رۆژنامەی ھەولێر

بەخشین لە ڕەوشت و ڕەفتاری مرۆڤەکانە

بەکر کەریم حەسەن
(بن كارسون) نووسەر و وەزیری جارانی نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوەی ئەمریكا دەڵێ “بەختەوەری لەوێوە سەرچاوە ناگرێ كە بەدەستی دەهێنین، بەڵكو لەوەوەیە کە دەیبەخشین”.
بێگومان بەختەوەركردن و دڵخۆشكردنی دڵ و دەروونی ئەوانی تر لەوەوە دێ كە چۆن بتوانین یارمەتییان بدەین و نیەتمان باش بێت لەگەڵیان و لە كاتی پێویست ببەخشین و هاوكارییان بكەین، بە قسە و ئامۆژگاری و گرینگیپێدان و پرسین و پەیوەندیی بەردەوام و پاڵپشتی و هاندان و ڕێزگرتن و نەرمونیانی و گوێگرتن و بەشداری لە خۆشی و ناخۆشییەكانیاندا؛ هەروەها یارمەتیدانی ماددی و مەعنەوی لە كاتی پێویست؛ ئەوانە و چەندانی تریش هەمووی بریتییە لە بەخشین و دڵخۆشكردنیان؛ كاتێك دڵی بەرامبەرەكەت خۆش دەكەی، دڵی خۆیشت خۆش دەبێ؛ بەختەوەریان بكە، بەختەوەر دەبی؛ هەر كاتێ هەستت كرد بە وشەیەك بە قسەیەكی باش بە ئەنجامدانی چاكەیەك و یارمەتیدانی هەركەسێك جگە لەوەی دڵخۆشی بۆ خۆت دەهێنێ و بۆ دڵ باشە و پاڵەپەستۆ و فشاری دەروونی و ڕاڕایی كەم دەكاتەوە و، مرۆڤ هەست دەكات چالاكی هەیە و وزەی ئەرێنی هەست پێ دەكات و دوور دەكەوێتەوە لە تەوەزلی و داڕمان و نیگەرانی.
دەگێڕنەوە جارێك پیاوێكی بەتەمەن و زانا لەگەڵ یەكێك لە قوتابییەكانیدا پیاسەیان دەكرد بە نێو كێڵگەیەكدا؛ جووتە پێڵاوێکی كۆنیان كەوتە بەرچاو، دیار بوو كە هی یەكێك لە جووتیارەكان بوو كە لەوێ كاری دەكرد، دایكەندبوو. قوتابییەكە ئاوڕی دایەوە لە پیاوە پیرەكە و، گوتی گەورەم چی دەڵێی گاڵتەیەك بكەین تاكە پێڵاوێکی بشارینەوە و، بزانین کە جووتیارەكە دەگەڕێتەوە و دەبینێ تاكە پێڵاوەکەی بزر بووە و دیار نییە، هەندێک پێبکەنین؛ بیشزانین چۆن هەڵسوكەوت دەكات، چی بەسەردا دێت؛ پیاوە پیرەكە وەڵامی دایەوە گوتی ڕۆڵە نابێ دڵی خۆمان بە خەم و ئازاری ئەوانی تر خۆش بكەین و، نیگەرانیان بكەین تا بەختەوەر بین. تۆ دەوڵەمەندی دەتوانی دڵخۆشی و بەختەوەری بۆ خۆت بەدەست بهێنی و بۆ جووتیارە هەژارەكەش، كە چەند پارچە پارەیەك بخەینە ناو پێڵاوەكانی و خۆمان بشارینەوە و ببینین چەند كاریگەری هەیە لەسەر ئەو. قوتابیەكە پێشنیارەكەی بەدڵ بوو چەند پارچە پارەیەكی خستە پێڵاوەكان و دواتر خۆی و پیاوە پیرەكە خۆیان شاردەوە لە پەنای دارێك تا ببینن كاردنەوەی جووتیارەكە چۆنە. دوای چەند خولەكێك جووتیاری سادە و هەژار بە شەکەتی و ماندوویەتیەکی زۆرەوە گەڕایەوە لای پێڵاوەكانی تاوەكو بگەڕێتەوە ماڵەوە، كاتێك پێیەكی خستە ناو پێڵاوەكە و سەری سوڕما شتێك لە ناو پێڵاوەکەدایە و کە دەریکرد دیتی پارەیە و پێیەکەی تری خستە ناو پێڵاوەکەی تر و بەهەمان شێوە دیتی هەندێ پارەیەک لەناو پێڵاوەکەی تریشدایە و سەری سوڕما بە وردی سەیری پارەكانی كرد و لێ ورد بووە زانی كە ئەوە خەون نیە، تەماشای هەرچوار دەوری خۆی كرد و كەسی نەدیت و پارەكەی خستە گیرفانیەوە و كەوتە سەر ئەژنۆ و تەماشای ئاسمانی كرد و دەستی كردە گریان و بە دەنگێكی بەرز گوتی خودایە سوپاسگوزارم، خودایە سوپاست دەكەم ئەوە تۆ دەزانی خێزانەكەم نەخۆشە و منداڵەكانم برسییانە پارچە نانێك نییە لە ماڵم. خودایە ڕزگارت كردم منداڵەكانت ڕزگار كرد لە كارەسات. جووتیارەكە بەردەوام بوو لە گریان و هەر سوپاسی ئەو بەخشینەی خوای دەكرد. ئەو دیمەنە زۆر كاریگەری لە قوتابییەكە كرد و چاوی پڕ بوو لە فرمێسك، پیاوە نازدارەكە گوتی ئایا ئێستا زیاتر دڵخۆش نیت لە پێشنیاری پێشووت كە پێڵاوەكەت شاردبایەوە؟ قوتابیەكە وەڵامی دایەوە و گوتی فێری وانەیەك بووم بە ژیانم لە بیری ناكەم. ئێستا تێگەیشتم مانای چەندەها وشە كە پێشتر نەم دەزانی. كە دەبەخشی زیاتر دڵخۆشی لەوەی وەربگری. پیاوە پیرەكە گوتی فێر بە بەخشین چەندەها جۆری هەیە، لێخۆشبوون لە كاتی توانایی و بەدەسەڵاتیدا بەخشینە، دواوكردنی چاكە بۆ برا و خوشکەكانت لە دوای خۆیان بەخشینە، چاوپۆشین لە گومانی خراپ بەخشینە و بوختان‌نەكردن بەخشینە.
بەخشین هەر تەنها پارە و ماددە نییە، بەڵكو لە ڕەوشت و هەڵسوكەوت و ڕەفتاری مرۆڤەكاندایە، بۆیە هەردەم باش بە و چاكە خواز بە. ئەوەش بزانە كاریگەریی بەخشین لە دڵ دەمێنێتەوە بەرهەمدار دەبی لە ژیان و دوایی، بەخشینی ڕاستگۆیانە دڵ و دەروون ڕۆشن دەكاتەوە پێش ئەوەی بگاتە دەستەكان. بەخشین هەمیشە هۆكاری سەرەكیی بەختەوەری و هێوربوونەوەی دڵ و دەروونە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی