حەمەسەعید حەسەن
ئێمیل سیۆران (١٩١١ – ١٩٩٥) لە (ڕازیناری) کە یەکێکە لە گوندەکانی (ترانسیلڤانیا)ی سەر بە ڕۆمانیا، لە دایک دەبێت. لە بۆخارست فەلسەفە دەخوێنێت، ١٩٣٧ بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچێتە پاریس و ئیدی هەر لەوێ دەمێنێتەوە. (لە ترۆپکی نائومێدییەوە،) ناونیشانی یەکەمین کتیبی ئەوە کە ١٩٣٣ بە زمانی دایکی نووسیویەتی، ئاخر دواتر بە فەرەنسایی دەست بە نووسین دەکات و دەبێتە یەکێک لە ئەستێرە گەشەکانی نووسین لە بواری هزری مۆدێرندا. ڕەنگە بە دەگمەن کەسێک پەیدا ببێت، لەو قووڵتر لەسەر ڕەشبینی، گومان و نەهلیزمی نووسیبێت. دەربارەی ئاکار، ئەدەب و ستاتیکایش قسەی خۆی هەبووە.
لە سەرەتاوە نەتەوەپەرستێکی هێندە توندئاژۆبوو، لە نازیسمەوە نزیکبوو، بەڵام سەروەختی دووەمین جەنگی جیهانگرەوە، لەو فیکرە پاشکەز بووەوە. سیۆران کە هەر لە تافی لاوییەوە، گیرۆدەی دەستی نەخۆشیی بێخەوی دەبێت، وەك شۆپنهاوەر (١٧٨٨ – ١٨٦٠) ڕەشبین دەبێت، بەڵام وەک ئەو ڕقی لە ژن نابێت، هەرچەندە ئەمیش وەک ئەو، ناچێتە (تابووتی هاوسەرگیری)یەوە. سیۆران دەیگوت: (ڕەنگە گەلێک تاوانم کردبێت، بەڵام تاوانی بوون بە باوکم نەکردووە.) ئەبوعەلائی مەعەری (٩٧٣ – ١٠٥٧)یش زۆر پێش وی گوتبووی:
بۆ خۆم گوناهم نەکرد لەگەڵ کەس
گوناهی بابم لەسەر منە و بەس.(*)
سیۆران هەم بە فرێدریک نیتشە (١٨٤٤ – ١٩٠٠) سەرسام بووە، هەم وەک ئەو زیان بە عەقڵی گەییشتووە، بەڵام ئەمیش وەک ئەو، بەدەم ئازاری ئاوەزەوە، جوانترین دەقی نووسیوە.
نموونە لە بەرهەمی فیکر و خەیاڵی سیۆران
تەنیا ئەو کتێبە هەقی نووسینی هەیە کە نووسەرەکەی نە بیر لە خوێنەر دەکاتەوە، نە چاوی لای هیچ دەستکەوتێکە، ئاخر نووسەری خاوەنی بەهرە، ئەگەر بخوازیت، توانای شێواندنی واقیعی هەیە.
ئەگەر خەیاڵی تێکەڵ نەکەین، زەحمەتە بتوانین ڕووپەلێک بنووسین، چونکە نووسین هیچ بەهایەکی نابێت، ئەگەر لەوە پێک هاتبێت کە دەیڵێین.
ئەوی لە کاتێکدا خەڵکی نوقمی خەون، پرسیار دەورووژێنێت، گوێ ناداتە ئەوەی لە ئەنجامی بیرکردنەوەوە، خەڵات دەکرێت، یان سزا دەدرێت، چونکە مەستبوون بە ڕاستییە فریودەرەکان، دوای نیوەشەو دەست پێ دەکات.
نووسەر خۆکوژی ناکات، بەڵام خۆی لە مەرگ نادزێتەوە.
ئەگەر هەر بابەتی ساکار بخوێنینەوە، ئاوەزمان تووشی وشکەساڵی دەبێت.
ئەوانەی بە یەقین گەییشتوون، جێی گومانن، ئاخر کەسانی پاک، دوودڵن.
ئەوە ڕقە دەمارەکانی ڕەق کردووین، بۆیە زوو زوو تووشی کێشەی دڵ دەبین.
ڕەنگە نائومێدی چارەسەری هەبێت، بەڵام لەوە ناچێت خەمۆکی هەیبێت.
ئەگەر جارێک هەستت کرد بەبێ هیچ هۆکارێک خەمباریت، ئەوا بە درێژاییی ژیانت هەر خەمبار بوویت، بەڵام هەستت پێ نەکردووە.
بەختەوەری ئەوەندە دوورەدەستە، ڕەنگە لە لوتکەی پیریشدا پێی نەگەین.
کێشەی ڕەشبین ئەوەیە، ناچارە هەموو ڕۆژێک پاساوێک ببینێتەوە، بۆ ئەوەی درێژە بە ژیان بدات.
زەندەقم لەو سیاسەتکارە چووە کە هیچ نیشانەیەکی ئەوەی پێوە دیار نییە، شەیدای دەسەڵات و دراوە.
بەرخیش ئەگەر بۆی بلوێت، ڕۆڵی گورگ وازی دەکات، ئەوانەیشی کەڵبە شک نابەن، خەون بە کەڵبە و بە ڕاوەوە دەبینن.
ساختەکارترین سیاسەتمەدار کەسێکە، خوا تێکەڵ بە درۆ و فێڵەکانی بکات.
ئایین سەبووریی بە باوەڕدارێک نابەخشێت، خوا نائومێدی کردبێت.
باوەڕ، بەرەو خراپە هانمان دەدات، ئاخر لێ ناگەڕێت بە چاوی ڕێزەوە سەرنجی ئەوانە بدەین، هەمان باوەڕی ئێمەیان نییە.
بەرهەمە هەرە جوانەکانی زانایانی ئایین، بریتین لەو ڕووپەلانەی تێیاندا باسی دوژمنانیان دەکەن. کە دەست بە گوتنەوەی دەرسی ڕەوشت دەکەن، هێندە بە لێزانییەوە ڕق هەڵدەڕێژن، هەر دەڵێیت بۆ بوارە سرووشتییەکەی خۆیان گەڕاونەتەوە و سەرلەنوێ خۆیان دۆزیوەتەوە. لە کن وان، ئامۆژگاریکردن، ئێسکێکە هەر دەیکرۆژن و لێی بێزار نابن.
بەهێزیی بەدکاران لەوەوە هەڵدەقوڵی لە یەکتر دەبوورن، لاوازیی خەڵکی چاک بەرهەمی ئەوەیە لە نێوان خۆیاندا ناکۆکن.
ئەگەر خۆمان نەناسین، چۆن تاریکی و تیشکی خۆر لە یەک جیا بکەینەوە؟
کە بە تیغ، ناوی خوام
لەسەر دڵ هەڵکۆڵی
دڵۆپێ خوێناوی لێ نەهات
لە جێگەی زامەکەی
تیشکی خۆرهەڵقوڵا
زۆر شێواز، هەیە بۆ، خۆکوشتن
یەکێکیان ئەوەیە
لە زەریای ئەڤینی خودادا بخنکێی
پێم وایە
گەر بەهەشت جێیەکی خۆش بووایە
ئادەم و حەوا قەت
فەرمانی خودایان نەدەشکاند
لەگەڵی دەسازان
دەزانم وەک هەر کەسێکی دیکە، بە ڕێککەوت لەدایکبووم، کەچی زوو زوو ئەو ڕاستییەم بیر دەچێتەوە و وا هەڵسوکەوت دەکەم، وەکوو ئەگەر من نەبوومایە، هاوسەنگیی دنیا تێک چووبایە.
کارەسات لەوێوە دەست پێ دەکات کە ئینسان لەدایک دەبێت نەک کە دەمرێت. بۆیە هەقە لە سەروەختی لەدایکبوونیدا شیوەنی بۆ بگێڕین، نەک لە کاتی مردنیدا.
(*) هەژار دێڕەشیعرەکەی کردووە بە کوردی.

