رۆژنامەی ھەولێر

دوای هەڵبژاردن

شێرکۆ حەبیب
بانگەشەی هەڵبژاردن بە کۆتا هات، ئەوەی بە شێوازێکی هێمنانە و سەردەمانە بانگەشەی کرد یا ئەوەی بە هاتوو و هاوار و هاژە هاژە، لە کۆتایی بریار بۆ هاووڵاتییە کێ دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا و پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان گرنگە، بەڵام گرنگتر دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان و ئەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتیان دراوە و شێوازی جێبەجێکردنیان.

ئەوەی گرنگە لێرە ئاماژەی پێبکەین گۆڕینی ئەو عەقلیەتە شۆڤینیەی لای هەندێ لایەنی دەسەڵاتدارە لە بەغدا ماوە، کە دەڕواننە کورد وەک کەمینە و دژی بەرژەوەندییەکانی دەوستنەوە، ئەگەر کوردستیانیان ١٠٠ کورسی بە دەست بێنن لە کۆی سەرجەم کورسیەکانی پەرلەمان عێراق تا ئەو شێوازە بیرکردنەوە لە لایەن ئەو شۆڤینانە هەبێت، و تا دووبەرەکی لە نێوان کورد هەبێت گرنگیەکی ئەو تۆی نابێت، بەڵام ئەگەر کورد بۆ نموونە ٣٠ کورسی بەدەست بێنن و تەبایی و یەکریزی و یەک هەڵوێستی و هاودەنگی هەبێت، کاریگەری زیاتر دەبێت لە ١٠٠ کورسی بێ یەک هەڵوێست و بێ یەک بۆچوون، هەڵبەتە یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و بەتایبەتی لە بەغدا هۆکاری دابینکردنی مافە دەستوورییەکان و زامنی پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی کوردستان و پاراستنی ئەو دەسکەوتانەیە کە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە بەدەست هاتووە، جگە لەوەی بەرپەرچدانەوە و پۆچەڵکردنی پلانی نەیاران و شۆڤینیەکانە، بۆیە گرنگە لایەنە کوردییەکان ئەو گرفت و دوو بەرەکییەی لە کوردستان هەیە نەیبەنە بەغدا، بەڵکو پێویستە لە کوردستانیش کۆتای پێ بێنن، و حکوومەتی هەرێم لەسەر بنەمای ئاکامی هەڵبژاردن و بەرژەوەندی کوردستان دوور لە بەرژەوەندی حزبی و کەسایەتی تەسک پێک بێنن، بۆ ئەوەی رێگا لە هەموو پلانێک بگرن.
دەبێ هەموو لایەک ئەوە بزانن کەوا هەندێ لایەنی دژ بە کورد پشتوانی ئەم لایان و ئەو لایانی کوردی دەکات تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیانە و بۆ لاوازکردنی یەکڕیزی کوردە، و دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە. لەو باوەڕە دان کە دەتوانن پارتی بێ هێز بکەن، کە ئەمەش خەون و خەیاڵە بۆیان بێتە دەی، بۆیە گرنگە لە بەغدا یەک هەڵوێست و یەک بۆچوون بن بۆ ئەوەی پلانی نەیاران پوچەڵ بکەنەوە.