زەنوێر پێشەوا
کاتێک دەرگایەک بۆ ئافرەتێک دەکرێتەوە، دەرگا بۆ هەموو نەوەیەکی داهاتوو دەکرێتەوە. ئافرەتان وەک دروستکەری ئاشتی و لێبوردەیی لە خێزان و کۆمەڵگادا دەبینرێن؛ ئافرەتان نیوەی کۆمەڵگان و پشتی نیوەکەی دیکەن. مێژوومان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئافرەتانمان خاوەن پێگەی باڵان و هەر لە زووەوە دەرفەت بۆ ئافرەتان ڕەخساوە تواناکانی خۆیان پێشان بدەن و خۆیان بەرەوپێش بەرن.
چەندین ئافرەتی نموونەییمان هەیە کە بوونەتە ڕەمزی بەرخودان و مایەی شانازین بۆ ئێستامان، نموونەش (لەیلا قاسم)ی هەمیشە زیندوو لە فکر و هزرماندا، کە یەکەم ئافرەتی کورد بوو شەهید کرا بەهۆی چاونەترسی و بوێری و ئازایەتییەوە؛ چونکە یەکەم کەس بوو بڕوای بە بارزانیی نەمر و ڕێبازەکەی هەبوو.
لەم سەردەمەی ئێستاشماندا، ئافرەتان توانیویانە بگەنە پۆستی باڵای حکوومی و وەزاری، وەک: وەزیر، پارێزگار، جێگری پارێزگار و سەرۆکی دەستەکان. ئەمەش نیشانەی متمانەکردنە بە تواناکانی ئافرەتان لە سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن. ئافرەتان بە شێوەیەکی چالاکانە و بە ڕێژەیەکی زۆر بەشداری لە کەرتی پەروەردەدا دەکەن، بەتایبەتی لە قۆناغی زانکۆ و خوێندنی باڵادا؛ ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان خوێندنی باڵا تەواو دەکەن و دەبنە پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەمەش ڕۆڵی ئەکادیمی و پیشەیی ئافرەتانی بەهێز کردووە.
زۆربەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوی ئافرەتانی تایبەت بە خۆیان هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەرگیز مافی ئافرەتانی پێشێل نەکردووە و بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی ١٩٥٢ لەسەر دەستی بارزانیی نەمر (یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان) دامەزرا، کە کار بۆ چالاککردنی ڕۆڵی ئافرەتان لەناو حزب و کۆمەڵگادا دەکەن و هەوڵ دەدەن ئافرەتانی سەرکردە بۆ پۆستە باڵاکان پەروەردە بکەن. چونکە پێگەی ئافرەت لەلای پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێکە لەو تەوەرانەی پارتی جەختی لێ دەکاتەوە و بە بەشێک لە کارنامە و دیدگای خۆی دادەنێت؛ پارتی خۆی وەک پاڵنەرێک دەبینێت بۆ بەشداریی ئافرەتان لە کایەی سیاسی و مەدەنی و بەرزنرخاندنی ڕۆڵ و پێگەیان.
هەروەها دیدگای سەرۆک بارزانی بۆ پێگەی ئافرەت، دیدگایەکە کە تەنها لە چوارچێوەی ڕۆڵی دایک و خێزاندا ڕاناوەستێت، بەڵکوو بە بەشێکی سەرەکی و یەکسانیی بڕیاردان و خەباتی نەتەوەیی و بونیادنانی داهاتوو دادەنێت. پێگەی ئافرەت لە سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی ئەرێنی و پێشکەوتوو دادەنرێت، بەهۆی چەسپاندنی کۆتای یاسایی و وەرگرتنی پۆستە باڵاکان، بەڵام ئەمە بە مانای نەبوونی کێشە نایەت؛ بەڵکوو بوونی ئافرەتان لە پەرلەمان و حکوومەتدا، دەروازەیەکی گرنگە بۆ درێژەدان بە هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی یەکسانیی زیاتر لە کۆمەڵگادا.
سەرەڕای بوونی بەربەستی کۆمەڵایەتی، پێگەی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسایی و سیاسی و پەروەردەییدا هەنگاوی زۆر باشی ناوە و دەستکەوتی بەرچاوی بەدەست هێناوە، بەتایبەت لە گەرەنتیکردنی بەشداریی سیاسییان. ئەم هەنگاوانە و گرنگیدان بە ڕۆڵی ئافرەتان، هەرێمی کوردستانیان لە زۆرێک لە ناوچەکانی دەوروبەری جیا کردووەتەوە و ئومێدی گەورەتر بۆ ئایندە دروست دەکەن.
لێرەدا چەند لایەنێکی گرنگی بوونی ئافرەت دەخەینەڕوو:
١- کۆڵەکەی خێزان: ئافرەت ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە جێگیرکردنی خێزان و دابینکردنی سۆز و میهرەبانی بۆ تاکەکانی خێزان.
٢- چالاک لە بوارە جیاوازەکاندا: لە ئێستادا ئافرەتان بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا (وەک: پزیشکی، پەروەردە، ڕاگەیاندن، بازرگانی، سیاسی، یاسا و کارگێڕی) کار دەکەن و دەستکەوتی گەورەیان هەیە.
٣- بەشدار لە بڕیاردان: ئافرەتان مافی خۆیانە و پێویستە لە پرۆسەی سیاسی و بڕیارداندا بەشدار بن، چونکە ئەمەش نیشانەی ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگایە و بۆچوونی نیوەی کۆمەڵگا دەگەیەنێت.
٤- پێشەنگایەتی: ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان لە ئاستی باڵادا ڕۆڵی سەرکردایەتی دەبینن و سەلماندوویانە کە دەتوانن سەرکەوتوو بن.
ئافرەتان تەنها دایکی نەوەکان نین، بەڵکوو ئەندازیاری کۆمەڵگان.

