رۆژنامەی ھەولێر

ستایشەشیعر

حەمەسەعید حەسەن
ئەگەر بخوازین شیعری جوان بنووسین، نابێت هانا بۆ دوو جۆر وشە ببەین: میللی و عیلمی. مەبەست لە میللی: بازاڕی و نزم و ناشیرینە، (عیلم)یش لەگەڵ شیعردا ناگونجێت، هەرگیز ڕستەیەکی شیعری سەرنجی ڕانەکیشاوم، وشەیەکی عیلمیی تێدا بووبێت، وەک چۆن وشەیەکی ناشیرین شیعرێکی جوان دەشێوێنێت، وشەی زانستییش هەمان ڕۆڵی نێگەتیڤ دەبینێت. ئەگەر بەرهەمێکی ئەدەبی، جوێن و هەڕەشەی تێدابوو، لە هەستی ناسک و سۆزی گەرم بێبەش بوو، کە کرۆک و ڕووحی شیعر پێک دەهێنن، ئەگەر کەم و زۆر وەک لیریک خۆی نمایش نەکرد، ڕەنگە دەقێکی باڵا بێت، بەڵام شیعر نییە، ئاخر شیعر پەیامی شاعیرێکی عاشقە.

غەریبی: نەخۆشییەکی جەستەیی، یان دەروونی نییە، بەڵام لە هەموو نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان دژوارترە. ئەوە پێناسەی (ئۆگست ستریندبێری)یە بۆ غەریبی کە دەردێکە تووشی شاعیرانی گەورە دەبێت و (موتەننەبی)یش (915 – 965) وەک هەر شاعیرێکی مەزن گیرۆدەی ئەو نەخۆشییە کە زادەی جیاوازیی ئاستی ڕۆشنبیریی تاکی هۆشیار و خەڵکە، هاتووە. ئەگەر موتەننەبی لوتفی نەفەرمووبا و شیعری بۆ سەیفی دەولەی حەمدانی نەگوتبا، کەس ناوی ئەو فەرمانڕەوایەی لەبیر نەدەما. مایاکۆڤیسکی شیعری بۆ لینین گوتووە، لینین بەرگەی زەمان ناگرێت، بەڵام مایاکۆڤیسکی بە نەمریی دەمێنێتەوە. سیاسەتبازان بەو ڕاستییەیان زانیوە، بۆیە ناوبەناو ئامبازی ئەم یان ئەو شاعیر دەبن، بەو ئومێدەی بە داشۆرینەشیعرێک بەسەر بکرێنەوە و نەمریی مسۆگەر بکەن.

بەشێک لە دڵداران کەسانی گێلن، بەتایبەتی ئەوانەی بە زەبری دڵداری شێت دەبن و دەدەنە دەشت و کێو. موتەننەبی دەڵێت: (خۆشەویستی چالاکیی دەروونێکی پووچە، هیچ کەژاوەیەک ژنێکی وای تێدا نییە، شیاوی ئەوەبێت، لە پێناویدا خۆم بە کوشت بدەم.) ئەو شاعیرە بلیمەتە، ویستبای دەیتوانی لە هەر شارێک ژنێکی هەبا، (ئاخر ژن، هێندەی شەیدای زیرەکی و کەسایەتیی بەهێزی پیاو دەبێت، نیو هێندە، عاشقی باڵای بەرز و سیمای گەشی نابێت. ئێستایش ژن، ئەوەندەی شیعری جوان و شکۆی پیاو سەرسامی دەکەن، سامان و پلەی باڵای حیزبی، نیو هێندە سەرنجی ڕاناکیشن. کام ژن زۆر جوانە، لەبەردەم شیعرێکی ئەڤینداریی جوانی شاعیرێکی گەورەدا، لاوازە.) ئەوە بۆچوونی لەمیعە عەباس عەمارەیە کە خاتوونەشاعیرێکی عێراقییە.

عیشق ئەوەندە سەرنجڕاکیشە، ژن ئەوەندە جوانە، شاعیری بلیمەت بەبێ هەبوونی چیرۆکێکی ئەڤینداری، دەتوانێت جوانترین شیعری دڵداری بنووسێت، شیعرێک تێیدا هەست بە گەرمیی کڵپەی سۆزی عاشق بکەین. موتەننەبی کە شیعری ستایشی دەنووسی، لە ژێیەکی ناسکی سۆزیشی دەدا، ئاخر بە ئەڤین دەستی پێ دەکرد. ئەو هێندە وەستایانە، مانای لە وشەدا جێ دەکردەوە و هێندە لێزانانە وشەکانی پێکەوە دەگونجاند، دەتگوت زێڕنگەرێکی دەستڕەنگینە و بە مرواری، زێڕ دەنەخشێنێت.

لەو کەسانە نەبووم ئەڤین
ئاسان زەفەریان لێ دێنێ
بەڵام ناچارە عاشق بێ
ئەوی چاوی تۆ ببینێ

شاعیران هەر ستایش ناکەن، هەجوویش دەکەن، ئەو کاتەی پەیامبەر مەککەی جێ هێشتبوو، گەلێک شاعیری مەککەنشین هەجوویان کردبوو، کە بە سەرکەوتوویی گەڕایەوە، بە مەرگ سزای دان. تەنیا کەعبی کوڕی زوهێر لەو سزایە خۆی قوتار کرد، ئاخر ئەو زوو فریای خۆی کەوت، بە شیعرێک پەسنی پەیامبەری دا و داوای لێبوردنی کرد، ئەویش لێی خۆشبوو. لەوە بە دواوە، سزادانی شاعیری هەجووکار بە مەرگ، لەنێو عەرەبدا وەک کولتووری لێ هات.

شیعری ستایش، نەک هەر هیچ مەترسییەکی نییە بۆ سەر ژیانی شاعیر، بەڵکوو زۆر جار بژێویشی بۆ دابین دەکات. موتەننەبی لەڕێی شیعری ستایشەوە، بیروڕای خۆی دەردەبڕی، باسی لە فەلسەفەی ژیان دەکرد، پاشخانی ڕۆشنبیری و توانای زمانەوانیی خۆیشی پیشان دەدا. شیعرەکانی هەر ستایش نەبوون و هیچی تر، (ئاخر ستایش لە دوو وشەدا چڕ دەبێتەوە: ئازایەتی و بەخشندەیی، بەڵکوو هەرچەندە بە ڕووکەش پەسنی کەسێکی دەدا، بەڵام وەکوو کرۆک خۆی قارەمانی نێو شیعرەکە بوو، چونکە هەموو بلیمەتیی خۆی، لە شیعرەکەیدا جێ دەکردەوە، شیعرەکەی دەخوێندەوە یان دەژنەفت، سەری لە بلیمەتیی شاعیرەکەی سووڕ دەما، خەیاڵی لای بەخشندەیی و ئازایەتیی کەسی پێداهەڵگوتراو نەدەما.

ئەو سەروەختە، ئەوە دەگمەن بوو، شاعیرێک ستایش نەکات، ئاخر بێ ستایش، نە دەیتوانی بژی، نە ناوبانگی پەیدا دەکرد، با خاوەنی بەهرەیەکی مەزنیش بووایە. بەهرە بە تەنیا، سکی برسیی شاعیری تێر نەدەکرد و ستایشکردنی دەسەڵاتدارانیش خەوش نەبوو. کە شاعیر باسی لە بەخشندەیی و ئازایەتیی فەرمانڕەوایان دەکرد، کەسیان ناڕەزایییان دەرنەدەبڕی، هەرچەندە زۆربەیان نە ئازا بوون، نە بەخشندە! شاعیرێکی کوردی ڕۆژهەڵات، دوای هەرەسی شا، لە ئێران هەڵاتبوو، ڕۆژێکیان هاتە لقی نووسەرانی سلێمانی، چونکە لە ئۆرگانی بەعسدا، دیمانەیەکی لەگەڵ کرابوو، تێیدا پەسنی سەددامی دابوو، پێمان گوت: ستایشکردنی سەرۆکی وڵات، کارێکی شیاو نییە، گوتی: لای ئێمە ئاسایییە و شیعرم لە ستایشکردنی شای ئێرانیشدا نووسیوە. شاعیرەکە ناوی ئەقدەسی بوو، لەوە بەولاوە لای ئێمە ناوی وەک هەقدەسی ڕۆیشت، ئاخر بێ وەرگرتنی هەقدەست، ستایشەشیعری نەدەنووسی.
*
. (١) جمال جمعة، دیوان الزنادقة، ص 24 و 25 منشورات الجمل 2007 بغداد
. (٢) لمیعة عباس عمارة، المتنبی والحب