سەگڤان هالۆ
لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بۆ خولی شەشەمی پارلەمانی عێراق، لیستی ٢٧٥ی پارتی و سەرۆک بارزانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی تێپەڕاند، ئەمەش جیاوازییەکی بەرچاوە لەگەڵ ڕکابەرە سیاسییەکانی لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان. پارتی نەک تەنیا لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی هەموو عێراقیش پێشەنگە.
ئەم سەرکەوتنە سەرچاوەی کۆمەڵێک ڕەهەندی سیاسی، تەنزیمی و مێژووییە، هەروەها ئاماژەیە بۆ بەهێزبوونی هۆشیاری سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانیی کادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەم سەرکەوتنە مەزنەی پارتی بەرهەمی هەموو ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییانەیە کە تەنیا لە پارتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی باوکدا ڕەنگیان داوەتەوە. بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ لە ئەنجامی بیروباوەڕی کوردایەتییەوە بوو، کە پارتی و بارزانی بە تەنیا هەڵگرانی ئەم بیروباوەڕە پیرۆزەن. ئەمەش بووە هۆی بەهێزبوونی ئیرادەی سیاسیی گەلی کوردستان و خۆڕاگری لە ئاست پیلانگێڕییەکانی ناحەزان و نەیاراندا، هەروەها پەیامێکی بەهێزیش بوو ئاراستەی هەمووان کرا.
پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی کردارە و بە کردار سەلماندوویەتی کە تاکە حزبی سیاسییە پارێزەری کوردستان و دۆزی ڕەوای کورد و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، هەروەها بەرگریکارێکی بەهێز بووە لە هەردوو قۆناغی چەکداری و شارستانیدا. مێژووش شاهیدی ئەو قوربانیدانەیە کە پارتی و بارزانی داویانە، بۆیە ئەم متمانە بەرفراوانەی خەڵکی کوردستان بە پارتی و بارزانی ڕەنگی دایەوە و چارەنووسی خۆیان ڕادەستی پارتی کرد و بە پێشەنگیان هێشتنەوە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستاندا بە گشتی.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارە سەرەڕای یاسای نادادپەروەرانەی هەڵبژاردن کە بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵێک لایەنی سیاسی و پێکهاتە داڕێژرابوو، لیستی ٢٧٥ی پارتیمان وەک حزبی یەکەمی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرچوو. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پیلانگێڕییەکانی دژی پارتی سەرکەوتوو نەبوون و مەرامە گڵاوەکانیان پووچەڵ کرایەوە. ئەگەر ئەم یاسایە بەربەست نەبووایە و یاسایەکی دادپەروەرانەتر بووایە، کورسییەکانی پارتی زۆر زیاتر دەبوون. سەرۆک بارزانی پێشتر و ئێستاش هۆشداری داوە لە سەپاندنی یاسایەکی لەم چەشنە کە ستەمێکە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت و پێویستە بگۆڕدرێت.
پارتیمان بە تایبەتی و هەرێمی کوردستان بە گشتی ڕووبەڕووی توندترین فشارەکان بوونەوە لە ڕووی سیاسی، ئابووری، دارایی و میدیاییەوە، هەروەها هەڕەشەی جۆراوجۆر هەبوون. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم نەخشە و پیلانانە، حکوومەتی هەرێم لە خزمەتگوزاری و دروستکردنی پڕۆژەکان بەردەوام بوو، و ناحەزان نەیانتوانی بیوەستێنن.
ئامانجی سەرەکیی نەیاران لاوازکردنی پارتی و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بوو، هەروەها لاوازکردنی پشتگیریی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ پارتی و بارزانی. بەڵام پارتی و بارزانی نەک هەر پێگەیان لاواز نەبوو، بەڵکو بەهێزتر و گەورەتر بوون لە هەموو عێراقدا و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگیان بەدەستهێنا، و دوژمنانی قەڵای کوردایەتی و پیلانەکانیان بێهیوا کران.
لە قۆناغی داهاتووشدا، پارتیمان لە پارلەمانی عێراق شەڕی دەستوور دەکات و هەموو ئەو مادانەی کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون و پشتگوێ خراون، بە هەموو هێز و توانایەکەوە بەرگرییان لێدەکات و هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسیی عێراق، کە چەندین ساڵە دەستوور پێشێل دەکرێت و هەوڵ دەدەن عێراق بەرەو خۆسەپێنی و ناوەندگەرایی ببەن.
لە کۆتاییدا، پارتیمان وەک چۆن پێشتر بەرگری لە مافەڕەواکانی گەلی کوردستان کردووە، ئەمجارەش بە هێزتر ئامادە دەبێت و بەرگری لە دەستوور و دیموکراسیەت و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان دەکات.

