حەمەسەعید حەسەن
لە شارباژێڕی سەختەوە
لە بناری سەگرمەوە
کە هەر چەند میلێ دوور دەبووم
لە دڵی کوردستانەوە
هەموو شەوێ
چراخانی
ئاسمانی سەر سلێمانی،
کانیی شلوێی
دڵی ڕۆشن دەکردمەوە
سەرنجم هەر لای ئەو ڕووناکایییە بوو
هەتا چاوم ماندوو دەبوو
هەتاکوو خەو دەیبردمەوە،
ئێستا دوورم
بینینی ئەو چراخانەی
ئاسمانی ئاستی شارەکەم
دوورەدەستترە لە مەحاڵ
ئێستا دوورم
لەسەر پەنگر
گوێقوڵاغم بۆ یەک هەواڵ
نە دەوێرم
زەنگ بۆ ناسیاوێ لێ بدەم
نە دەوێرم
نامەیەکی چاوفرمیسکاوی بنێرم
ئێستا شەوان
لەم وڵاتە سەر بە تەمومژ گیراوە
هەر کاتێ ئاسمان ساماڵ بێ
هەموو ئازای لەشم چاوە
نوقمی ئاسمانی بەرینم
چاوی ماندووم
دەگێڕم بۆ ئەستێرەیەکی گەشاوە
تا لە ئاوێنەی چاویدا
سلێمانی و
دار و بەردی
هەموو کوردستان ببینم
*
شلوێ: لێڵ
پەنگر: پشکۆ

