رۆژنامەی ھەولێر

كولتووری شۆفێریی سەلامەت

عومەر چنگیانی
كەشو هەوای بێ بارانی وڵاتمان لەلایەك وای خواست كە هەفتەی ڕابردوو داوا لە مامۆستا بەڕێزەكانی كوردستان بكەین باسكردن لە بێ بارانی و نزاكردن بۆ بارینی بارانی ڕەحمەت ببێتە توێشووی گوتارەكانیان و، لەلایەكی تریشەوە زۆریی ڕووداوە نەخوازراوە جەرگبڕەكانی هاتووچوو وای بەپێویست گێڕا لەسەرمان ئەو بابەتەیش بە هەند وەربگرین و مامۆستایان سەرپشك بكەین بۆ هەڵبژاردنی هەریەك لەو دوو ناونیشانە، كە بۆخۆم لە گوتاری زنجیرە 319 مان، لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجەكوبرا، لە 14ی11ی2025 تیشكمان خستە سەر هەردوو بابەتەكە و، لێرە دا پوختەیەكی هەردوو گوتارەكە دەكەمە توێشووی گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان.
خوایە بارانی بەڕەحمەت ببارێنە؛ یەكێك لە ئایەتە پڕ لە باسی بەزەیی و میهرەبانییەكانی خوای گەورە لە قورئانی پڕ لەبەخششدا، ئایەتی بیستوهەشتی سوورەتی (الشوری)یە كە دەفەرمێت: (پەروەرێنی ئێوە ئەوخوایەیە، كە بارانی تینوویەتی زەوی شكێن و سوودگەیێنتان لەكاتێكدا بۆ دەبارێنێ، كە ئێوە لەدەرەنجامی خۆناسیتان كە چەند كەمتەرخەمن لە ئاستی خواپەرستی، یان لە ڕەش بینیتانەوە تووشی بێهیوایی دەبن و، زەویوزارتان تووشی وشكەساڵی دێت لەو كاتە ئەو بارانە دەبارێنێ و میهرەبانییەكانی دەڕێژێت بەسەرتانا و پەخشی دەكاتەوە، كە هەر ئەو گەورە و فریاگوزار و سوپاسگوزار و بەهەق شایانی پەرستنە). باران لە زۆربەی كاتەكاندا نیعمەتێكی مەزنی خوای بەخشندەی میهرەبانە، وڵات و بەندە و ئاژەڵیش بە بارینی ئاسوودە دەكات، هەربۆیە خوای گەورە هەندێك جار بە بەرەكەت ناوی دەبات و هەندێك جار بە پاككەرەوە و هەندێك جاریش بە تەواوی ژیان ناوی دەبات، وەكچۆن باران بەڵگەیەكی ڕوونی زیندووبوونەوە و هەستانەوەی جەستەی مردووە لە ڕۆژی دواییدا، وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە.
تاقیكردنەوە بەشێكە لە ڕێگە بەردەوامەكانی خوا؛ ژیان لەسەر یەك ڕێچكە و دۆخ نامێنێتەوە، بەڵكوو تاقیكردنەوەی خۆشی و ناخۆشیشی تێدایە. یەكێ لە تاقیكردنەوەكانی خوای گەورە بریتییە لەوەی كە ڕەنگە ساڵێك باران درەنگ ببارێت و لە كاتی خۆیدا نەیەت، ئەوەش بە دڵنیاییەوە حیكمەتێكی پەروەردگاری تێدایە كە ڕەنگە بیزانین یان نەیزانین، یان ڕەنگە بۆ تاقیكرنەوە بێت بۆ ئەوەی بیر بكەینەوە لە كوێدا كەموكووڕیمان بەرانبەر مافەكانی خوای گەورە كردووە، یان سنووری مافی بەندە و وڵات و گیاندارانمان بەزاندووە. بۆیە پێویستە لە كاتی دواكەوتنی بپاڕێینەوە خوا لێمان خۆش بێت و لە نوێژ و پەرستنەكانماندا زیاتر ڕۆحمانی لەگەڵدا ئاوێتە بكەین، هەروەها ئەوەشمان بۆ دەربكەوێت ئێمە هیچمان لەدەست نایەت و ئەوە تەنیا ڕەحمەتی خوا و دەسەڵات و بەهێزیی زاتی ئەوە بارانی ڕەحمەت بەسەر هەموو گیانداراندا بە ئیزنی خۆی دەبارێنێت. دەبێت موسڵمان زۆر دڵنیا بێت هەموو شتێك بە ئیزن و قودرەتی خوا پەیدا دەبێت. ئێمە لەم سەردەمەدا لە دەستكاریكردنی ژینگە دەناڵێنین، هەر لە پیسداگەڕانی ژینگە و وێرانكردن لە وشكانی و دەریا و هەوادا، تا تێكدانی تەواوی ژینگە، هەمووشی بەهۆی نەزانیی مرۆڤ و شەڕانگێزییەوەیە. تەنگژەی برک (قەتیسبوونی گەرما) و گۆڕانی كەشوهەوا مەترسیدار بووە، دارستانەكان گڕ دەگرن، گوندەكان وێران دەبن، مرۆڤ لە گەرمادا دەمرن. خوای گەورە گەرما و گۆڕانی كەشوهەوا و وشكەساڵی و باهۆز و برسێتی و بوومەلەرزە و لافاوی وێرانكەری هێناوە، ئەمەش هەمووی بەشێكن لە سزای خوا و لە ئەنجامی كاری مرۆڤەوە دروست بوون.
گرنگیی داوای لێخۆشبوون؛ پێویستە لەسەرمان داوای لێخۆشبوون لە پەروەردگار بكەین، بەتایبەتی كاتێك باران دوادەكەوێت و وشكەساڵی دروست دەبێت.
كولتووری شۆفێریی سەلامەت؛ ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلام بۆ گەیشتنی مرۆڤ بە ئاسوودەیی لە دنیا و ڕۆژی دوایی هاتووە. یەكێك لە گرنگترین لایەنەكانی ئەو ئاسوودەیییە، پاراستنی گیانە و بەشێكە لە ویستە مەزنەكانی شەریعەتی ئیسلام. لە سەردەمی نوێ و زیادبوونی هۆكارەكانی هاتوچۆ و گەشەسەندنی، شۆفێری بووە بە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەماندا.
شۆفێری ئامانەت و بەرپرسیارێتیی شەرعییە؛ یەكێك لە نیعمەتەكانی خوا بەسەرمانەوە، بوونی كەرەستەكانی هاتوچۆیە؛ وەك ئۆتۆمبێل و هۆكارەكانی تری هاتوچۆ كە خوا هۆكارەكانی ڕەخساندووە تا لە خزمەتی مرۆڤدا بن. بەكارهێنانی ئەو ئامێرانە تەنیا شارەزایی تەكنیكی ناوێت، بەڵكوو ئەمانەت و بەرپرسیارێتییەكی شەرعیشە. خوا ئەمری پێ كردووین كە گیان و سامانمان بپارێزین. لێخورینی هەر ئامێرێكی گواستنەوە، بەرپرسێارێتی و ئەخلاقە، ئەوەی بە هەڵەشەیی بەكاری بهێنێت، لە ئامانەتەكەیدا ناپاكی كردووە و خۆی و خەڵكیشی تووشی مەترسی كردووە. ئەوەی ئێستە لە ڕووداوەكانی هاتوچۆدا دەیبینین، زیاتر گرنگیی پاراستنی شۆفێرییەكی سەلامەتمان بۆ دەردەخات.
بنەماكانی ڕێگاوبان و ڕێنماییەكانی هاتوچۆ: ئیسلام ئایینێكی پڕ ڕێنماییە لە هەموو بوارێكی ژیاندا، بۆیە بنەماكانی ڕێگاوبانیشی فەرامۆش نەكردووە. پێویستە لەسەر شۆفێر خۆی تووشی مەترسی نەكات و ناچاریشە پابەندی ڕێنمایی تیژڕۆیی بێت بۆ ئەوەی سنوور نەبەزێنێت و مۆبایل بەكار نەهێنێت و، ڕێز لە مافی شۆفێرانی تریش بگرێت. یاساكانی هاتوچۆ و ڕێنماییەكان بریتین نین لە كۆتوبەندکردنی ئازادی، بەڵكوو بۆ پاراستنی گیان و سامانمانە. پابەندبوون بەو یاسا و ڕێنماییانە ئەركێكی شەرعی و نیشتمانییشە. دەوڵەت لە ڕێگەی ئەو یاسایانەوە جووڵەی هاتوچۆ ڕێك دەخات و شڵەژاوی و قەرەباڵغی كۆنتڕۆڵ دەكات و گیانی هەموو لایەكیش سەلامەت دەبێت.