خوسره‌و جاف
مرۆڤ له ئه‌شكه‌وت وه‌ده‌ر هات، كه‌وته بیری خۆ پاراستنه‌وه، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ترسه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی له برسێتی و سه‌رماوسۆڵ و دڕنده‌كان. یه‌كه‌مین داهێنانێك وا كردوویه‌تی، چنگی له قووڕ ناوه و دیواری دروست كردووه، تا وه‌ك په‌ناگه‌یه‌ك خۆی تیا بپارێزێت.
سه‌گ به یه‌كه‌مین گیانله‌به‌ر ده‌ژمێردرێت، كه له مرۆڤ نزیكبووه‌ته‌وه و خۆماڵی بووه و بووه‌ته هاوڕا و هاوژیانی مرۆڤ، هه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه سه‌ره‌تاییه بووه‌ته هۆكاری بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ تا ئاژه‌ڵه كێوییه‌كان ماڵی و ده‌سته‌مۆ بكات، تا له ده‌ردی برسێتی و مه‌ترسییه‌كانی ڕزگاری بێت و له‌پێناوی ژیاندا ڕاو بكات. به‌و شێوه‌یه دیوار سه‌رگرتن و ئاژه‌ڵ به‌خێوكردن بووه‌ته دیارده‌ی سه‌ره‌كیی نیشته‌جێبوون و هه‌روه‌ها سه‌ره‌تای پێكه‌وه‌ژیانی به كۆمه‌ڵ. تا به ئێستا به دروستی نه‌زانراوه ئه‌و گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌ی له ژیانی مرۆڤدا ڕوویداوه كه‌ی بووه و كه‌ی ئه‌شكه‌وتی به‌جێهێڵاوه و ژیانی به كۆمه‌ڵی پێكهێناوه. هه‌ڵبه‌ت ژیانی مرۆڤ له‌وێڕا ڕانه‌وه‌ستاوه و قۆناغه‌كانی دیكه‌شی دیوه، شاره‌دێ و شارۆچكه و شار، سه‌ره‌نجام خو و خه‌سڵه‌تی ده‌سته‌ڵاداری پاڵی پێوه ناوه پانتایی ده‌سته‌ڵاتی به‌ربڵاوتر بكات و ئه‌و دیكۆمێنتانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ یه‌كه‌مین “شار ده‌سته‌ڵات”ێك له كیش پێكهاتووه، له دۆڵی دوو ڕووباردا، كه ناسراوه به میزۆپۆتامیا ” شار ده‌سته‌ڵاتی كیش به یه‌كه‌مین هه‌نگاو ده‌ژمێردرێت كه توانیویه بگاته مه‌رز و سنووری یه‌كه‌مین ئیمپراتۆریه‌ت، كه ناسراوه به ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌كه‌دی، كه “سارجۆن”ی ئه‌كه‌دی بووه، 2250 ساڵه له‌پێش زایین‌دا سارجۆن توانی ئه‌و شاردهستهڵاته گه‌وره و گه‌وره‌تر كات، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا ته‌واوی شاره‌كانی دۆڵی دوو ڕووبار بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه، سارجۆن به‌وه‌وه شانازی ده‌كرد كه‌وا جیهانی داگیركردووه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و ته‌نها ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بووه، كه ده‌كاته سه‌ر زه‌ویی ئێستای عێراق و سووریا و به‌شێك له وڵاتی ئێران و تووركیای ئێستا. ئیدی ئیمپراتۆریه‌تی سارجۆن ئه‌كه‌دی له دوای مه‌رگی ئه‌و زۆری نه‌كێشاوه، ئه‌گه‌رچی ده‌سته‌ڵاتێكی پان‌وپۆڕی بهجێهڵاوه، به‌ڵام نه‌یارانی زۆر و به‌هێز له ده‌وروبه‌ریدا هه‌بوونه و به درێژایی 1700 ساڵ به‌م لاوه شاكانی ئاشوور و بابل شێوه ده‌سته‌ڵاتی سارجۆنیان كرده نموونه و ده‌سته‌ڵاتیان پێكهێناوه، ئه‌وانیش هه‌ر وه‌ك ده‌سته‌ڵاتی ئه‌كه‌دی شانازییان ده‌كرد كه جیهان له‌ژێر فه‌رمانیان دایه، به دوای ئه‌واندا ساڵی 550 له‌پێش زایین‌دا كورشی گه‌وره‌ی هه‌خامنشیان هاته مه‌یدانه‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له‌نێوان ده‌سته‌ڵاتی ئاشوور و بابل له لایه‌ك و ده‌سته‌ڵاتی كورش به‌و لاكه‌وه بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌و دوو ده‌سته‌ڵاته فه‌رمانڕه‌وای موتڵه‌ق بوونه و میلله‌تانی ژێرده‌سته كۆیلهئاسا سه‌یریان كردووه، كه‌چی ده‌سته‌ڵاتی كورش له‌و جۆره تێفكرینه به‌دوور بووه، كورش كۆشاوه میلله‌تانی ژێرده‌سته‌ی ئه‌و به چاوی ڕێزه و ڕێزی تێكه‌ڵ به خۆشه‌ویستییه‌وه بنواڕنه دهستهڵاتهكهیدا، ئێمه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ئێوه فه‌رمانڕه‌واییتان ده‌كه‌ین، كورش ده‌كۆشا خه‌ڵكه ژێرده‌سته‌كه‌ی به‌ڕێزه‌وه سه‌یری بكه‌ن، نه‌ك وه‌ك داگیركه‌رێك، به نموونه میلله‌تی جووله‌كه كه له مێژدا گوێزرابوونه‌وه وه‌ك كۆیله بۆ دۆڵی دوو ڕووبار فه‌رمانی دا ته‌واوی ئه‌و یههوودیانه بگه‌ڕێننه‌وه بۆ وڵاتی خۆیان و په‌رستگا ههرووژاوهكهیان دووباره سازی بكه‌نه‌وه، هه‌تاكوو یارمه‌تیی دارایی و زێڕی پێ ببه‌خشن بۆ ئه‌و كاره.
ئه‌و جۆره تێفكرینه له‌و سه‌رده‌مه‌یدا به كارێكی تازه‌بابه‌ت درا له قه‌ڵه‌م، كورش ڕێزی له چاوساغان و ئه‌ندێشه‌مه‌ندانی گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی ده‌گرت، سه‌رتاسه‌ری به‌شه‌ری كردبووه دوو به‌شه‌وه، ئێمه و ئه‌وان، ئێمه ئه‌و خهڵكانهبوون هاوزمان و هاوڕه‌گه‌ز و هاوئایینی بوون، ئه‌وان میلله‌تێكی ترن و هاوبهستهگییهكی تریان هه‌یه. دوای كورش ده‌سته‌ڵات هێنده پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی كورش نه‌بوون، به‌ڵام بیروبۆچوونی كورش كه‌وته خولیای ئه‌سكه‌نده‌ری مهكادۆنی و ده‌سته‌ڵاتدارانی ڕۆمیش چاویان له ڕه‌فتاری ئه‌سكه‌نده‌ر كردووه و ئیتر بیرمه‌ندانی ده‌مارگرژی ئێرانی گه‌لێك شانازی به بیروبۆچوونی كورش ده‌كه‌ن و لایان وایه ئه‌و جۆره تێفكرینه شۆڕبووه‌ته‌وه بۆ ناو خه‌لیفه‌كانی ئیسلامیشه‌وه به‌سه‌ر ئه‌وانه‌یدا وا مرۆڤ به قۆناغی جۆراجۆردا گوزه‌راوه و تا گه‌یشتووه‌ته ئه‌مڕۆی ئێمه، كه‌وا فكر و بۆچوونی میلله‌تان گۆڕاوه و به‌لای مرۆڤی ئه‌مڕۆ مه‌حاڵه ئه‌وان بوونه ئێمه، یان ئێمه ببینه ئه‌وان، مرۆڤی ئێستا تینوی سه‌ربه‌خۆییه و ئازادیی موتڵه‌ق ئاوات و ئاره‌زوویه‌تی و نه‌شیاوه و قابیلی قبووڵ نییه ئازادی بكرێته قیستی مانگانه و یان ساڵانه. به‌هه‌ر حاڵ به‌نده له باوه‌ڕێك دام گه‌رچی جارێ له ئازادیی ڕه‌ها مهحروومین هه‌ر نه‌بێت با سه‌رده‌مانه ڕه‌فتار بكه‌ین له‌گه‌ڵ خۆمانا، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا، له‌گه‌ڵ چوار ته‌نیشت هه‌تا وه‌كوو جیهانی دهوربهریشدا با یاسا بپارێزین، ڕه‌فتارمان سه‌رده‌مانه، كردار له چوارچێوه‌ی یاسادا نرخ و بایی بۆ هه‌مووان و یه‌كسانی بكرێته پیشه ئه‌گه‌ر به شه‌ڕ نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئازادی، با ڕێبازی زینده‌گیی سه‌رده‌مانه بكه‌ینه نیشانه و دیارده‌ی ژیانمان و نه‌ك تۆ وا بزانیت فریشته‌ی ئاسمانیت و منیش دۆزه‌خیم. تۆ بژارده‌ی په‌روه‌ردگاری و منیش ده‌عبا و لپولهوس خوێناویم، هه‌ر نه‌بێت با ئه‌و ماوه و مه‌ودا به‌رینه‌ی نێوانمان كه‌م بكه‌ینه‌وه.
نه تۆ هێنده هێنده تێر و هه‌ڵاوسا و نه من هێنده مه‌حرووم و لاواز و برسی، ئه‌گه‌ر ئه‌پرسی چۆن؟
ئاسانی ئاسانه، گوزه‌شت بكه‌ینه پیشه، ئه‌گه‌ر یه‌كسانی بكه‌ینه مه‌به‌ست و زۆر و جه‌به‌ڕووت ههڵكهنین له ڕیشه، واته له فه‌رهه‌نگی پێگه‌یشتوو و تێگه‌یشتوو نزیك بووینه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌روا بێده‌ربه‌ستانه به‌رده‌وام بین، دوو هه‌زار ساڵه ئازادیمان لێ قوفڵه، دووی تری ده‌وێ تا چنگمان له دامێنی ئازادی گیركهین.

