رۆژنامەی ھەولێر

‎حیزبی یەكەمی كوردستان و عێراق

‎هاودەنگ فارووق
‎ئیدی خوێندنەوەی كایەی هەڵبژاردن و، تۆماركردنی تێبینی لەسەر قۆناغی ئایندە، هەروا گەڵاڵەكردنی كۆی تێبینییەكان لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و مافەكانی گەلی كوردستان، لەسەر یاسای نادادپەروەریی هەڵبژاردن و تەواوی پرۆسەكە و بارودۆخی عێراق، ئەركی هەموو لایەنە كوردییەكانە.
‎ڕاستیەكەی سەركەوتنی گەورەی پارتی و بەدەستهێنانی زیاتر لە یەك میلیۆن دەنگ، چەندین ڕەهەندی قووڵی سیاسی و مێژوویی و تەنزیمی و هەروەها هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی هەیە.
‎ئەم سەركەوتنە و بەدەستهێنانی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ، بەرهەمی ڕێبوارانی ڕێگەی بیروباوەڕی ڕێبازی بارزانی و ئیرادەی خۆنەچەماندن و مێژووی دوورودرێژی خەبات و قوربانیدانی جەماوەر و لایەنگرانی پارتییە.
‎ئەو سەركەوتنەو پشتیوانیی گەلی كوردستان بۆ پارتی پەیامێكی بەهێزە و، پێگە و ڕەوایەتیی دروشم و داواكارییەكانی پارتی بۆ هەموو لایەك دەخاتەڕوو. پێویستە بە بەردەوامی ئەو سەروەریی و سەروەتە مەزنەی پارتی وەك چاومان بپارێزین و خزمەتی بكەین، وەبەرهێنانی ڕاستگۆیانەی لەسەر بكەین.
‎نابێت تەنیا لە ئانی هەڵبژاردنەكاندا، ڕوومان لەم جەماوەرە بەوەفاودڵپاكە بێت، بەڵكوو هەموو كات خزمەتكاریان بین. هەروەك دەبێ جەخت لە ژمارەی زیاتر لە یەک میلیۆن دەنگ، سەرووی یەک میلیۆن و زیاتر بکرێتەوە، ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە سەلماندی كە پارتی حزبی یەكەمی كوردستان و حزبی یەكەمی هەموو عێراقە.