رۆژنامەی ھەولێر

٢٥ی نۆڤەمبەر؛ لە یادێک زیاتر

حەیات مەجید
کاتێک زۆربەی ڕێکخراو و دەزگا جیاجیاکان لە زۆربەی وڵاتانی دونیا مەبەستیانە یادی ٢٥ی نۆڤەمبەر بکەنەوە، جا بە هەر چەشنێک بێت، ئەمە تەنها یادێک نییە، بەڵکو مێژووە؛ مێژوویەکی پڕ لە هەوڵدان و سەرسەختیی ئافرەت بەرامبەر بە زوڵم و نەهامەتی و ئەو لەمپەرانەی کە دەخرێنە ڕێگەیان.
توندوتیژی بەپێی سەردەمە جیاوازەکان هەبووە و بەردەوامیش دەبێت، بەجۆرێک ژنانی خاوەن بیروڕا هەمیشە لە کێشمەکێشی سەلماندن و وەرگرتنی مافی خۆیان و چواردەوریان بوون. بۆ ئەمەش بێگومان بەپێی سەردەمەکان ڕووبەڕووی پیاهەڵشاخان و توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی و سێکسی بوونەتەوە؛ بۆیە ئەم جۆرە ئافرەتانەی کە شەڕ بۆ مافی خۆیان و مافخوراوانی تریش دەکەن، کەمینەی کۆمەڵگان، بەڵام ئەو کەمینەیەن کە دەنگیان هەیە.
سەرەڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەکان، ئەوان ڕووبەڕووی دیاریدە باوەکان دەبنەوە و دژەئاراستە دەبزوێن. لەم پێناوەشدا بەناو ئاو و ئاگردا هەنگاو دەنێن بۆ گەیشتن بە ئامانج و ڕەتکردنەوەی ئەو “بەڵێ”یانەی کە پێویستە هەموو ئافرەتێک لە کات و ساتی خۆیدا پێیان بڵێت “نا”. بەڵام کەمن ئەوانەی خاوەنی ئەو هێزی “نا”یەن و قبوڵی “بەڵێ” بێ‌ئەنجامەکان ناکەن.
“خوشکانی میرابال” جوانترین نموونەی ئافرەتن کە دژی ستەم وەستانەوە تا تیرۆر کران. ئەوان لەسەر داواکردنی مافەکانیان تیرۆر کران و هاتنە جواب، چیتر نەیانتوانی بە زوڵم بڵێن “بەڵێ”. ئەوان ڕۆیشتن، بەڵام بە مەرگی خۆیان مێژووی ژنیان جارێکی تر نووسییەوە. چرایان بۆ هەموو ژنانی جیهان هەڵکرد، بەجۆرێک هەتا ئەمڕۆش ژنان بە شانازییەوە باسی ئەم سێ ژنە ئازا و نەبەردە دەکەن کە ڕووبەڕووی نادادپەروەری بوونەوە.
دیارترین ئامانجی ٢٥ی نۆڤەمبەر، بەرەنگاربوونەوە و کەمکردنەوەی توندوتیژییە لە تەواوی جیهاندا. لەم ڕۆژەدا، بەپێی هەلومەرجەکان لە وڵاتانی جیاوازدا، بە سیمینار و وۆرکشۆپ و کاری مەیدانی، کار بۆ هۆشیارکردنەوەی ئافرەتان دەکرێت لە زانینی مافەکانیان، تا پشتئەستوور بن بەو یاسایانەی کە پشتیوانیانن و فێری چۆنیەتیی مامەڵەکردن بن لەگەڵ ئەو بارودۆخانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
لەبەر ئەمەیە ٢٥ی نۆڤەمبەر لە یادێک زیاترە و دەبێت بە ئامانەتەوە هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ کەمکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان، تا کۆمەڵگایەکی ئارام و پڕ لە خۆشەویستی و دوور لە توندوتیژی بونیاد بنێین.