شێرکۆ حەبیب
ئیمامی عەلی (درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرمووێ “هەر شتێک زۆر بوو نرخ و بەهای کەم دەبێت، تەنها زانست نەبێ چەند زۆر بوو بەهاکەی بەرز و بەنرخ دەبێت”، پارتیش چونکە قوتابخانەی کوردایەتی و تێکۆشان و خەباتە، کە ئەمانەش جۆرێکن لە زانست و زانیاری، بۆیە هەر لەو ڕوانگەیەوە پارتی هەر چەند گەشە و زێدە بکات بەها و سەنگی نەک تەنانەت لە نێو خۆی کوردستان بەڵکو لەو دیوی سنوورەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی زیاتر دەبێ و رێز و پێگەی تایبەتی دەبێ.
لە دوا هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی پارتییەکان ئەندام و لایەنگرانی و دۆستانی ئەوەیان سەلماند کەوا دڵسۆزی و فاداریان بۆ پارتی بێ سنوورە و هەموو هەوڵێکیان بۆ سەرخستنی پارتییە، داواکارییەکەی نێچیرڤان بارزانییان بە جێگەیاند لە یەک ملیۆن دەنگ و زیاتر، هەڵبەتە ئەمەش لە تێڕوانین و دیدی رێبازی پیرۆزی مستەفا بارزانیی نەمر و ڕێنمایەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی یە، و دڵسۆزی و فاداریی پارتییەکانە بۆ ئەو خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و تەبایی و پێکەوە ژیانە کە کوردستان بەخۆیەوە دەبینێ لە سایەی حکوومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی.
بێگومان بەدەست هێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ، نەک هەر پێگەی پارتی بەهێز دەکات، بەڵکو پێگەی کوردستان لە بەغدا و ئەو دیوی سنوورەکان بەهێز دەکات، و وەنەبێت ئەمە سەرکەوتنێک بێت بۆ پارتییەکان بەڵکو سەرکەوتنە بۆ سەرجەم دڵسۆزانی کوردستان کە بە خوێنی شەهیدە سەربەرزەکان و هێزی پێشمەرگە قارەمانەکان و بە خەباتی نەپساوەی رۆڵەکانی پارتی و سەرکردایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی هاتە دی.
پارتی لە ساتە وەختی دامەزراندنی بەڵێنی داکۆکی لە مافەکان و بەرگری لە خاک و نیشتمان و سازش نەکردن لە خاکی کوردستان کردووە و تا ئیستاش لەسەر ئەو هەڵوێستە بەردەوامە و خۆی نەچەماندووە بۆ نەیاران، بەڵکو سوورترە لەسەر خەبات و تێکۆشان بۆ گەیاندنی کوردستان بە کەناری ئارامی و سەربەخۆیی.
تەبایی و پێکەوە ژیان و برایەتی کە سەرۆک بارزانی هەردەم جەختی لەسەر دەکاتەوە هۆکارێکی دیکەی ئەو سەرکەوتنە مێژووییە کە پارتی بەدەستی هێنا و بوو بە حزبی ژمارە یەک لەسەر ئاستی عێراق، کە ئەمەش نەیاران و ناحەزانی کوردستان و پارتی دووچاری دڵەراوکێ وفۆبیا کرد، کە پارتی هەردەم پێشرەو بووە و بەپێشرەوی کورد دەمێنێتەوە.
لەگەڵ ئەو سەرکەوتنە مەزنە پارتی دەستی هاوکاری و تەبایی بۆ سەرجەم لایەنەکان درێژ دەکات بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان و بایەخدان بە دامەزراوە فەرمییەکان و پێکهێنانی کابینەی حکوومەت لەسەر بنەما و ئیستحقاقی هەڵبژاردن کە میللەت بڕیاری لەسەر داوە، ئەمەش گەورەیی پارتی دەردەخات کە مەغرور نییە چونکە جەنابی بارزانیی نەمر دەفەرمووێ “لەکاتی سەرکەوتن مەغرور مەبن”
گرنگە هەموو لایەک بە یەک دەنگ پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بکەن بۆ دابینکردنی سەرجەم مافە دەستوورییەکان، دەبێ هەموو لایەک بەرژەوەندی کوردستان لەسەرووی ئەجنداکانیان بێت.

