”
ئەمە بەشێك بوو لە بیرەوەرییەكانی (ئیدوارد مۆنك ـ Edvard Munch)ی هونەرمەندی نەرویجی كە لە ساڵی 1980 لەبارەی خۆی و ئیلهامی كێشانی تابلۆلی (قیژە ـ The Scream) نووسیویەتی.
من دلاوەر ڕەحیمی دەناسم، پێكەوە گفتوگۆمان كردووە و جار جار وێڵ بووینە و جار جار گریاوین و جار جار خوێناوی دڵمان خواردووەتەوە و هیچمان بە یەكتری نەگوتووە و جار جاریش دوور لە یەك وەستاوین. كێ دەڵێت، دەق دابڕاوە لە نووسەر. هەرگیز شتی وا نابێت. ئەی ئەوە نییە دلاوەر لە ڕۆمانی (وێڵی) خۆی نووسیوەتەوە. نووسینەوەیەك كە دەنگی هەیە، نا ببوورن، قیژەی هەیە. “قیژەیەكی مۆنك”ـی، قیژەیەك كە بەشێك لە وێڵییەكانی خۆی تێدا نمایش دەكات.
بەشێك پێیان وایە پیاوی نێو تابلۆكەیی قیژەی ئیدوارد مۆنك، سیمبول و نوێنگەیەكە لە ترس و تۆقینی مرۆڤی مۆدێڕن. جا لە نێو ڕۆمانی وێڵیشدا، هەمان پیاوی كەچەڵ دەبینینەوە، بەڵام پیاوەكەی نێو وێڵی نەرویجی نییە، بەڵكو بارێكی قورسی هەڵگرتووە كە پێی دەڵێن كوردبوون. كوردبوونی كارەكتەری (من ـ ئەو)ی ڕۆمانی وێڵی، كوردبوونێكی سەیرە، تۆخە، گەرمە، هەروەك سەیری و تۆخی و گەرمی ڕەنگەكانی مۆنك كە ڕەنگە خوێنییەكەی هەورەكانی ئۆسلۆ دەكێشێت. خۆ ئەگەر بشڵەین، دلاوەر بۆ نیشاندانی دەروونی خۆی، نا ببوورن، دەروونی كارەكتەرە (من ـ ئەو)ـیەكەی، ڤان گۆگیانە هەست و ئیحساس و نەخۆشی و دڵەڕاوكێ و ڕاڕایی و قەلەقی و ترس و تۆقینەكانی تۆخ كردووەتەوە و گەرمییەكی وەهای پێ بەخشیون كە لە ئاگری دۆزەخ گەرمترە، سەرچیخ نەچووین.
دووبارە جوینەوەی وشەكان، دووپاتكردنەوەی ژمارە و سیفەت و ناو و ئاوەڵناوەكان لە نێو ڕۆمانی وێڵی، دووبارەبوونەوەی فڵچە و ڕەنگە گەرم و تۆخەكانی ڤان گۆگن. خوولانەوەی ئەستێرەئاسان بە دەوری دەروونی كارەكتەرێك كە جارێك دلاوەرە و جارێك منم و جارێكی دیكەش تۆیت. ئەمەش ڕێك نیشاندەری دەروونی خودی نووسەرە، دەروونێك كە ناجێگیرە، دەروونێك كە هەم لە یەك كات لە قیژەی سرووشت تێدەگات و هەم خۆی قیژەیەكی نەبڕاوەیە. قیژەیەك كە هەم زاڵەترەكبوونی لەخۆیدا گلێر كردووەتەوە و هەم ئارامییەكی تێدایە وەك گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك.
پرسیار: جا بەڕاستی چۆن دەكرێت ژیان و مەرگ، پێكەنین و گریان، ئارامی و بێ ئۆقرەیی، شادی و خەم، سەبووری و بێ قەراری، نەرمی و كینە لە یەك قەپێلك كۆ بكەیتەوە؟!
وەڵام: بۆ ناكرێت.. دەكرێت. ئەوەتا نمونەكەی.. مرۆڤی مۆدێڕن!!!
ئەو كارەكتەرەی كە دلاوەر ڕەحیمی وێنای دەكات، مرۆڤی مۆدێڕنە، مرۆڤێك كە پێیەكی لە نێو نەریت و یادەوەرییە كلاسیكییەكانی گیر كردووە و پێیەكی تریشی لە نێو دونیای مۆدێڕنە كە پێی نامۆیە. مرۆڤێك كە وەك ئیدوارد مۆنك، ژیانی پڕە لە تراژیدیا، (ئیدوارد مۆنك، لە منداڵی تووشی نەخۆشی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بوو، لە تەمەنی پێنج ساڵی دایكی بەو نەخۆشییە مرد، لە 13 ساڵی خوشكەكەشی بە هەمان نەخۆشی مرد، خوشكێكی تری تووشی نەخۆشی دەروونی بوو، برایەكیشی لە ناكاو مرد).
ئێ.. ئەوجا تۆ وەرە بەم هەموو كۆستەوە قیژەیەك لە سەرەتدا دروست نەبێت كە بەردەوام تووشی لەخۆدەرچوونت كات لەم دونیایە، لەم هەسارەیە، لەم گەردوونە. نا باشترە بڵێم لەم شوێن و كاتە. بەڵێ. مرۆڤی مۆدێڕنی بیركەرەوە (نەك مێگەل) لە ناشوێن و بێ كاتیدا دەژیت. شوێنكات بۆ مرۆڤی مۆدێڕن مانایەكی نییە كە سەری پڕ بێت لە قیژە.
كە سەری پڕ بوو لە قیژە ناچارە خۆی بەند بكات، هەر ئەو بەندبوون و خۆزیندانیكردنەی كە دلاوەر ڕەحیمی لە كتێبەكەیدا باسی لێوە دەكات:
“تۆ بەندییەكی لە ناو خۆتدا، لەو بەندیخانەیەی ناو خۆت، بەندییەكی ئابڵۆقەدراو بە دە سەرباز، بە پانزە چەكدار، بە دەیان پۆلیس، بە سی و دوو، چل و یەك مافپەروەر، شانزە پارێزەر یانژی شەست پارێزەر”.
كە تۆ لە چوارچێوەیەكی تەسكدا ژیایت و بیرت كردەوە، ئیتر ئەو بیركردنەوانە دەبنە مۆتەكە، بیرەوەرییەكانت دەبنە كابووس، ئەزموونەكانت دەبنە ماخولیان و دەكەونە كەوڵتەوە و گیانت هەپڕوون هەپڕوون دەكەن. وەك دلاوەر ڕەحیمی دەڵێت، سلوولت بۆ دروست دەكەن، سلوولی تەسك و تاكەكەسی.. سلوولێك كە لە هی دیكتاتۆرەكان تەسكتر و تاریكتر و تۆقێنەرترە. بەڵامەكێ، مرۆڤ لە بەندیخانە و سلوولی دیكتاتۆرەكان هیوایەكی هەیە بۆ دەربازبوون، ڕۆچنەیەك لەسەر سەری خۆی دەبینێت، بەڵام لە سلوولی زەینی خۆت، لەو بەندیخانەیەی كە خۆت دروستت كردووە بۆ بەندكردنی ڕۆح و زەینی خۆت، هەرگیز هیچ ڕۆشناییەك نییە بۆ چاوبڕینە ئاسمان، هیچ دەستێك نییە بۆ ڕزگاركردن، هیچ هیوایەك نییە بۆ ئەوەی ئاخەنینی سییەكان بە ئۆكسیجینی خاوێن، بۆیە هەمیشە بەردێكی گەورەی هێندەی بەردەكەی سیزیڤ لەسەر سینگتە، بەو جیاوازییەی كە بەردەكەی سیزیڤ بەردەوام و لە ئەنجامی غلۆربوونەوە بچووكتر و بچووكتر دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی كەسی “خۆبەندكردوو” و “زەین پیریۆد”، هەرگیز بچووك نابێتەوە، بە پێچەوانەوە گەورەتر و گەورەتر دەبێت تا ئەوەی هەناسەت دەبڕێت و لاقت پێ ڕەپ دەكات!
تۆ كە لە نێو سلوولێكدا بوویت، ئیتر بەردەوام زنجیرە ئاسا، هزر و بیر و تێڕوانین و بیرەوەرییەكانت دووبارە و دووپاتە دەكەیتەوە.. لە نێو ڕۆمانی وێڵیشدا بەردەوام ئەم زنجیرە دووبارەبوونەوە لە زۆربەی لاپەڕەكان دەبینرێت، وەك دووبارەبوونەوەی ژمارەكان، سیفەتەكان، پرسیارەكان… وێناكردنەكەش وەك وێناكردنی ئەشكەوتەكەی ئەفلاتوونە. چونكە كارەكتەرەكەی یا باشترە بڵێم كارەكتەرەكانی دلاوەر لە نێو ڕۆمانی وێڵی، كارەكتەری سێبەرئاسان، وەك لە سەرەوەش گوتم، جاری وایە ئەو سێبەرانە هی خودی دلاوەرن، جاری واشە هی من و دواتریش هی تۆن. سێبەری ئێمەی مرۆڤی مۆدێڕنن كە نە ئیمانمان بە حەقیقەتبوونیان هەیە و نە لەگەڵیشیان ڕادێین، نە ڕێگەش دەدەین ئەو خۆرەی كە ئەفلاتوون باسی دەكات بێتە نێو ئەشكەوتەوە تا سێبەرەكان نەمێنن.
هەستی بێگانەبوون لە نێو ڕۆمانی وێڵی و تابلۆی قیژە زۆر لێك دەچن. من هەرگیز دلاوەرم وەك ئاشنایەكی بەردەوام نەبینیوە و ناشیبینم، چونكە دلاوەر لە یەك كاتدا ڕەفیق و غەریبەیە، لە یەك كاتدا دڵخۆش و دڵتەنگە، لە یەك كاتدا كورد و هەورامیشە، لە یەك كاتدا سەرقاڵ و بەتاڵە! ئێ كەواتە چۆن دەكرێت منی خوێنەر لە دەروونی ئەم مرۆڤە ڕاڕایە تێبگەم، ئەگەر خۆم بەشێك لەو ڕاڕاییەم تێدا نەبێت، ئەگەر خۆم بەشێك لە سیفاتەكانی مرۆڤی مۆدێڕنم لە خۆمدا گلێر نەكردبێتەوە. بێگانەبوونەكەی دلاوەر. نا ببوورن، (من ـ ئەو)ی نێو ڕۆمانی وێڵی، پرسیارمان بۆ دروست دەكات، پرسیار لەسەر كات و شوێن و مانا و بێمانایی، هەستی دابڕان لە دونیای واقیع، هەستی خۆزیندانیكردن بۆ وێكنەچوون لە مێگەل. ئەم وێكنەچوونەی دلاوەریش زیانی نییە بۆ ئەوانی دی، هەروەك هاوڕێكانی مۆنك كە لە تابلۆی قیژەدا هەست بەو هاوار و قیژەیەی پیاوە كەچەڵەكە ناكەن.
ڕۆمانی وێڵی هەروەك تابلۆی قیژە، دەنگیان هەیە. تەماشای تابلۆكەی مۆنك بكەن، تەماشای پیاوە كەچەڵەكە بكەن، هەست بە قیژەكەی دەكەن، هەست بە ترس و تۆقینەكەی دەكەن، هەست بە دڵەڕاوكێ و بێهیواییەكەی دەكەن. كە وێڵیش دەخوێنیتەوە، هەست بە بێتاقەتی و ترس و ڕاڕایی و بێهیوایی و نامۆبوونەكەی دەكەیت، كاكە بە كورتی هەست بە سەرلێشێواوییەكەی دەكەی، ئەو سەرلێشێواوییەی كە لە نێو مرۆڤی مۆدێڕنی بەئاگادا هەیە و لە دلاوەریشدا هەیە و خۆشی ددانیشی پێدا دەنێت، هەڵبەت لە ڕۆمانەكەدا.
دلاوەر، نا ببوورن، (من ـ ئەو)ی ڕۆمانی وێڵی، هەروەك پیاوە كەچەكەڵەكەی تابلۆی قیژە، ماندووە. ماندووە بە دەست خەون و كابووسەكانییەوە، بە دەست بێگانەبوونییەكانیەوە. دلاوەریش بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لەم كابووسانە، دێت سلوولیان بۆ دروست دەكات، سلوولێكی وەهات تەسك كە دواجار دەبنەوە بە خوورە و دەكەونەوە گیانی، لە جیاتی ئەوەی كابووسەكان لەنێو بەرێت، بەخێویان دەكات، تا وەك ئەمیبیا هەی بەردەوام زیاد و زیاد بكەن. ئەمەش كارێكی بێهوودە نییە كە دلاوەر دەیكات، بەڵكو درێژەدانە بەو مرۆڤەی كە خۆی ئەفڕێنەریەتی، نەوەك ئەوانی دی. مرۆڤێك كە لە گرێگۆر سامسای كافكا دەچێت. دلاوەر لەبری ئەوەی كارەكتەرەكانی بكاتە قالۆچە، دەیانكاتە دێوەزمە، دێوەزمەیەك كە دەروونیان پێچەڵپێچییەكی وەك ئەستێرەكانی ڤان گۆگی تێدایە. مرۆڤێك كە ناتوانێت پشت بە هیچ ڕاستییەکی دەرەکی یان پابەندبوونێكی کۆمەڵایەتی ببەستێت. ها مەبەستم بێ بەندوباری نییە، بەڵكو مەبەستم تێكشكاندنی چوارچێوە باوەكانی كۆمەڵگە و دروستكردنی چوارچێوەی خودی خۆیەتی. خۆبوونێك كە حەزی بە سیستەم و یاسا باوەکان نییە، پێكەنینی سیستەم بە سزا و هاوكاری سیستەم بە زیندانێكی دیكە هەژمار دەكات.
بیرم چوو ئەوەش بڵێم، دلاوەر حەزی لە ژمارەیە، بەڵام ئەو ژمارەبوونە نا كە مرۆڤی مۆدێڕن لە كۆمەڵگەی مۆدێڕندا بۆی دیاری دەكرێت. نا بە پێچەوانەوە. ئەو زۆر ڕقی لە ژمارە ئایدی و كارت و ناسنامە و ئەو شتانەیە كە مرۆڤ وەك مەڕ دەبینێت و ژمارەیەكی سووری لەسەر ڕەنگ كراوە. كە دەڵێم دلاوەر بە دوای چوارچێوەی خۆیدا دەگەڕێت لەم كتێبەیدا مەبەستم ئەوەیە نایهەوێت كەسیەتییەكەی لە كەسیەتییە دروستكراو و كۆپی و فەیكەكان بچێت. ئەو ئامادەیە گرێگۆر ئاسا خۆی یەغسیری بێگانەبوونێكی قووڵ بكات لەوەی كە وەك مێگەل ژمارەیەكی لەسەر ڕەنگ بكرێت و سەر دابخات و بڕوات و بێت. نا دلاوەر دەیهەوێت كێشەكانی بەردەمی شی بكاتەوە بەڵام خراپییەكەی لەوەدایە چارەسەر بۆ كارەكتەرە نەخۆشەكانی (من ـ ئەو) نادۆزێتەوە. بەڵكو وێڵیان دەكات، هەروەك چۆن خەون و خەیاڵەكانی خۆشی لە نێو ڕۆمانی وێڵی، وێڵ كردووە.
هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.

