هاودەنگ فارووق
هەولێر، ڕۆژنامەی هەمووان، بیست ساڵ لەمەوبەر، ئەو دەمەی بیابانی كاكی بەكاكی كوردستان، تامەزرۆی دڵۆپەی دێڕێك بوو.. مێژووی ڕۆژنامەگەری كوردی، لە سوباتێكی قووڵدابوو… ئەو كاتەی نمەبارانی هەولێر داباری و، بیابانی ئەم دەشتە هەڵقرچاوەی پاراوكردەوە. تنۆكی مەرحەمەتی وشە داباری و، لاپەڕە بێئومێدەكانی زیندوو كردەوە. ئەو كاتەی خەریكبوو ناو و ناوبانگی كوردستان، لە نێودێڕە ڕەشەكاندا بزردەكرا و، فەوزایەكی سەرتاپایی جەستەی لاپەڕەكانی تەنیبوو.. شنە بای هەولێر هەڵیكرد و، وشە بەوشە دابارییە سەر ڕۆحی كاغەز و، كوردستانی پەخش كرد.. سەرتاپای كوردستانی بردە كەشكەڵان و، هەموو ئازارەكانی نیشتمانی لەسەر سنگی خۆی جێكردەوە. بیست ساڵە ڕۆژنامەی هەولێر خەمی كوردایەتی دەبژێرێت.. بیست ساڵە دەچێتەوە بەگژی تیرۆری فیكریدا… بیست ساڵە هەولێر جاڕی ئازادی كورد و، خەنەبەندانی سەربەخۆیی نیشتمانی دەڵێتەوە. هەولێر، ڕۆژنامە قشتەكەی كوردستان، هێز و وزە لە هەولێرەكەی سوڵتان موزەفەر و قەڵا وەردەگرێ… هەولێری منارە و پایتەختی سەرسپی و ڕیش سپی كورد دەدوێت و، بەڕەش دەڵێت ڕەش و بەسپی دەڵێت سپی.. بیست ساڵی ڕەبەقە، ئاو دەوەستێ و هەولێرەكەی باوەشی خوێنەرانمان ناوەستێ.. هەمووان ماندوون و هەولێر ناخەوێ.. بیست ساڵی تەواوە هەولێر هاواری ئازادی میللەتێك دەكات.. بیست ساڵە قەدو باڵای نیشتمانێك، بازووی نەتەوەیەك لەسەر كاغەز وێنا دەكات. ئەوكاتەی هەولێر لەدایك بوو، دنیای ئێمە تاریك بوو، خەزانی وشەی نیشتمان بوو.. ڕۆژنامەیەك هات و فوی كرد بە كەڕەناكەی مێژوودا، وشە ئاڵتوونییەكانی پژاند و بۆن و بەرامەی نیشتمانی بڵاوكردەوە. بیست ساڵە هەولێر بۆ شكۆی نەتەوەیەك فرمێسكی مرەكەب دەڕێژێت و، ڕووبارێكی شینی ڕژاندۆتە نێو دڵی مێژوو.. بیست ساڵە نوێگەری دێنێت و بەباوەش دەیخاتە ناو فەرهەنگ و ڕۆژنامەگەری كوردو دنیای میدیای دیجیتاڵی و ئەلیكترۆنی و مەیدانی سۆشیالمیدیا.. ئەها… ببینن چۆن وشە بەوشە دەڵێت ڕێمكە!.. وشە بەوشە دەڵێت جێمكە! هەر دێڕە و دێت و خۆی دەخزێنێتە نێو هەولێر، هەر قەڵەمە و دێت و لەناو دڵی هەولێردا نیشتەجێ دەبێت.. هەر چاوی مرۆڤە و دەچەقێتە سەر لاپەڕەكانی هەولێر… هەولێر ئاپارتمانە دڵخوازەكەی نووسەران و ڕۆژنامەڤان و قەڵەمە باش و جوانەكانی كوردە.. هەولێر سەنگەری پێشمەرگەی مەعریفە و ڕۆشنبیرانی بازو قەوی و، هەڵگرانی پەیامەكانی نیشتمانە.. بیست ساڵە هەولێر، ئامێزی گەرم و سەنگەری مەردایەتی قەڵەم و لانكەی بیری نەتەوەیی و مرۆڤسالاری و مافی ژن و مافی مرۆڤە.. هەولێر، مامەخەمەی ڕۆژنامەی كوردییە و، ئازارەكانی هەمووان ڕادەژەنێت. بیست ساڵە هەولێر هەر هەولێرەو، وەكو شاخێك لەپشتی سەرۆك بارزانی ڕاوەستاوەو، چاوی كردۆتە هەزار چاو بۆ خزمەتكردنی شكۆی ڕێبازی بارزانی. ئیتر بە ویژدانیكی ئاسودەوە دەڵێین: بیست ساڵەی هەولێر پیرۆز بێت.. پیرۆز لە نیشتمان و لەڕۆژنامەنووسان و نووسەران و هاوكارانمان و لە وشەی ڕەسەن.

