رۆژنامەی ھەولێر

‎داستانی یەك میلیۆن دەنگ

‎هاودەنگ فارووق
‎هەڵبژاردن كرا، زۆربوون ئەوانەی نوقڵانەیان لێدەدا و، لەگیرفانی خۆیانەوە گوێزیان دەژمارد، باسی ئەوەیان دەكرد پارتی تخوبی میلیۆنێك دەنگ نابەزێنێت! گوایە بەهۆی ئەو هەموو تەنگژەیەی بەغدا بۆ كوردستانی دروستكردووە، خەڵك لە پارتی توڕەیە!
‎ئەوانەی ئەو قسانەیان دەكرد، نە لە عەزەمەتی گەلی كوردستان و نە پێگەی پارتی و بارزانی تێگەیشتبوون، نەدەشیانزانی خەڵكی كوردستان چەندە هۆشیار و خودان وێژدانە! نەیاندەزانی دەنگدەرانی كوردستان لاپەڕەی سپی دەخوێنێتەوە، پشتی ئەو دەستەو ئەو دیوی ئەو ئەقڵیەتە شۆڤێنییە دەبینێت، كە مووچەی كوردستانی بڕیوە، خەڵك دەزانێت ئەوەی مووچەی بڕیوە بۆچی وایكردووە؟ ئامانجی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بسڕێتەوە، لەڕێی ئازاردانی خەڵكەوە دوژمنایەتی پارتی دەكات.
‎خەڵكی كوردستان دەیانزانی ئەوە پارتی نییە مووچەی بڕیوون، ئیتر چۆن دێت ئازاری جەستەی خۆی دەدات و ئەركەكە بۆ دوژمنانی كورد ئاسان دەكات؟ ئەوان دەیانەوێت بە بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان پارتی لەناوبەرن، بەڵام ئیرادەی خەڵكی كوردستان گوتی: نەخێر، تاوانێك پارتی نەیكردووە، چۆن ڕێگەدەدەین، پارتی سزاكەی ورەگرێت!
‎ لە داستانی یەك ملیۆن دەنگی زێتر، خەڵكی كوردستان بەبەرزی هێشتنەوەی پارتی، جوانترین كاردانەوەی كورد بوو بەرانبەر ئەو ستەمەی لەخەڵكی كوردستان كرا و، كوردستانییەكان حیزبێكیان سەرخست و كردیانە بە حیزبی یەك میلیۆن دەنگ، كە مووچە بڕەكان دەیانویست بیشكێنن. بەڵام ئەوەی لای ئەوان خەیاڵ بوو، خەڵكی كوردستان بەتاڵی ‎كردەوە.