رۆژنامەی ھەولێر

با شایەتییەك بۆ عەلی باپیر بدەین!

كاوە میران
عەلی باپیر لە كۆبوونەوەیەكی لایەنگرانی حیزبەكەی، قسەی زۆری كرد بەخەیاڵی خۆی بوێرە و ڕاستگۆیە و تەنانەت شایەتیشی هەیە،تۆ لەوە گەڕێ كە نەیگوت كامە سەردان و ساڵی چەند و كێی لەگەڵ بووە؟ كوردیش دەڵێت: لەو جێگەیە خۆت هەڵبنێ كە شایەتی لێ نییە. بەڵام زۆری گوت، ڕاستگۆم، كەچی هەر شەرمیشی نەكرد گوتی: ئێمە شەڕی كورد كوژیمان نەكردووە، ئەو قسەیە وەك دەڵێن: درۆیەكە لە عیاری قورس. یانی درۆی ئاسایی نییە! ئەوە كێ بوو لەشەڕی ناوخۆ و براكوژیدا، چەندین فیشەك بە شەرواڵەكەیەوە بوو؟ ئەوە كێ بوو تەنانەت لەگەڵ هاوخەباتە ئیسلامییەكانیشیدا ڕێكنەدەكەوت و لەو خورماڵە پێشمەرگەی یەكتریان كوشت؟ئەوە كێ بوو فەتوای كافربوونی حیزبە غەیرە ئیسلامییەكانی دەركرد و، خوێنیانی حەڵاڵكرد؟ ئەوە كێ بوو ساڵی ١٩٩٢چوونە پەرلەمانی حەرامكرد و، گوتی: چوونە پەرلەمان كوفرە؟
ڕاستییەكەی نازانم لەكوێوە دەست پێبكەم و لەكوێدا كۆتایی پێ بهێنم، نازانم شاهیدی كامە هەڵوێستت بۆ بدەم؟ تۆ لە وتارەكەدا گوتت ئیشمان بۆ وڵاتانی دراوسێ نەكردووە، ئەی كۆماری ئیسلامی ئێران دەزگای خێرخوازییە وا بە شاهیدی كاكە حەمەی حاجی مەحمود پارەی مەسروفی هەڵبژاردنەكانی خستووەتە تەنكەی گیرفانتەوە؟ ئیشكردن چۆنە و چۆن نییە؟ ئەگەر ئیشت نەكردووە چۆن كرێكەی وەردەگریت؟
ئەگەر ئەوەندە لەخەمی یەكڕیزی كورددا بوویت، بۆچی یەكڕیزی حیزبەكەی خۆت تێكدا و، كۆدەتات لە مامۆستاكانی هەڵەبجە كرد؟ بەپارەی كێ ئەو كودەتایەت كرد؟ كێ دەستیهێنا بەسەرتدا و هانی دایت؟ لەهەموویشی گرنگتر، كێ مافی بەتۆداوە خەڵكی كافر بكەیت؟ زۆر وتن قورئان خۆشە و، ئەگەر بیەوێت زیاتر خەڵك بخەڵەتێنێت، وەڵامی توندتر وەردەگرێت